(1)
كۆتایی هەفتەی ڕابوردوو، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لیستی ناوی كاندیدە دەرچووەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی ڕەوانەی دادگای فیدراڵی كرد، بۆ ئەوەی مۆری پەسەندكردنی لێبدات.
مۆرەكەی دادگای فیدراڵی، بەتەنها پەسەندكردنی ناوی پەرلەمانتارانی عیراق نییە، بەڵكو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و گفتوگۆی لایەنەكان بۆ رێككەوتن، دەخاتە سەر رێچكەی ڕاستەقینەی خۆی و پێدەچێت دوای جەژنیش وردە وردە تابلۆكە باشتر روون ببێتەوە.
جگە لەدۆخی سیاسی عیراق و پەیوەندی لایەنە سەركەوتووەكان، هەژموونی ئەمریكاو ئێران و ئەو پێشهاتە نوێیانەی لەپەیوەندی نێوان وڵاتان بەدیهاتووە، لەوانەیش چڕبوونەوەی فشارە ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و توركیا، كاریگەری بەرچاوی دەبێت، لەسەر پرۆسەكە، ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێی هەژموونی ئێران بەسەر عیراقەوە لاواز بوو بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەك ساڵانی ڕابردوو نابێت.
ئەمریكاش ناتوانێ كاندیدی پەسەندكراوی خۆی بەسەر لایەنەكانی تردا بسەپێنێ، بەتایبەت ئەگەر ئەو كاندیدەیش عەبادی بێت. لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە نییە، كە كاندیدی ئەمریكایەو ڕەتدەكرێتەوە، بەڵكو چوار ساڵی ڕابوردوو، عەبادی نمونەیەكی پیشان نەدا، كە جێی ڕەزامەندی پێكهاتەكانی عیراق بێت. لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە، بەغدای پایتەخت، كە جاران یەكێك بوو لەپایتەختە ڕازاوەكانی ناوچەكە، ئێستا لەژێر زبڵو بێ خزمەتگوزاریدا نگرۆ بووە.
یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكانیش دەركەوتنی كاندیدی نوێیە، كە ڕەنگە پێشبینی نەكراوبێت، كە جێی ڕەزامەندیی ئەمریكاو ئێران و لایەنە جیاوازەكانی عیراق و تاڕادەیەكیش شەقامیش هێور بكاتەوە.
(2)
ئاشكراكردنی ئەنجامی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەكان لەلایەن دادوەرە ڕاسپێردراوەكانەوە، پرۆسەكەی بردە قۆناغێكی ترەوە، هەوڵەكانی لە بەغدا گەرموگوڕتر كردەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش، چوار لایەنە ناڕازییەكە، لەدوا كۆبونەوەیاندا جۆرێك لە خاوبوونەوە لەهەڵوێستەكانیان بەدیدەكرێ.
پێشتریش یەكێتی و پارتی زیاتر لەجارێك رایانگەیاندبوو، كە دەرگایان كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە كوردستانییە ناڕازییەكان، پێدەچێت دوای جەژن سەرەتای باشتر دەربكەوێ لەم پرسەدا.
ئەگەر نییەت بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان بێت، ئەوە پرۆژەی هاوبەش و وەفدی هاوبەشی كوردستانی بۆ گفتوگۆ لەبەغدا، خاڵی سەرەكییە، ئەگەر كێشە سیاسییەكانی كوردستان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق بكرێتە یەك پاكێچ، پرسەكە ئاڵۆز دەبێت و لایەنەكان ناپەرژێنەسەر سەر خۆئامادەكردن بۆ بەغدا.
بەڵام بەبێ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكانی هەرێم، پرسەكە لە بەغداش سەركەوتوو نابێ، ئەزموونەكانی چەند ساڵی ڕابردوو دەریخست، هاوكێشەی ناوخۆی كوردستانو بەغدا لەیەك دابڕاونینو كاریگەریان بەسەر یەكترەوە هەیە.
فەوزای سیاسیو تێكدانی ژینگەی سیاسی كوردستان، خزمەتی گەلی كوردستان ناكات و رێگریش دەبێت لە بەهێزكردنی كوردستان لەچوارچێوەی عیراقێكی فیدراڵی یەكگرتوودا. كوردستانێكی بەهێز بەبێ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدامەزراوەیی كردنی حوكمڕانی بەدینایەت.
یەكێتی و پارتی ڕەشنووسی پرۆژەكانیان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە براوەكانی عیراق ئامادەیە، بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەیەكی كوردستانی و یەكبخرێ، لایەنە ناڕازییەكان دەبێت بزانن، قۆناغی قسەكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن كۆتایێهات، قۆناغە گرنگەكە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردو گەڵالەكردنی پرۆژەی هاوبەشی كوردستانییە.