مستەفا محەمەد

ستراتیژی پەرێزپاکان و باشترین بژاردە

  2018-08-15 12:15      318 جار بینراوە        کۆمێنت

سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێپەڕی و دوای کێشمەکێش و بێنەو بەردەیەکی زۆر درەنگانی شەوی پێنجشەمەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق دوا ئەنجامەکانی بژاردنەوەی دەستی ڕاگەیاند، هەروەک پێشبینیشمان کردو لەڕابردووشدا وتمان، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەدوا ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی بە بەراود لەگەڵ ژماردنە ئەلیکترۆنیەکە ڕووینەدا.
ئەوەی لەدوای نەتیجەکەوە چاوەڕوان کراوبوو، ورتەو پرتەی ناڕەزایی هێزو قەوارە دۆڕاوەکان بوو، ئەگەرچی لاشیان ڕوون بوو کە ئەنجامەکان ڕاستین، بەڵام شکست و لەکورتدانی متمانەیان لای دەنگدەری ئەم هەرێمە پێ قبوڵ نییەو زۆر دەمێکە بڕیاریانداوە هەرچۆنێک بێ شەرعیەتدان بەم هەڵبژاردنە ڕەتبکەنەوە، هۆکارەکەش ڕوونە ئەوان فرچکیان بەبۆڵەبۆڵی سیاسییەوە گرتووەو لەژووری هاوبەشی نێوانیشیان پێشوەختە کەوتونەتە تانە و تەشەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەوەتا لەدوا کۆبوونەوەی سەرانی هەرچوار لایەنەکەش دیارە گەرەکیانە بەدوور لەهەر پڕۆسەیەکی دیموکراسی نەچنە ژێرباری واقیعی دۆڕانەوە، تەنانەت وتەو بەیاننامەکانیشیان دەریدەخا هەر لەزووەوە خۆیان بۆ شکستێکی لەو شێوەیە ئامادەکردووە، لێ دیاریشە تاکە ئامانج کۆیانبکاتەوە دەنگی ناڕەزاییە بۆئەوەی بیکەنە دەسرۆکەی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەکەمێک گەڕانەوە بۆ ڕووداوەکانی ئەم دوو مانگەی پێشوو و سەرنجدانێک لەهەڵوێستی ئەو لایەنانە بۆت دەردەکەوێ کەخاوەنی تەبەننی بیرۆکەیەک بۆ پێشهات و ئامادەبووی هیچ ڕوئیایەک نین بۆ ئاییندەو بەکاڵ و کرچییەوە سیاسەتی ڕۆژ درێژە پێدەدەن، نموونەیەکی زیندووش سەرەتا لە 21ی حوزەیراندا ڕایانگەیاند کەدەستەی دادوەری هەنگاوێکی بوێرانەی هەڵگرتووەو زۆریشیان شان و باڵی ئەو ئەنجومەندا هەڵداو بەپارێزەری دەستوورو سەروەرانی وڵات ناوزەدیان کردن، کەچی ئێستا لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامی بژاردنەوەی دەستیی، لای ئەو لیست و کیانە دۆڕاوانە ئەنجومەنی دادوەری بۆتە ئەهریمەن و بەهاریکاری چەتەو ساختەکارەکان و لایەنگری بۆ لیستە براوەکان تۆمەتباریان دەکەن و دەڵێن ئەنجومەنی دادوەری بەپاڵپشتی هێزی دەرەکی و دەوڵەتانی ئیقلیمی ئەنجامەکانی لەمەوپێشیان پشت ڕاستکردۆتەوە ، بەگوتەی خۆیان گوایە هەر ئەمەشە وایان لێدەکات لەجاران زیاتر سووربن لەسەر هەڵوێستەکانیان و جاڕی بڕیاری بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی لەعیراقدا بدەن و بازاڕی ناڕەزایی لای بەشێکی کەم لە هەوادارانیان پێ خۆش کردووە.
ئەم هەنگاوەی لایەنە دۆڕاوەکان هێندەی تر دەبێتە مایەی بێ ئومێدکردنی شەقام و کاریگەریشی دەبێ بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، بەدڵنیاییشەوە زیانمەندی سەرەکی ئەو کەمی بەشدارییەش هەر ئەو چوار لایەنە خۆیانن، چونکە نەبوونی پڕۆژە و دیسپلین، بەرنامەی بەخۆداچوونەوە، ناڕۆشنی سیاسەتی ئاییندەی ئەو حزب و قەوارانەو قەولی بێ کردەیان وادەکا هاووڵاتیان و دەنگدەرەکانیان زیاتر سارد ببنەوە لەچونیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدانداو هەڵبژاردن بەوەرچەرخانێکی گرنگ لەژیاندا نەبینن.
پرسیارە جدیەکە ئەوەیە چۆن ئەو تەمی تۆمەت و موهاتەراتانە بڕەوێنرێتەوە ؟ بۆ کورد باشترین بژاردە چیە کە بۆ چونە ناو گفتوگۆی لایەنە عیراقیەکان جێبەجێی بکا؟
بەدیدی من پێویستە لیستە براوەکان لەپێش هەمووشیانەوە یەکێتی لەبەردەم دادگا و قەزاوەتی یاساییدا داوای یاسایی لەسەر ئەو لیست و قەوارانە تۆمار بکات، ئەم هەنگاوە وا دەکات متمانەیەک بگەڕێتەوە بۆ پڕۆسە دیموکراسیەکان و لەئاییندەدا بێ بوونی بەڵگە تۆمەتی پوچ نەخرێتە پاڵ هیچ لایەنێکی تر .
هەروەک دیاریشە لە دوای ڕاگەیاندنی دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا جموجۆڵی نەوعی بەخۆیە ببینیوە و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت خێراتر بووە، بۆیە لەدووەم هەنگاویشدا دەبێ یەکێتی وپارتی هیچی تر چاوەڕوانی ئەو چوار لایەنانە نەکەن کە ناویان لەخۆیان ناوە هاوپەیمان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان، چونکە دیارە هیچ ئاکامێکی هیوابەخش بۆ کۆکردنەوەیان لەژێر قوببەی یەک هاوپەیمانی کوردیدا لەئارادا نییە، بەڵکو بەیەکەوە پڕۆژەیەک ئامادە بکەن و بچنە گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە تا لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی وەک دوو گەورەترین لایەنی کوردی براوەی هەڵبژاردنەکانی مایس بەشدار بن لەجێکردنەوەی مافە نەتەوەییەکانمان لەناو پڕۆژەی کاری حکومەتی ئایندەی عیراقدا.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە





















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      444 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      480 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      438 جار بینراوە

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە‬ مستەفا محەمەد
2018-05-02 14:08      349 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو