مستەفا محەمەد

هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرەو کوێ؟

  2018-08-08 12:43      346 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرباری جەختکردنەوەی لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30 سێپتێمبەردا، بەڵام لەئێستادا ئەگەری دواخستنی بۆتە باسێکی گەرم و میدیاو شەقامیشی پێوە سەرقاڵە، بەڕەچاوکردنی دۆخەکەو خوێندنەوەیەک بۆ هەڵوێستی لایەنەکان دەتوانین بگەیەنە ڕاستی ئەو گریمانەیەی کە بەفەرمی هیچ لایەنێک خۆی وەک داخوازیکارو خاوەنداری ئەو پرسە نەناساندووە، بەڵام پێدەچێ لەو وادەیەدا ئەم هەڵبژاردنە نەکرێ و هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکاندا ئەنجامبدرێ .
بەهێزی ئەو بۆچوونەش لەو چەند خاڵەدا شرۆڤە دەکەین :
* تا ئەم ساتەش دوا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕانەگەیەنراوە ، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عیراق چەقی بەستووە، لایەنەکان نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆسازانێکی هیوابەخش ، شەقامی عیراقی ناڕازییە لەتێکچونی دۆخی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاریی و ئیداریی، بۆ هەندێ حزبی سیاسی کوردیش ئەنجامەکان هەزم نەکراون و دڵخۆشکەر نین، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەهەڵبژاردنی ئایندەدا کاریگەری دەبێ لەبارەی ڕۆڵ و بەشدارییەکی ئەکتیڤانەیان و ئەگەری بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی لای هەندێ لایەنی ناڕازی هێشتا بژاردەیەکی کراوەیە.
٭دەوڵەتانی ئیقلیمی و هاوپەیمانانیش لەپێشی هەمووشیانەوە ئەمریکا، کەیسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق بەلایانەوە گرنگترین بابەتی ئێستایەو نەشیانشاردۆتەوە کە دەیانەوەی لەزووترین کاتدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنرێ و پڕۆسەی سیاسی عیراق پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێ و کوتلەکانیش بگەنە ڕێککەوتنێکی مەبدەئی ، تا ئەوەش ڕوونەدا ناکرێ دەست ببرێ بۆ هەڵبژاردنێکی تر و کاتەکەش لەبارنیە بۆ ئەنجامدانی ، ئەم ئاماژەیەش جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە و دەیسەلمێنێ کە هەلومەرجە ئیقلیمیەکە هاریکار نابێ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی لەم چەشنە.
٭ هەر هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێ، پێویستی بە کەشێکی گونجاو، زەمینەسازیەکی پێشوەختەی لایەنە سیاسیەکان هەیە تا بەهەموو لایەک پڕۆسەکە بەبێ گرفت ئەنجام بدرێ ، لەڕاستیدا ئەو یەک دەنگی و کۆڕایە، ئەو ئامادەسازی و لەیەکترنزیکبوونەوەیە تا هەنووکە لەدایک نەبووە، هەربۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەزەمەنی دردۆنگی و دژیەکی لایەنەکان و ئامادەنەبوونیان بۆ کۆبوونەوەو لێکتێگەیشتنی هاوبەش، هەڵبژاردنیش نەتیجەیەکی باش ناداتە دەست و بۆ ئاییندەی سیاسی هەرێمیش گران دەوەستێتەوە.
٭لەڕاستیدا هیچ کام لەحزبەکانی کوردستان نایانەوێ بچنە ژێر باری ئەوەی کوردستان بکەوێتە بۆشاییەکی پەرلەمانیەوە ،چونکە ماوەی پەرلەمان قابیلیەتی درێژکردنەوەی نیە، لەلایەکی تریشەوە لەترسی کاردانەوەی بنکەی جەماوەریی و بێ هیوابوونی لایەنگرانیان هیچ لایەنێک نایەوێ ئەو موبادەرەیە بێنێتە بەرباس و بەپۆژەی خۆی ناوزەدی بکا ، دەنا وەک بۆچونی بنەڕەتی هەست بەوە دەکرێ حەزێکی گشتی هەبێ بۆدواخستنی، هۆکارەکەشی ڕوونە کە قاعیدەی جەماوەریی زۆرێک لەو حزبانە شڵەژاوە ، لایەنگرانیان پەرت بوون و چەند جەمسەریش لەنێویاندا سەری هەڵداوە، وە ئاسۆی ڕوانینی زۆرێکیشیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ناڕۆشنە و لەڕووی تەکنیک و تەکتیک و پڕۆگرام و نەخشەڕێی چونە ناو هەڵبژاردنی ئاییندەشەوە دیراسەی تەواو نەکراوە.
٭دوور لەقسەی عمومیات و درووشمبازی، نالۆژیکیە لەماوەیەکی کورتدا دوو هەڵبژاردن بەکاتی جیاجیای نزیک لەیەکترەوە ئەنجامبدرێ ، لەکاتێکدا هەموو لایەک دەزانن نەکۆمسیۆن ئامادەی ئەنجامدانی هەردوکیانی دەبێ، نەچاوەڕێی حزبەکانیش بۆ بەشداری هاووڵاتیان لەچەند هەڵبژاردنێکدا مایەی دڵخۆشییە، چونکە هێشتا دۆخی بانگەشەیەک بەری نەداون تا بەسەر دووەم و سێیەمیشدا بکەون، ئەمەش وادەکات چین و توێژەکان لەم پڕۆسەیەدا بەشدارییەکی ئەوتۆیان نەبێ، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە ئەنجامدانی سێ هەڵبژاردن لەیەک ساڵدا ناچێتە بۆتەی خزمەتی گشتی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمەوە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە بێزارییەکی زۆر بەشەقامی کوردییەوە هەست پێ بکەی و بگەیە ئەو بڕوایەی کە ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیان لەئاستی چاوەڕوانی لایەنەکاندا نابێ، بە دەلیلی ئەوەی دەنگدەرانی ئەم هەرێمە بڕستیان لێ بڕاوەو ناتوانن ببنە گوێگری بانگەشەیەکی دوورو درێژ و سەرقاڵیەکی تاقەت پڕوکێن کە لەکاتی دەوام و ژیان و خوێندن و کار و کەسابەتیاندا بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان کاتیان لێ دەبات.
٭ ئەو تۆمەتانەی کە لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاریی و گزی لە عیراقدا بڵاوکرانەوە، کاریگەریان لەسەر مصداقیەتی کاری ئەو کۆمسیۆنەش دەبێ کە یەکەمین جارە هەڵبژاردن لەکوردستانەوە بەڕێوە دەبا، دوورنیدە ئۆپۆزسیۆنی بێ ستراتیژو هەندێ لایەنی دۆڕاو هەمان تەنگژە نەگوازنەوە ناو کاری ئەودامەزراوەیەش، چونکە پێشوەختەش نوقڵانەی ساختەکاری لێدراوەو دەمی هەندێ لایەنیش بەو تۆمەتانە خۆشکراوەو هەوڵ هەیە بۆ هەڵڕشتنی چەمک و زاراوەی لەو شێوەیە تا پڕۆسەکە ناشیرین بکرێ و جۆرێک لە بێ متمانەیی دەرهەق بەکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بۆ ڕای گشتی دزە بکاتە ناو ڕاگەیاندنەکان .
کەواتە بەتێڕامان لەو بارودۆخە ناجێگیرەو ئەو فاکتەرە بابەتی و هەلومەرجە نەخوازراوە ناوخۆیی و ئیقلیمیانە، دواجار دەکرێ بگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئاماژەکانی دواخستن بەهێزترو واقعیانەترن لە دوانەخستنی، ئەمە بۆچونێکی تایبەتی بەندەیە و پێشم وایە چەند ڕۆژی دادێ وەڵامی ئەو گریمانەیەشمان باشتر بۆ ڕوون دەبێتەوە.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە





















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      445 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      480 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      438 جار بینراوە

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە‬ مستەفا محەمەد
2018-05-02 14:08      349 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو