مستەفا محەمەد

رەوشی كەركوك و گەڕانەوەی پێشمەرگە

  2018-07-04 12:55      313 جار بینراوە        کۆمێنت

بەدیاریكراوی دوای هەڵبژاردنەكانی مایس و یەكلایی بوونەوەی نیوەی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك بۆ لایەنێكی كوردیی لەكاتێكدا كەهیچ دەسەڵاتێكی ئیداری و ئەمنیشی بەدەستەوە نەبوو، ترس و دڵەڕاوكێ و شڵەژانێكی نائومێدانە ناوچە كێشە لەسەرەكانی تەنیوە، هاوتەریب لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ناڕوونی وێنەی ئایندەی پێكهاتن و لەدایكبوونی حكومەتی نوێی عیراق، بەگشتیی دۆخی ئەمنیش رووەو نەفەقێكی مەترسیدا دەچێ، چەكدارانی داعش و پاشماوەكانیان ئەم فاكتەرانەیان قۆستۆتەوەو رۆژانە لەگوندەكانی باشووری كەركوك و داقوق وحەویجەو رەشاد تەراتێن دەكەن و بەڕۆژی رووناك بەبەرچاوی هێزە ناوخۆو سەربازییەكانی عیراقەوە، هاووڵاتی و كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكان دەڕفێنن و مامەڵە بەژیانیانەوە دەكەن.
لەلایەكی دیكەشەوە تەقینەوەو كوشتنی كۆمەڵیش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردۆتەوەو لۆدێكی پڕ لەئاڵۆزی و بەریەككەوتن بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە هاتۆتە پێش ئەگەرچی داعش ئەمجارە چاوی بڕیوەتە پارێزگا شیعە نشینەكان تا چنگی خۆی لێ گیربكاو بیكاتە ناوەندی چالاكییە تیرۆریستییەكانی، بەڵام خراپتر لەوەش لەكەركوك و ناوچەكانی تری هاوشێوەی، پیلانێكی ڕێكخراوی ئیقلیمی بۆ تێكدانی ڕەوشەكەو دروستكردنی ناسەقامگیری و ئاوارەكردنی دانیشتووانە رەسەنەكەی جێبەجێ دەكرێ. ئەوەی جێی نیگەرانیشە لایەنە سیاسییە كوردی و عیراقییەكان، لەجیاتی بەهەند وەرگرتنی ئەو مەترسییانە، خەریكی حەشرو حیسابی دەنگ و كورسین و بەرژەوەندییەكانیان پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان رێ دەكا.
كەواتە لەفەجوەیەكی ئەمنی وەهادا هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە زەرەرمەندی سەرەكین و ئاگری شەڕێكی گەورەی تائیفی و نەخشەڕێگایەكی شۆڤێنستانەی پاكتاوكردنی نەتەوەیی بەرۆكی گرتوون، دەرەنجامەكەشی بەزیانی هەمووان تەواودەبێ و تەڕو وشك بەیەكەوە دەسوتێنێ. هەربۆیە گرەنتی پاراستنی ژیان و سەرو ماڵ و بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانیان ئۆباڵەكەی بەدەرەجەی یەك لەئەستۆی لایەنە كوردییەكان و لەپێشیشیانەوە خەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كەئەمجارەش هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەنگیان بۆ داوە تا بەرپرسیارێتی ئەم گەڕی سیاسیی و خزمەتگوزارییە بەپێی یاسا رێكبخاتەوە.
بۆ دەوای ئەم دەردە سامناكە لەقۆناغی یەكەمدا ئیجاب دەكا سەركردایەتی سیاسی هەرێم بەهەر رێگەیەك بێ پێداگربێ لەسەر ئەوەی پێشمەرگەو هێزە ناوخۆكانی ئەو شارە بگەڕێننەوە ناوچەكانیان، تا ڕێَگە خۆش بكرێ بەپلانێكی تۆكمەی ئەمنییەوە حزوری بەهێزی خۆیان لەو ناوچانە بچەسپێنن. لەسەرەتای ئەم وێستگەیەشدا مایەی خۆشحاڵییە كە یەكێتیی نیشتمانی وەك تاكە هێزی جێی بڕوای هاووڵاتیانی كەركوك بەموبارەكەو پشتیوانی ئەمریكاو هێزە هاوپەیمانەكانی سەرقاڵی ئەو پلانەیەو دەیەوێ سەرجەم ئاستەنگە سیاسیی و ئەمنی و سەربازییە نەخوازراوەكانی شارەكە تێپەڕێنێ، تا بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عیراق و لەژێر چەتری یاسایی و دەستووریدا ئیدارەی ئەو ناوچانە بخاتەوە سەر شاڕێگەی خۆی و پشێویی ئەمنی كەمبكاتەوە.
لەقۆناغی دووەمیشدا ئەوەی گرنگە كۆدەنگی لایەنە كوردییەكانە بۆ دروستكردنی فشارێكی كاریگەر بۆ وەرگرتنەوەی پۆستە گرنگەكانی كەركوك و ناوچەكانی تر، تا بەڕوئیاو بەرنامەی پلانی بەڕێوەبردنێكی شارنشینی و دەوڵەتداریی مەدەنی وەڵامی پیلانگێڕی و مەرامی لایەنە سیاسییە عەرەبی و توركمانەكانی پێ بدەنەوە.
خۆ ئەگەر ئەوە نەكرێ، بەدڵنیاییەوە لەئاییندەدا دەبێ چاوەڕێی لێشاوێكی گەورەی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بین، ئەوساش بەرپرسانی ئیداریی كەدەستیان بەسەر جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتدا گرتووە، بەهاریكاری ڕاستەوخۆی حەشدو هێزە میلشیاكانی تری عیراق دەستیان كراوەتر دەبێ بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی گڵاوو شاڵاوێكی گەورەی بەعەرەبكردن و گۆڕینی باری دیمۆگرافی ناوچە كوردنشینەكان، ئەوسا ئەوەی ماویشە بەئاسانی لەدەست دەچێ و فاتیحا بۆ ڕەهەندە زیندووەكانی كوردستانی بوونی ئەو ناوچانە فەڕزی عەین دەبێ.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە





















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      445 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      480 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      439 جار بینراوە

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە‬ مستەفا محەمەد
2018-05-02 14:08      350 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو