مستەفا محەمەد

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە

  2018-05-02 14:08      350 جار بینراوە        کۆمێنت

سیاسەتی ڕۆشنی نوێنەرانی کورد لەپەرلەمانی عیراقدا داڕشتنەوەی ڕایەڵەیەکی تەندروستە بەپێوانەی ماددە دەستوورییەکان لەنێوان هەولێرو بەغدادا تا دەستەبەری تەواوی مافەکانی بۆ بکاو شکۆی شایستەی خۆی وەرگرێتەوە ، کە لەئێستادا لەق بووە، نەک لەئێستەوە بەمەرامی بنکۆڵکردنی ئەم حزب و ئەو تەڕەف زمانیان شیرین و خۆش بکەن بەگفتی ژێربەژێری خزمەت بە ڕێچکەو مەبدەئی عەرەبی شۆڤێنی لەپەیڕەوکردنی مەبدەئی زۆرینەدا.
نوێنەری خەمخۆر لەدەسپێکی کارەکانیدا هەوڵی بەهەند سەیرکردنی پارێزەریی یاسایی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەداو کار بۆ گێڕانەوەو وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی و سەلماندنی کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە دەکات، نەک بەدوور لەڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لەئێستاوە بیریان لای پێکهاتن و سازان بێ لەگەڵ هاوپەیمانی هیلالی شیعیدا. هەروەها لیست و کیانی کوردی پێویستە شەڕی دارایی و نان و ماف و ئازادی هاتوچۆ لەدەرەوەو ناوەی عیراق بۆ هاووڵاتیانی کوردستان لەبەغداوە مسۆگەر بکاو دەستەبەری هەلی کارو کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لەڕێگەی پڕۆژەیاساوە بۆ بسازێنێ، نەک لەپێناوی سودبینین لەشەپۆلی ناڕەزایەتیەکاندا تا ئەوپەڕی سنوور، هەوڵی بێ ئومێدی و تانەی پڕ لەقین و تەشویهی حوکمڕانی خۆماڵی بکەنە دەسکەلای کۆکردنەوەی دەنگ، یا لانیکەم هەڵبژاردنیان لەلایەن خەڵکەوە ببێتە بنەمای چنینەوەی دەسکەوتی نەتەوەیی و دابەشکاری مەهام و ئەرکەکان بەپێی تەوافوقی سیاسی تا دوای قۆناغی گواستنەوەش بۆ حوکمێکی تەواو دیموکراسی، مافی کورد وەک نەتەوەی دووەم و کەمە نەتەوەکانی تر پارێزراوبێ، نەک لەئێستەوە بەغروریەتی بانگەشە لەوپەڕی مەودای ناحەزییەوە دەهۆڵی کۆتایی حزبەکانی دوێنێ لێ بدەی کە لەگەڵ بوونی ناتەواویشدا بێ شومار دەنگدەرو لایەنگرو هەواداریان هەیەو پێچەوانەی زۆرێک لەو لیستە تازە هەڵتۆقیوانە مەڵۆیەک لەدەسکەوتی گەورەیان بۆ کورد چنیوەتەوە.
لەڕاستیشدا بزووتنەوەی تازەو بابەتیی لەهەر وڵاتێکی کراوەدا، بەرنامەو پلان و پڕۆژەی کاری خۆی هەیە کە لەهی پێش خۆی جودایەو بۆهەر سێکتەرێک قسەی خۆی هەیە، نەک بەهەڵکوتانە سەر ئەوانی دی و لەسەر جەستەی لایەنی تر گەشەیەکی ناتەندروست بەقەوارەکەی خۆی بدا، بەنموونە لەپشتگیری لەگەنجان و لاوان و خوێندکاراندا بەگۆڕینی میتۆدو سیستمی خوێندن پەرە بەتواناکانیان دەداو لەبونیادنانی ئاییندەی کاری دەوڵەتداریدا وەک سەرمایەیەکی مرۆیی گرنگ و پڕ بایەخ زۆرینەی تواناکانیان وەگەڕ دەخا، ئەمەیە بەرنامەی کاری کیانی سیاسی نوێ نەک لەبانگەشەی سێ چوار ڕۆژەی هەڵبژاردندا درۆنگی و هەڵاوێردن وڕەتکردنەوەو تانەو تەشەر بکاتە دروشمی هەرە بەهێزی تیژکردن و توندئاژۆیی چین و توێژو هەوادارو لایەنگرانی و نیگەرانی و بێزارییەکان بگەیەننە ترۆپک.
حەقیقەت ئەوەی لەم بانگەشەیەدا هەستی پێدەکرێ هەندێ لەو قەوارە سیاسیانەی کوردستان، هەموو یاساو ڕێساکانی بانگەشەشیان تێپەڕاندووەو سیاسەت و ستراتیژی نەتەوەییان تەواو وونەو پەرتەوازەیی و جەدەلێکی لێڵ و ناواقعی بۆ گەڕی چوارەمی پەرلەمانی عیراق لای شەقامی کوردی هێناوەتە بوون، لەکاتێکدا زانراوە زیاتر لەهەر خولێکی تر کورد پێویستی بەڕوئیایەکی بەهێزی یەکبوون و یەک تیمی و یەک ئاراستەیی هەیە کە دەبێ لەکارو کاردانەوەکانی لیست و قەوارەکانیشدا ئەم تێزە ڕەنگبداتەوە.
چونکە نماییندەکانیان لە پێشی پێشەوەدا هەمدیس بەرپرسیارێتی ئەم وێستگەیەی دانوستان و کێشمەکێشمی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستانیان لەگەردنەو پەیامبەرو هەڵگری ئەو بەیداخەش هەر ئەوانن و بەوپەڕی لەخۆبردووییشەوە لەکاری پەرلەمانیاندا ئەرکیانە ئیدارەی ململانێکانی پێ بدەن، دواجار هاوشان لەگەڵ بڕگەو ماددە دەستوورییەکاندا هەر هەموویان وەک یەک تیم و یەک گروپ دەبێ دژی پێکهاتنی حکومەتی زۆرینە لەعیراقدا بوەستنەوە، کەبۆ ئەمەش کەرەستەو هەنگاوی دەستوری زۆریان لەبەردەستە لەوانەش ئەکتیڤکردنی ئەنجومەنی دادوەریی، چونکە لەم ئەنجومەنەدا نوێنەری هەموو هەرێمەکان تیایدا ئەندام دەبن و بێ بڕیاری دەستەجەمعی دەتوانرێ ڕێگرو بەربەست دابنرێ لەتێپەڕاندنی یاساکان بەمەبدەئی کەمینەو زۆرینەو لادانی چانسی تاکڕەویی لەدەسەڵاتدا.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە






















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      445 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      480 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      438 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو