فەرهاد کوچوک

پێش ئەوەی نەتەوەیەک بکەوێت، دەستوورەکەی دەکەوێت

  2018-10-26 19:04      554 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ بە نزیکەیی زۆربەی کۆمەڵگەکان لەلایەن دەستوورێکی نووسراو یان نەنووسراوەوە بەڕێوەدەبرێن، کە هەردووکیان بەگشتی دۆخی سۆشیۆلۆجیای کۆمەڵگەکە پیشاندەدات  و سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەتە فەرمانڕه‌واکە دیاریدەکات.
پێکهاتەی سۆشیۆلۆجی و سنووری دەسەڵات بەشێوازی جیاواز دەردەکەوێت لای نەتەوە جیاکان. بۆ نموونە، لەکاتێکدا شانشینی بەڕیتانیا، کە کەلتووری یاسایی ئانگلۆساکسۆنی تێدا بەرقەرارە، هیچ دەستنووسێکی نییە تا پرەنسیپە دەستووریەکانی خۆی دیاریبکات، بەڵام فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە شوێنکەوتەی کۆدی یاسایی مەدەنین، کە پێشی دەوترێت یاسای ئەوروپی کیشوەری، سیستەمە یاساییەکەی خۆیان بە دەستوورێکی نووسراو دەپارێزن. زیاتر لەوە، لە کاتێکدا بڕیارەکانی دادگاکانی بەڕیتانیا لەسەر بنەمای پاراستنی بنەما دیموکراسیە  دامەزراوەکان و مافی مرۆڤ بونیادنراوە، بەڵام، بە نووسراو بێت یان بێ نووسراو، باسی ڕەوایی بوونی دەستوورەکانی وڵاتە سیاسی و ئابووریە بەهێزە ئەسکەندەناڤیەکانی تێدا نەکراوە. لە بەرامبەردا، ئەو وڵاتانەی لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە هەژارن، وەک عێراق، سوریا و سودان بەنزیکەیی دەستوورێکی یەکگرتووی تەواویان نییە یان دەستوورەکەی ئێستایان دەناڵێنێت بەدەست نەبوونی متمانە و یاسایی بوون لەهەر دۆخێکدا. لەم ڕوانگەیەوە دەپرسین، بۆچی تێکەڵبوونی ئەم کۆمەڵە یاسایانە، کە پێی دەگوترێت دەستوور، ئێستا بووە بەباو لە چارەنووسی هەموو کۆمەڵگەکاندا؟ هۆکاری کارامەیی و گرنگیی لەپشت ئەم دەستنووسە نووسراوە یان نەنووسراوەوە چی یە؟

هۆمۆ مینی لوپوس

بۆ ماوەی چەندین سەدە، دەستوور ببووە گرنگترین پێکهاتەی یاسایی کۆمەڵگەکان، کە سنوور و چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی فەرمانڕەوای دیاری دەکرد و بنچینەیەکی یاسایی بۆ دەوڵەتەکە دابین دەکرد. لەدیدگای فەیلەسوفی بەڕیتانی 'تۆماس هۆبز'دا، مرۆڤ لە دۆخی سروشتی خۆیدا، ئەگەر کۆنترۆڵی سۆز و مەراقەکانی خۆی نەکات، بەردەوام لەگەڵ ئەوانی تردا لە شەڕدا دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە سرووشتییە بۆشاییەکی زیندووی نادڵنیاییە، کە هەر مرۆڤە و لەپێناو قازانجەکانی خۆیدا کاردەکات. تۆبز ئەم بۆشاییە بەم شێوە دەناسێنێت:
"دۆخی مرۆڤ، دۆخی جەنگی هەریەکێکیانە  دژ بە هەریەکەیان"، ئەمەش ئەو شتەیە کە ناسراوە بە "هۆمۆ مینی لوپوس". گۆڕینی ئەم بۆشاییەش تەنها لەڕێی سنووردانان بۆ مافە سروشتیەکان دەکرێت، لەبەرئەوەی قبوڵکردنی هەموو ئەم مافە سروشتیانە وا دەکات تێکەڵبوونی ئەم مافانە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، ونبێت. هەربۆیە، بەشێوەیەکی سروشتیانە، بیری هاوبەشی مرۆڤ دەوڵەت دروست دەکات، کە تۆماس هۆبز ناوی ناوە 'لێڤاسیان'، لەگەڵ دروستکردنی شێوە ژیانی باو (دەستوور). ئەم پێکهاتەیە، بەربەستێک بۆ کردە و مەراقە خۆ-ویستەکانی خەڵک دادەنێت و وایان لێدەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکانی دیکەی ناو کۆمەڵگە بژین، کە هۆبز و دواتریش تیۆرناسی سیاسی فەڕەنسی'جان جاک ڕۆسۆ' ناوی بیرۆکەی "پەیمانی کۆمەڵایەتی" لێناوە.

پەیمانی کۆمەڵایەتی

ڕۆسۆ باس لەوە دەکات، کە خەڵک ناتوانێت رقلێبوونی لە ئەوانی دیکە بوەستێنێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا و ئەم رقلێبوونەش پێشبڕکێ دروست دەکات. کاتێک تاکەکانی کۆمەڵ کۆمەڵێک خاوەندارێتییان دەستدەکەوێت، نایەکسانی لەنێوان خەڵکدا گەورە دەبێت، وە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکەیان بپارێزن، چەندین یاسا لە دایک دەبن. هەربۆیە، ڕۆسۆ دەڵێت، سازانێکی هاوبەش کە ناوی "دەستوورە" وەک ناچاریی دەردەکەوێت.
هاوڕابوونی تۆبز و ڕۆسۆ، کە بەرگری لە سازانێکی کۆمەڵایەتی دەکەن، بنامەی بۆچوونەکانیان لەسەر پاراستنی مافەکانی خەڵک و بیرۆکەی ئەوەی کە ئازادی مەحاڵە بێ بوونی یاسا، بونیادەنێن. هەروەک فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ، کە لەگەڵ ئەفلاتون ناسراون بە باوکی فەلسەفەی ڕۆژئاوا، لە بیرۆکە بانوبانگەکەیاندا باناوی 'پۆلیتیا' ئاماژەی پێ دەکەن، فەرمانڕەواکان دەشێت دەسەڵاتەکانیان خراپ بەکاربێنن، هەربۆیە بوونی سەقفێکی یاسایی بۆ کۆمەڵگەکان پێویستە.

یەکەم دەستنووس

بەتایبەتی لە سەدەمی مۆدێرنەدا، لەگەڵ پاشەکشەی ڕەهاگەرایی لە کیشوەری ئەوروپا، مشتومڕ هەبوو دەربارەی دۆزینەوەی ڕێگایەک بەمەبەستی سنووردانان بۆ دەسەڵاتەکانی فەرمانڕەوا. هەربۆ زانیاری، یەکەم دەستوور لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دانرا لە ساڵی ١٧٨٩ و پاش چوار ساڵ  و لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی لە ١٧٨٩ دەستووری فەڕەنسی بەدوایدا هات. فەڕەنسییەکان دەستووریان وەک دەستنووسێک هەڵسەنگاند، کە توانای سنووردانانی بۆ دەسەڵاتەکانی پاشا هەیە. دواتر وەک نیشانەی ئازادی سیاسی مرۆڤ دژ بە پاشا لێکدایەوە. جگە لەوە، دەستوور ئەو بەیاننامانەشی لەخۆ گرت، کە دانیشتوان چۆن بژین و چۆنیش بڕێوەیان بەرن. دەشێت دەستوور وەک مەدالیایەکی دوو دیو لێی بڕوانیت، لەکاتێکدا لایەکیان نوێنەرایەتی سیستەمی حکومڕانی دەکات، لاکەی تر نوێنەرایتی ئازادی و مافەکانی خەڵک دەکات. لای حاکمی ئەڵمانی، کارل شمیت، ئەم بنچینەییانەی ماف و ئازادی، فەلسەفەی ژیانی خەڵک، ناسنامە و جیابوونەوەیان لە کۆمەڵگەکانی تر پیشان دەدات.

حیکایەتەکەی هۆمەر

دروست کردنی دەستوور دەکرێت وەک ئەفسانە لە ئۆدیسیاکەی هۆمەر-دا ببینرێت. وەک ئەوەی لە چیرۆکەکەدا زانراوە، سیرین بە وتنی گۆرانی ئارامبەخش گروپەکە فریودەدات و دەیانخوات.  ئەلیاس-یش، پاڵەوانی ئەفسانەکە، خۆی بە جەمسەرێکی کەشتیەکەوە دەبەستێتەوە تا دەنگەکەی سیرین بەرەو لای خۆی ڕاینەکێشێت. بە چەوری گوێی سەوڵلێدەرەکانی کەشتییەکەش کپ دەکات تا ئەوانیش هەڵنەخەڵەتێن. ئەگەر ئەم گەشتە سەخت و مەترسیدارەی ئەلیاس بەراورد بکەین بە دروست کردنی دەستوور، ئەو بڕیارەی ئەلیاس دای، ئەوە بوو کە پێویست بوو خۆی ببەستێتەوە بە جەمسەرێکەوە (لەمەڕ جڵەوکردنی دەسەڵاتەکەی) تاکو بە هۆی دەسەڵاتەکەیەوە فریو نەخوات. بۆیە گەر ڕوونتر قسەبکەین، دەسەڵاتی فەرمانڕەوا پێویستی بەوەیە چوارچێوەی بۆ بکێشرێت بە دەستنووسێکی یاسایی تاکو ڕێگری لێ بکرێت لە خۆهەڵقورتاندن لە ئازادی و مافە بنچینەییەکانی خەڵک.
لە کۆتاییدا و لە دوای ١٩٢٠ کانەوە، دەستوور بە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆوە. شەپۆلی گۆڕانکاری لە گۆڕانی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی دەوڵەتدا هەستی پێکرا، کە ئێستا پێیان دەڵێین دەوڵەتە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ. بەتایبەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم-ەوە، وڵاتە ئەوروپیەکان ئەم گۆڕانەیان وەرگرت و تیشکیان خستە سەر نەخشاندنی دەستوورەکانیان.
ئەمڕۆ، بیرۆکەی دەستوور، ئامانجی هاوبەشی پێکەوە گرێدانی خەڵک، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی جیاوازە. ئەگەر ئەم ئامانجە بەرەو لاواز بوون بڕوات لە کۆمەڵگەیەکدا، کوالێتی ئەو دەستوورەی کاری پێدەکرێت دەخرێتە ژێر پرسیارەوە لەلایەن خەلکەوە. بۆ نمونە، دەوڵەتە شکستخواردووەکانی وەک عێراق، سوریا و سودان، کە ئەمرۆ بەدەست پەرتبوونێکی قوڵی سۆشیۆلۆجییەوە دەناڵێنن و چیتر هیچ ئامانجێکی هاوبەشیان نییە، ڕووبەڕووی جەنگی ناوخۆیی، پێکدادان، خوێن و فرمێسکی زیاتر بوونەتەوە.
ئەگەر نەتەوەیەک، پاش جەنگێکی ناوخۆیی، شکست بێنێت لە بونیادنانی دەستوورێک، کە توانای لە خۆگرتنی هەموو ئەو خەڵکەی نێو کۆمەڵگەی هەبێت کە لە نەتەوە و ئاین و کەلتووری جیاوازەوە دێن، ناتوانێت لە جەنگە ناوخۆییەکان رزگاری ببێت. گەر نموونەیەک بێنینەوە، لە ١٧٨٧، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانی بگاتە سازانێک و دەستوورێک دروست بکات پاش ئەو جەنگە گەورەیەی سەر سنوورەکانی. لەو کاتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان، توانیویەتی وەک سیمبولی دیموکراسی، ئازادی و سەربەستی دەرکەوێت. بە پێچەوانەوە، جەنگە ناوخۆییە درێژخایەنەکان هێشتا لە زۆربەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی باکووری ئەفریقا بەردەوامن ئەمڕۆ، و زۆربەی ئەم وڵاتانەش نەیاتنوانیوە زاڵبن بەسەر ئالنگارییەکانیاندا لە ڕێی یەکگرتنیان لەژێر دەستوورێکی گشتگیردا ، هەربۆیە خۆیان خستۆتە نێو گێژاوی زیاترەوە. ئەو ناوچە ئاشتیانەی نەبوونە قوربانی ئیمپریالیزمی دەرەکی سەد ساڵ بەر لە ئێستا، وەک بەشیك لە وڵاتەکانی ئەم ناوچەیە، بۆ نموونە سووریا، ئێستا بۆنەتە قوربانی نەتوانینی یەکگرتن لەژێر دەستوورێکی هاوچەرجدا.

هەرچەنده‌ چەندین هۆکار و فاکتەری تر هەن، لەوانە بوون و هەڕەشەی ڕێکخراوەکانی دەرەوی دەوڵەت، خۆهەڵقورتانی هێزە جیهانی و هەرێمیەکان یان پرسی نەوت، کە وا دەکەن ئاڵۆزی لە سوریا بەردەوام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شکستی دەوڵەتەکە دەرەنجامی شکستیەتی لە بونیادنانی دەستوورێک. ئەو ئەکتەرانەی بەشدارن لە گێژاوی دەوڵەتە شکستخواردووەکانی وەک سوریا، پێویستە لە هەموو کات زیاتر و زۆر خێرا و بەپەلە سەرنج بخەنە سەر ئەم بابەتە.

ئەم نووسینە لە ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی بڵاوبۆتەوە. 
لە نووسینی: فەرهاد کوچوک- خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی شێهیری ئیستەنبوڵ. 
وەرگێڕانی: د. یاداشت ساڵح.

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو