ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕاستی ئارامی دەوێت لە سوریا، پێویستی بەوەیە سیاسیانە و بە پراکتیک پشتیوانی کوردەکان بکات، نەک تەنها بە چەک.
مانگی ڕابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کە ئامانجی ئەوەیە هێزەکانی لە سووریا بهێڵێتەوە بە مەبەستی پشتیوانی کردنی هێزە کوردییەکان تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئیسلامی بە تەواوی لەناو دەچێت و ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەم پلانە دوورمەودایە گرنگە، بەڵام ئارامی و ئاسایشی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک بەرجەستە دەبێت، کە بە پراکتیک پشتیوانی و لەڕووی سیاسیشەوە ئەو ناوچانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بناسێنێت کە لە لایەن هێزە کوردیەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی کوردەکانی سووریا دەکات، بەڵام جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئەم پەیوەندییە تەنها لەڕووی سەربازییەوەیە. هەر لەو کاتەوەی، کە یەکەم کاروانی چەکی ئەمریکا بۆ شەڕڤانە کوردەکان لە لایەن جەنگاوەرە ئیسلامیەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا لە شارۆچکەی کۆبانێ-ی سووریا لە کۆتایی ٢٠١٤، واشنتن سەرنجی خستەسەر لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی و دوورکەوتنەوە لە بەیاننامە یان کارێک کە وای پیشانبدات واشنتن پاڵپشتی ئۆتۆنۆمی کوردی یان فیدراڵیەتی کوردی دەکات لە سووریا.
ئەمڕۆ، بە سوپاسێکی بێ پایانەوە بۆ گیانفیدایی جەنگاوەرە کوردەکان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، کە ناسراون بە یەپەگە، میلیشیا ئیسلامیەکان کۆنترۆڵی زۆربەی هەرە زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتیان لە دەست داوە، بەو شوێنەشی کە خۆیان بە پایتەختی خۆیانیان دانابوو، ڕەققە. کۆتا شوێنیش، کە بەدەست دەوڵەتی ئیسلامی-یەوە ماوە، لە شارۆچکەی دەیرەزور، ئێستا لە ژێر هێرشی شەڕڤانە کوردەکان و هاوجەنگاوەرەکانیانە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، و بەم نزیکانە ئەویش دەکەوێت.
کوردەکان ئێستا کۆنترۆڵی زیاتر لە یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دەکەن، کە نزیکەی ملیۆن و نیوێک بۆ دوو ملیۆن خەڵک تێیدا دەژی. ئەوان خۆبەڕێوبەری خۆیان دامەزراندووە بۆ بەرێوەبردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان. وەک بەشێک لە دیدگای خۆیان بۆ سووریایەکی لامەرکەزی و یەکگرتوو، دامەزراوەکانیان بە ئاڕاستەی ئەو یاسایانەدا کاردەکەن، کە گەشە بە یەکسانی لە بەشداری ئافرەتان و نوێنەرایەتی کردنی گروپە ئیتنی و ئاینیەکان دەدات.
حکومڕانییەکەیان زەحمەت بووە. بیرۆکراتەکان و ئەوانیتر لە خزمەتی مەدەنی، کە بە گوێرەی ئاماری بەرپرسە کوردەکان ژمارەیان نزیک بە ١٩٠٠٠٠ کەس دەبێت بەدەر لە پۆلیس، زۆرکات ڕاهێنانیان پێناکرێت و ئەزموونیان نییە. لە یەککاتدا شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی و کەمی دابینکردنی دارایش، وایکردووە زەحمەت بێت بۆ کاربەدەستە کوردەکان بتوانن ئەو خزمەتگوزاریە پێویستیانە دابین بکەن، کە ببێتە پشتیوانی زیاتری خەڵکەکە و فەراهەم کردنی ئارامی.
هەرێمە کوردییەکە لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکی تریش بۆتەوە، کە ئەو ئابڵوقەیەیە کە لە لایەن دراوسێکانی و بەشەکانی تری جیهانەوە خراوەتە سەری. تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئەو ناوچەیە داخستووە و تەنانەت بەشێکیشی بە دیواری کۆنکرێتی گرتووە. دەرفەتی بازرگانیکردن لەگەڵ عێراق-ی دراوسێی و بەشەکەی تری سووریا زۆر سنوورداربووە. هاوکاریە نێودەوڵەتیەکانیش، وەک ئەوانەی ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، بەزۆری بۆ کەمپی ئاوارەکان و ناوچە عەرەبیەکانی دەوروبەری ڕەققە یان منبج دەڕوات و ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان پشتگوێ دەخەن. ئەمەش حکومڕانیەکە لاواز و گەشەی ئابوورییان ئیفلیج دەکات.
واشنتن تێڕاماوە لەوەی ئەو ناوچە کۆنترۆلکڕاوە وەک ناوچەیەکی حکومڕانی یاسایی بناسێنێت، بەهۆی ئەوەی یەپەگە و باڵە سیاسیە سەرەکیەکەی، کە (پەیەدە)یە، لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە دروستکراوە، کە گروپێکی کوردی-تورکی یاخیبوون و چەندین دەیەیە دژ بە تورکیا لە شەڕدان. هەردوو تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان پەکەکە-یان لە لیستی تیرۆردا داناوە.
هۆکاری باش هەن، کە ڕەخنەی لە سەرکردە کوردەکان پێ بگریت. پەیەدە و دامەزراوە سیاسی و سەربازیەکانی بەڕێوبردنێکی توند بەسەر باکووری ڕۆژهەڵاتدا جێبەجێ دەکەن. بەڕێوبەرییەکە هەراسانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کردووە، کە هەندێکیان هێشتا لەوێ کار دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، هاوکاریکردنی کوردەکان لە ڕووی سەربازییەوە و پشتگوێ خستنیان لەڕووی سیاسییەوە نابێتە هۆی بونیادنانێکی زیاتری کۆمەڵگەیەکی تۆلێرانسی سیاسی، ناشبێتە پاڵپشی ئارامی. تاکە ڕێگا بۆ دۆزینەوەی بەدیلێک لەمەڕ ئەو بێسەروبەرەیی و دیکتاتۆریەتە داپڵۆسێنەرەی لە بەشەکانی تری سووریا هەیە، بریتییە لە ناساندنی ئەو خۆبەرێوبەریەی کوردەکان ڕابەرایەتی دەکەن و چالاکانە بەشداری پێکردنیان لە ئاستی سیاسیدا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت پشتیوانیەکەی وەک چەکێک بەکاربێنێت بۆ بونیادنانی سیستەمێکی کراوەتر لەو ناوچانەی کوردەکان کۆنترۆڵیان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت بەشداری بە ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانە سەربەخۆکان بکات لە کۆبوونەوە سیاسیەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و داوابکات، کە خۆبەڕێوبەریەکە ئەو یاسایانە هەڵگرێت کە ڕێگری لە چالاکوانان دەکات لەسەر ئاستی گروپ و تاک، تا بەشداری لە ڕێکخراوە سیاسیەکانی سەر بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری بکەن.
لەهەمان کاتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا پێویستە هاوکاری کوردەکانی سووریا بکەن لە کێشە تەکنیکیەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ. پێویستە هاوکاربێت لە ڕاهێنان پێکردنی بیرۆکراتییەکی پرۆفێشناڵ، کە بنەمای کارکردنی لەسەر لێهاتووی و لێوەشاوەیی بێت ، وەک لە گوێرایەڵی پارتەکە.
ناشێت بەشداری سیاسی لە کاتێکی لەمە دژوارتردا بێت. سەرۆک بەشار ئەسەد کۆنترۆڵی زۆربەی بەشەکانی سووریای کردۆتەوە. دەشیەوێت جوڵەی دواتری بەرەو ئیدلیب بێت، کۆتا شوێنە بەدەست یاخیبووەکانەوە مابێت، کە نزیک بە سێ ملیۆن خەڵکی تێدا دەژی. پیلانی هێرشکردنەکەی هەفتەی ڕابردوو هەلپەسێردرا-لایەنی کەم بۆ ئێستا- لەدوای پەیمانێک کە لە نێوان پاڵپشتەکەی، ڕووسیا، و تورکیا، کە پشتیوانی هێزە یاخیبووەکانی کردووە و لە شەپۆلێکی تری پەنابەران دەترسێت،هاتە کایەوە.
کوردەکان، هەرچەندە دڵنیا نین لە نیازی واشنتن، بەڵام بە دڵنیاییانە کاردەکەن. گەرچی یەپەگە ڕەتیکردەوە بەشداری لە پەلاماری سەر ئیدلیب بکات، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هێزێکی کوردی ئامادەکراوە بۆ بەشدایکردن. پەلاماری ڕژێمی سووریا بۆ سەر ئیدلیب هاوکاری کوردەکان دەبێت بەوەی دەبێتە هۆی لاوازکردنی تورکیا، کە ئەم ساڵ چووە ناو هەرێمی عەفرینی کوردەکان و داگیریکرد.
لە غیابی پشتیوانییەکی سیاسیانەی ئەمریکا، کوردەکان هیچ چارەیەکیان نەما جگە لە داواکردن لە ڕووسیا و رژێمی سووریا. لە مانگی حەوت-دا، شاندێک لە خۆبەڕێوبەری کوردییەوە ڕۆیشتە دیمەشق بۆ دەستکردن بە گفتوگۆ دەربارەی ڕێککەوتنی سیاسی. ڕێککەوتنێک، کە سەرگرتنی زەحمەت دەردەکەوێت. داواکاری سەرەکی کوردەکان بۆ سووریایەکی لامەرکەزی، کە مافی کەمینەکان بپارێزێت، شتێک نییە بەڕێز بەشار ئەسەد بیەوێت قبوڵی بکات. نەبوونی ڕێککەوتنێکی سیاسیش هێندەی تر دروست کردنی دامەزراوەی جێگیر بۆ خۆبەرێوبەری کوردی زەحمەت تر دەکات.
ئێستا کاتی ئەوەیە واشنتن بوەستێت لەوەی مامەڵەی کوردەکان، وەک هاوبەشێکی کاریگەری کاتی لە جەنگی جیهادیەکاندا بکات. ئەزموونی کوردەکان لە سووریا، هەرچەندێک ناڕێک بێت، ڕێڕەوێکی باشە بۆ بونیادنانی سەقامگیری لە دوور مەودادا. بە هاوکاری و ناساندنیان، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت بەشێک لە سووریا بپارێزێت، ئەو پاڵپشتییە بدات بە کوردەکان، کە پێویستیانە بۆ داواکردنی ناوچەیەکی دادپەروەر لە دیمەشق و بناغەیەک بهێڵێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتووی دژ بە توندڕەوە سەرسەختەکان.
نووسینی: ئەلیزا مارکوس، نووسەری کتێبی " خوێن و باوەڕ: پەکەکە و خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی"
و. لە ئینگلیزییەوە: د. یاداشت ساڵح