(58)
هاوینی ساڵی (1980) بەخوایشتی خۆی، بێ ئەوەی هیچ فشارێكی گرتن و ئاشكرابوونی رێكخستنی لەسەر بێت، یان لەترسی سەربازیی رایكردبێت، لەئەنجامی دڵسۆزی و خۆشەویستی كۆمەڵەو شۆڕش و پێشمەرگایەتی پێوەندی بە گوندی (نازەنین)ی دۆڵی خۆشناوەتی كرد. ئەو ساڵە هێزێكی گەورەی (ی.ن.ك) بەفەرماندەیی بەڕێز (مەلا بەختیار) لەناوچەكانی خۆشناوەتی و دەشت و وراتی كۆیە، لەجەولەدا بوون.
چەند ساڵێك دوای دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ، پێشمەرگە نوێكان، ئەبوو بۆ ماوەیەك هەڵگری گوله ئارپی جی، یان بێ چەك لەگەڵ دەستە چەكدارەكانی پێشمەرگە جەولە بكەن، چونكە سەرچاوەی چەك پەیداكردن، دەبوو لەچالاكییەكی پێشمەرگە بوایە یان هاووڵاتییەك چەكێكی بەپێشمەرگە ببەخشیایە، یان هەر كەسەو بۆ خۆی چەكی بكڕیایە. (مامۆستا بەكر مستەفا) دوای 15 رۆژ گەڕان و جەولە لەپێشمەرگایەتی، چەكێكی پێنج بزماری روسی و چوار یەدەگی پڕ فیشەكیان دایە. ئەویش وەكو هەر پێشمەرگەو گەنجێك خەریك بوو لەخۆشیانا باڵ بگرێت. هیواو ئومێدەكەی لەبەرگی خاكی و پێڵاوی ئەدیداس و كڵاشینكۆف لەشان و چوار یەدەگ لەكەمەر، هاتەدی. ئیتر ئێستا پێشمەرگەیە، بەڵام سەیر لەوەدا بوو، هەر چەند كاتژمێرێك دواتر، كاتێ لەسەر كانی و ئاوەكەی گوندی (فریز)ی دۆڵی (نازەنین)ی خۆشناوەتی بوون. (مامۆستا حەسەن ئەنوەر) (مامۆستا كاوە) مەخموری كە لێپرسراوی یەكەیەكی پێشمەرگەكانی دەشتی هەولێر بوو بانگی كرد:
-تكایە ئەم كڵاشینكۆفەی خۆتمان بدەرێ…؟
-بۆچی…؟ خۆ تازە وەرمگرتووە.
-ئاخر تۆ دوو هەفتەیە بووی بەپێشمەرگە، ئەو كڵاشینكۆفەش زۆر نوێ و نموونەییە. هاوڕێ (ئەحمەد قەنبەری) (بەداخەوە دواتر شەهید) بوو ساڵ و نیوێكە پێشمەرگەیەو كڵاشینكۆفەكەی زۆر كۆنە. بەپێی بەرنامەو نەریتی حزبی و شۆڕش دەبێ ئەو چەكە نوێیە لای ئەو بێت.
ئیتر (مامۆستا كاوە) چەكە نوێكەی لە (مامۆستا بەكر)ی تازە پێشمەرگە وەرگرتەوەو دای بە(ئەحمەد قەنبەری)، چەكە كۆنەكەی (ئەحمەد قەنبەر)یشی دایە (مامۆستا بەكر).
مامۆستا بەكر دەگێڕێتەوە:
-هیچ كەس و پێشمەرگەیەك نەبوو حەزی لەچەكی جوان و باش نەبێت، بەڵام بڕواتان بێت ئەو ئاڵوگۆڕەم زۆر پێ خۆش بوو، چونكە ئێمە ئەندامی كۆمەڵە لەعەشقی خەبات و دادپەروەری، ببووین بەئەندام لەو رێكخراوەدا. بۆیە ئەو ئاڵوگۆڕە منی زیاتر بەكۆمەڵە بەستایەوەو تێگەیشتم كە لێرە هیچ جیاوازییەكی نادادپەروەری نییە. كارەكان لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی یەكسانی و رێبازی كۆمەڵەو زیاتر خزمەتكردن و پێشمەرگایەتی، بەڕێوەدەچێت.
مامۆستا بەكر لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
-بەڵام تاخمەكەیان لێ نەسەندمەوە، بۆیە جار جارە پێشمەرگەكان بەلاقرتێوە دەستیان لەتاخمەكەم دەداو دەیانووت ماشائەڵڵا چەند جوانە.
سامانی پێشمەرگە لەو شاخانە، كە دڵیان پێ خۆش بوو، جلێكی جوانی خاكی و كڵاشینكۆفێكی جوان بوو. پێشمەرگە بەو رۆحیەتە خەباتی كردو گیانی خۆی فیدای كوردستان دەكرد، بەڵام هەیهو هەیهو ئەو ساڵانەی كە (مەبدەء) و دڵپاكی و گیانفیداكاری؛ سەروەر بوو، لە كوێ و ئێستای كۆمپانیاو پاشقول لەیەكترگرتن و زاتیەت لە كوێ؟!.