دوێنێ كوردستان سەرانسەر، بەخوێندنەوەی هەمەلایەنەی دۆخەكەو چارەنوسسازی هەڵبژاردنەكە، دەنگدەران متمانەیان بەخشیەوە بە یەكێتی، وەك هێزێكی سیاسی و جەماوەری تاقیكراوەو خاوەن پێگەی كوردستانیو عیراقیو ناوچەیی، خستیانەوە بەردەم ئەركێكی سەخت، كە هەر لە هێزی وەك یەكێتی چاوەڕوان دەكرێ ڕابپەڕێنرێ.
ئەنجامی دەنگەكان، لە پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا، كە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی تر، بانگەشەكردنو پرۆسەی دەنگدانەكەی نوێو باشتر بوو، بەجۆرێك پێش دەنگدان لیستە ركابەرەكانی یەكێتی بە خەڵكیان دەوت «ئەمجارە پرۆسەكە بەجۆرێكە كەس ناتوانێ تەزویر بكاتو چاودێریتان بكات»، دەریخست ئاستی هۆشیاری دەنگدەرانو بەشداریكردنیان لە پرۆسەی دیموكراسیدا زیاتر گەشەی كردووە.
یەكێتی؛ سەرباری جیابوونەوەی لیستی ترو فشارو هەڵمەتی رێكخراوی پڕوپاگەندەو چەواشەكاریو شەڕێكی دەروونی سەخت لەگەڵ جەماوەرەكەی، توانی بانگەشەیەكی هێمنانەو شارستانیانە بكاتو لە پرۆسەی دەنگدانیشدا نموونەیەكی ناوازەی لە پابەندبوون بە یاساكانی كۆمسیۆنو پرەنسیپەكانی دیموكراسی پێشكەش بكات.
ئەم سەركەوتنە گەورەیە، كە رۆحی مام جەلال و شەهیدان و تێكۆشەرانی شاد كردو دڵی جەماوەری هەمیشە بەپێوەوەستاوی یەكێتی خۆشكرد، یەكێتی دەخاتەوە بەردەم ئەركی سەختو قورس، وەك مام جەلال هەمیشە دەیوت «نابێ لەسەر گوڵی سەركەوتن خەومان لێبكەوێ».
پێویستە یەكێتی زوو وەڵامی وەفاداریو متمانەی جەماوەر بداتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆو ژیانی حزبی خۆی رێكبخاتەوەو كۆنگرەیەكی سەركەوتوو گرێ بدات، كێشەو كەموكوڕییەكانی چارەسەر بكاتو خۆی بۆ سەركەوتنی گەورەتر ئامادە بكاتو باڵانسی هێز لە هەرێم بخاتەوە شوێنی خۆی.
لە ئاستی عیراقیش، یەكێتی سەرمایەو بنەمایەكی گرنگی خەباتی هەیە لە بەغدا، ئەزموونو فەلسەفەی سیاسی مام جەلال، بوژانەوەی دیدگای مام جەلال بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراقو چارەنوسی كوردستان لە چوارچێوەی عیراقو ناوچە دابڕێنراوەكانو بەهێزكردنی فیدرالیو سازانی سیاسیو پێكەوەژیان، لە ئاستی كوردستانیش راستكردنەوەی باڵانسی هێزو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە حوكمڕانیو بڕیارە سیاسیەكان، بەگژاچونەوەی گەندەڵیو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاترو باشتركردنی گوزەرانی خەڵك، ئەركی لەپێشینەی یەكێتی-یە.
گەلی كوردستان شریتی رووداوەكان، نەهامەتیو دەردەسەرییەكان، قۆناغی بێ مام جەلال و غەدركردنیان لە یەكێتی-یان هێنایەوە بەرچاو، هاووڵاتیان ویژدانی زیندوویان خستەوەگەڕو گەیشتن بەو بڕیارەی كە یەكێتی بۆ چارەنوسی كوردستان زۆر گرنگە، یەكێتی وەك پێویستییەكی مێژوویی دەمێنێتەوەو گەشەدەكات. ئەنجامەكانیش سەلماندیان گەلی كوردستان، گەلێكی وەفادارو بەئەمەكە، هۆشیارە لەبڕیاردانو ڕاسپاردنی نوێنەرانی بۆ بەدیهێنانی مافەكانی، بۆیە دەنگەكانیان بەخشییەوە بە یەكێتیەكەی خۆیان.