مستەفا محەمەد

ستراتیژی یەكێتی بۆ دوای كۆنگرە

  2019-12-28 15:47      321 جار بینراوە        کۆمێنت

ئیدی یەكێتی، لەدوایین رۆژەكانی ساڵدا بڕیاری خۆی بۆ بەستنی كۆنگرەی چوار بردە سەرو هەموو ئەو پێشبینییە كورت مەودایانەی كە كۆنگرەی یەكێتییان بە مەحاڵ دەشوبهاند، لەڕاستی خاڵی كردەوە، بە تێڕوانین و تێزی هەمووان بۆ یەكێتییەكەی مام و پاراستنی شكۆی چەپكە گوڵەكە، ئارامترین كۆنگرەی لە مێژووی خۆیدا گەیاندە دوا وێستگەكانی خۆی.
ئەو هەنگاوانەی لەم كۆنگرەیەوەدا نراو دۆست و نەیاریش بینییان، بەجۆرێك جیاوازبوون كە هەموو ئاراستەكان بەڕۆحییەتێكی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەیان كرد و وەك یەك تیم لەپڕۆسەی تێپەڕاندنی قۆناغەكانی كۆنگرە و تەنانەت هەڵبژاردنیشدا هەماهەنگیان نوواند و ئەم كەشە ئەرێنییەش وایكرد كە ئارامی و هێمنی باڵ بكێشێ بەسەر هۆڵی كۆنگرەدا.
ئاشكرایە ئەم كۆنگرەیە لەدۆخێكی نالەباری سیاسیدا جاڕدراو دوای بێ ئومێدییەكی زۆری قاعیدەی جەماوەریی یەكێتی لە تەئجیل و تەئخیردا كەوتەڕێ، بەڵام وەڵامێكی كۆنكرێتی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە دەوترا كۆنگرە ناكرێ و بەستنیشی بەنیسبەت جەمسەرەكانی یەكێتییەوە دەبێتە مایەی قوڵتركردنەوەی ناكۆكییەكان و رێگریش دەكا لەبووژانەوەو نوێبوونەوەی یەكێتی، كەچی پێچەوانەكەی راست دەرچوو و هەمووان هەڤاڵانەو یەكێتییانە بەشدارییان كرد لەڕێوشوێن و ئامادەكاری و هەماهەنگییەكانی كۆنگرە، هەروەها بەڕێوەچوونی كارەكانی ئەو چەند رۆژەی كۆنگرە بە شەفافی و لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئەو پێشبینییانەی ناحەزانی یەكێتی بەتەواوی پووچەڵكردەوە.
هەر سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەكەش لەلایەن ئەنجومەنێكی دادوەریی سەربەخۆوە، دەروازەیەكی تری ئومێدبەخش بوو و ئەوەی سەلماند كە ئەو حزبە چەند تامەزرۆی پیادەكردنی دیموكراسییە‌و لە بەهێزكردنی رایەڵەی كاری هەڤاڵانە و گەڕاندنەوەی پێگە و هەیبەتی جارانیدا چەند مكوڕە‌و لەپێدانی وزەی نوێ بە شادەماری مەركەزی بڕیارو ئیدارەدانی ئەو حزبە جەماوەرییە چەندە مەبەستییەتی بە فۆرمی پارتێكی خودان سیستەم و روئیای سەردەمیانەوە بێتەوە مەیدان.
لەڕاستیدا ئەگەر پێمان وابێ سەرجەم گرفت و كێشە دژوارو كەڵەكەبووەكانی نزیك بە10 ساڵی یەكێتی لەدوای تەواوبوونی كۆنگرە لەچاوتروكانێكدا چارە دەبن، خوێندنەوەیەكی دروست نییە، بەڵام هەرخۆی بەستنی كۆنگرەكە لەو هەلومەرجە سیاسییە پڕ لەكێشمەكێشمەی كوردستان و عیراقدا ئازایەتییەكی گەورەیە و دەبێتە رووداوێكی ئەوتۆ كە بۆ یەكێتییەكان كەرناڤاڵێكی مژدەبەخشە و بەشانازییەوە لەداهاتوودا باسی دەكەن و كاریگەرییەكەشی لەدەرەوەی ئۆرگانەكانیدا باشتر رەنگ دەداتەوە. كەواتە ئەگەر لەم كۆنگرەیەدا تەنانەت چوار یەكی ئەو ئاستەنگە زەوەندانەی 10 ساڵی رابردووش لەم حزبەدا بە چارەسەر بگەیەنێ و گۆڕانكارییەكی نەوعی لەهەیكەلبەندو ئەدای حزبیدا بەدیبهێنێ، خۆی لەخۆیدا سەركەوتنێكی ئاسوودەبەخش و بەهادارەو دەبێ بەچاوی ئومێدەوە لێی بڕوانین.
قسەی گرنگ بۆ دوای كۆنگرەیە كە هەموو چاوەڕوانییەكان لەئەدای گشتی حزبدا بەوە بەرجەستە دەبێ كە ئەو ئەنجومەنە گشتییەی وەك پەرلەمانی حزبەو ژمارەیان 121 كەسە، لەمەودوا پێویستە پرەنسیپ و راسپاردەكانی كۆنگرە شۆڕ بكەنەوە ناو كادرانی یەكێتی، هەنگاوی فیعلی بۆ بەهێزكردنەوەو یەكڕیزی یەكێتی و روون و بێ خەوشی یەكوتاریی سیاسی بنێن، هەروەها خواستی جەماوەری یەكێتی بۆ كاری پێكەوەیی و پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیری ناو حزب بگوازنەوە ناو رەوتی خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و بە كردەوە ماف و ئازادییەكان لە پێناوی یەكتر قبوڵكردن و بەیەكەوەژیان پتەوتر بكەن.
ئەم ئەنجومەنە گشتییە وەك بەهێزترین دەسەڵاتی یەكێتی و كۆڵەكەی بەهێز و داڕێژەری بەرنامە و میتۆدی حزبایەتی ئەم وێستگەیەی خەبات كە هەڵقوڵاوی ناو رەگ و ریشەی كادرانە، ئیجاب دەكا لەسەری كە هەوڵ بدا ژیان و گوزەرانی خەڵك ببوژێتەوە، بە نادادییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا بچێتەوە، ئیتر كاتیەتی لە نێو كایەی حكومڕانیدا بە ئەمەناتەوە تا ئاستێكی باڵا هێزێك بە ئەدای فەرمانڕەوایی ببەخشینەوە و ئەو هەموو بێ دەربەستییە كۆتایی پێ بێ.
بەڵێ، ئەوە چاوەڕوانیی كادرانی ناوەند و قاعیدەی جەماوەری یەكێتییە لەو ئەنجومەنە گشتییەدا كە ئاسۆی گۆڕانكاری و خوێنی نوێی تێدا بەدەركەوتوون، یەكێتی بكەنە ئامرازی كاریگەری خزمەتی گشتی و راشكاوانە لە ئۆرگانەكانەوە تەبەننی بڕیار بكەن و بێ سڵەمینەوە لەگەڵ خەمەكانی هاونیشتمانیاندا ئاوێتە بن. بە نەشئەی تێز و تێفكرینەكانی «مام» لەگەڵ نیگەرانییەكانی شەقام هاوتەریب بڕۆن و وەك حزبێكی بەرپرسیار داوا و خواستەكانیان بەهەند وەربگرن و ئەوەی پێشیان كرا لە كاری باشە بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە درێغی لێ نەكەن.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە





















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      445 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      480 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      438 جار بینراوە

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە‬ مستەفا محەمەد
2018-05-02 14:08      349 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو