د.سەردار عەزیز

رەخنە لەدەوام

  2019-08-07 13:13      250 جار بینراوە        کۆمێنت

دەوام چیە؟ كەسێك دەچێت بۆ دەوام، ئایا ئەو كەسە دەچێت بۆ كار، ئەگەر دەچێت بۆ كار چ جۆرە كارێك؟ ئایا دەوام جۆرە كارێكە كە لەبواری گشتیدا یان كاری حوكومیە، یان كەرتی تایبەتیش هەر دەوامە؟ ئەگەر دەوام و كار یەك شتن بۆ كار بەكارناهێنرێت؟ دەوام وەك چەمك لەزمانی عەرەبیەوە هاتووەتە ناو زمانی كوردی و مانای بەردەوامی یان ئامادەبوون دەدات لەجێگایەك. كابرا لەجێگایەك دەوام دەكات مانای وەهایە بەردەوامی دەدات بەئامادەبوونی لەو جێگایەدا. ئەم خەسلەتە گرنگە بۆ دەستنیشانكردنی دەوام وەك كردەیەكی جیاواز لەكار. كار بریتیە لەچالاكیەك بۆ ئەنجامێك. ئەگەر لەڕوی فیزیكیەشەوە پێناسەی بكەین كار بریتیە لەهێز+لادان. بەڵام دەوام بریتی نیە لەچالاكی بەڵكو بریتیە لەبوون لەجێگایەكدا. بۆ كار شوێن گرنگ نیە، بەتایبەتی لەدونیای ئەمڕۆدا كە شوێنی كار هێندە بایەخی نەماوە، چونكە بەهۆی تەكنەلۆجیاوە هەمووو شوێنێك بووەتە شوێنی كار. خەڵك دەبینیت لەمالەوە، لەڕێگای سەفەر، لەجێگای جیاواز بەردەوامی بەكارەكانیان دەدەن. بەڵام ناتوانیت دەوام لەجێگای تر بكەیت، چونكە دەوام بریتی نیە لەڕاپەڕاندن و ئەنجامدانی كارێك، بەڵكو پێش هەموو شتێك بریتیە لەئامادەبوون یان بوون لەجێگایەك، كار لەو جێگایە بەپلەی دووەم دێت.
كەواتە چۆن لەدەوام تێبگەین؟ بۆ ئەوەی باشتر لەدەوام تێبگەین، وەهای بەباش دەزانم هەندێك باس لەكار بكەم. كار چەمكێكی ئاڵۆزە. بەگشتی كار بریتیە لەچالاكی مرۆیی كە بەهای ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە. لەهەمانكاتدا بەشداریكردنە لەپرۆسەی بەرهەمهێنان كە تیایدا مرۆڤ هەست بەسودمەندی و كارایی خۆی دەكات. بەڵام كار لەسیستەمەكاندا جیاوازە. لەسیستەمی سەرمایەداریدا كار هەیە بەهای هەیەو كار هەیە موجەرەدە، وەك كارل ماركس پێمان دەڵێت، كاری موجەرد ئەبستراكت كارێكی بەتالە لەبەها. (لێرەدا چەمكی ئەبستراكت و پرۆسەی ئەبستراكشن بەئاسانی بەكوردی مانا بەدەستەوە نادات، چونكە پرۆسەی بەئەبستراكتكردن پرۆسەیەكی ئاڵۆزی ناو دونیای سەرمایەداری رۆژئاوایە، كە هادیگەرو لێفیبڤێریش لەبواری جیاوازدا كاریان لەسەر كردووە). ئەم جۆرە كارە لەكۆمەڵگای بۆرژوازیدا زیاتر مەیسەر دەبێت. كار بۆ پارە، لەكاتێكدا پارە خۆی بەهایەكی موجەرەدە، (پارە دیسانەوە چەمك و بەهاو پرۆسەیەكی ئاڵۆزە، لای من باشترین پێناسە بۆ پارە جەستەیەكی بێ ئۆرگانە، بەپێناسەی دۆلۆزە) جۆرە كارێكە كە دەچێتە خانەی كاری موجەرەدەوە، كە هیچ سودو بەهایەكی كۆمەڵایەتی نیە. ئەم تێزە دواتر لەلایەن دەیڤید گرەیبەرەوە زیاتر پەرەی پێدەدرێت لەتێزی ئیشی بێنرخ یان ئیشی قۆڕ (بوڵشت جۆب). بەدیدی دەیڤد هەر كارێك هەوڵێك نەبێت بۆ باشتركردنی دونیا ئەوا كارێكی بێكەڵك و قۆڕە بوڵ-شتە. چەمكی بوڵ-شت هەرچەندە زمانێكی زۆر بازاڕیە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەخەستی هاتووەتە ناو فەلسەفەوە هاری فرانكفۆرت لەزانكۆی ییەل نامیلكەیەكی تایبەتی لەسەر نوسیوە. جارێكیان لەستۆكهۆڵم كارم بۆ وەزارەتی دەرەوەی سوید دەكرد، ئەو كەسەی كە هات بەدواما بۆ ئوتێل ئەم پرسەی لەگەڵمدا وروژاندا، وتی: ئەگەر من سبەینێ بڕیارمدا نەیەم بۆ سەر كارو نەهاتنم هیچ كاریگەری نەبوو، ئەوا كاری من هیچ بایەخێكی نیە. بەڵام ئەمە بۆ دوكتۆرێك وەها نیە. 
كەواتە كار چەند جۆرە، بەپێی گۆڕانی كۆمەڵگا جۆری دەگۆڕێت. كەواتە كار جێگیر نیە، بەڵام بەهاكانی گۆراوە. دەكرێت بەهەمان میتۆد لەدەوامیش بنواڕین. بەم پێیە، دەوام بریتیە لەچالاكیەكی تایبەت لەكایەیەكی ئابووری سیاسی تایبەتدا. ئەگەر ئامانجی سەرەكی دەوام بریتیە لەئامادەبوون لەجێگایەك، كەواتە ئامانجی سەرەكی دەوام ئەوەیە كە ئەو كەسە نابێت لەجێگایەكی تر بێت. ئەمەش بەشێكە لەپرۆسەی كۆنترۆڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی. بۆیە دەوام پرۆسەیەكی بەرفراوانی كۆنترۆڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی تاكەكانە لەژێر ناوی كاردا، لەلایەن دەسەڵاتەوە. ئەگەر بەچاوێكی ئەنترۆپۆلۆژیەوە لەهەرجێگایەكی دەوام بنواڕێت دەبینیت كە بەهیچ پێوەرێك لەگەڵ نەریت و بەهاكانی سەردەمدا ناگونجێت. لەدونیادا هەتابێت كاری مرۆڤەكان بێ بەهاو بێنرخ دەبن. بەجۆرێك دەستی مرۆڤ چیدی دەستێكی كاراو بەسود نیە، چونكە تەكنەلۆجیا جێگای گرتووەتەوە. ئەمە قەیرانێكی ترە، كە بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتووە. 
بەگشتی دەوام وەها دادەنرێت كە بەرئەنجامی ئابووری كرێخۆری یان سامانی سروشتی بێت. دەبێت ئەوە روون بكەینەوە ئەوە نەوت نیە كە ئابووری رێنتایەر یان كرێخۆری بەرهەم دەهێنێت، بەڵكو ئەوە ئابووری سیاسیە كە نەوت پوتێنشاڵی نەوت یان هەر سامانێكی تری سروشتی بەم ئاراستەیەدا دەبات. ئەگەر ئامانجی سەرەكی ئابووری كرێخۆری رازیكردنی خەڵك بێت، ئەمە خەسلەتێكە لەهەموو ئابووریەكاندا بوونی هەیە، بۆ نمونە سوشیالی سیستەمی سەرمایەداری.
بەڵام دەوام قەیرانی زۆرە:
یەكەم، دەوام جێگای كار دەكاتە سەربازگە. كەسێك چاودێری دەكرێت و دەبێت لەوێ ئامادەبێت. ئامادەبوون گەورەترین ئامانجە. ئەمە گەر بەئۆروێلیانە بیبینین فەراهەمكردنی ئەو خەونەیە كە سیستەم یان دەسەڵات هەموو رۆژێك ئامادەبوونی زۆرینە دەبینێت، دەكرێت فۆكۆیانەش بخوێندرێتەوە، بەتایبەتی هاوتایی بەندیخانەو جێگای كار.
دوەم، دەوام دژ بەكار كردنە. دەوام رۆحی كار لەكۆمەڵگادا دەكوژێت. لەهەموو دونیادا فەرمانبەر، بەتایبەتی فەرمانبەری كەرتی گشتی وەها دەبینرێت كە سست و دژە گۆڕانكاری و ئاڵۆزكەرە، بەڵام لەسیستەمی دەوامدا سەرباری زۆری دەوامكەران، كار بەڕێوە ناچێت.
سێیەم، جێگای دەوام كاتێك تەماشای دەكەیت جێگای كار نیە، كەس جلوبەرگی كاری لەبەردا نیە. جلوبەرگی كار جلوبەرگی فەرمی نیە. شوێنی دەوام شوێنێكە كە ئەوەندە فەرمیە هاتووچۆكەرانی سڵی لێدەكەنەوە. 
چوارهەم، دەوام بەكاربردنی زۆرترین خەڵكە بۆ ئەنجامدانی كەمترین كار، لەئەنجامدا لەڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە زیان بەخشە.
دەبێت ئەم سیستەمە بگۆردرێت. گۆڕینی دەوام بۆ كار بنەمای هەموو چاكسازیەكی ئیداری و ئابووری و سیاسی و حكومەتدارییە.

 

وتاری زیاتر

تورکیاو تیورەی زەلکاو‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-05 18:04      26 جار بینراوە



تورکیاو کورد: چی دەگوزەرێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-28 11:27      31 جار بینراوە

هێرشی تورک و دوو سەرنج‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-27 15:04      28 جار بینراوە

چین و ئەمریکاو کورد‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-22 14:47      51 جار بینراوە

عوسمانییەت: بە ئاشتی، بە شەڕ‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-21 11:45      29 جار بینراوە

گەوجاندنی پۆستمۆدرێن‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-17 19:23      41 جار بینراوە

هێرشەکانی تورکیا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-15 16:53      52 جار بینراوە

دانوستانی عیراق و ئەمریکا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-14 00:03      61 جار بینراوە

ئەمریکاو عیراق، دانوستان‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-07 19:19      51 جار بینراوە

ساتە کیسنجەرییەکان!‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-01 20:24      55 جار بینراوە

٢٨ ساڵە/ ٢٨٠ ساڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-25 16:18      77 جار بینراوە



لەستایشی لامەرکەزیدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-16 18:45      63 جار بینراوە

کۆرۆنا چۆن دەمانگۆڕێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-04 15:51      68 جار بینراوە

بای بای حوکمداری ئاسان‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-02 15:52      100 جار بینراوە

دێوی حوکمڕانی‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-28 21:12      86 جار بینراوە

حەنین بۆ بەغدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-27 19:13      95 جار بینراوە

بۆچی روسەکان لەسوریان؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-25 23:31      72 جار بینراوە


ئەفیونی کشتوکاڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-24 17:55      70 جار بینراوە


شەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-18 21:13      99 جار بینراوە

ئۆراسیا و شوناسی كوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-15 13:29      93 جار بینراوە

ئایا چین شەڕ دەکات؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-13 14:51      83 جار بینراوە


کورد لەسەدەی بیست و یەکدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-11 15:26      94 جار بینراوە

رۆشنبیرو وەهم‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-06 22:05      99 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو