(71)
یەكێ لەدانیشتنەكانماندا لەگەڵ ژمارەیەك لەنووسەرو سیاسەتمەدار لەشاری (ریاز)ی پایتەختی سعودیە، باس لەوەكرا چۆن دەتوانرێ سنوورێك بۆ ئەو هەموو نەهامەتیو ئاڵۆزییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنرێت، هەر یەكێ لەئامادەبووان بەكورتی بیروڕاو سەرنجی خۆی بۆ دانانی ئەو سنورە خستە ڕوو. كاتێ نۆرەش هاتە سەر من بە كورتی وتم:
-تەنیا بەدوو ڕێگا دەتوانین سنوورێك بۆ ئەو هەموو شەڕو گۆڕانكارییە تراجیدییانە دابنێن، ئەویش سەروەری یاساو… زانستە. وتیان: حەز دەكەین زیاتر شیتاڵی بكەیت.
وتم: لەهەر شوێنێك یاسا سەروەرو پیادە بكرێت، دادگا سەربەخۆ بێت گەلان پێشكەوتوون، ئارامیش باڵی بەسەر وڵاتدا كێشاوە، چونكە یاسا بەشێكی بنەڕەتی ژیانی هەر كۆمەڵگاێكەو ئەركو فەرمانەكان دیاری دەكات. ئەوسا دادگا بەیەكسانیو بێ ئەملاو ئەولا دادوەری لەگەڵ هەموو كەسێك دەكات، بێ جیاوازی لەهەموو كێشەو كەموكوڕیو لادانێك دەكۆڵێتەوەو بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام لێرەدا مەبەستمان لەو یاسایانە نییە دكتاتۆرەكان بەئارەزووو بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەریدەكەن. مەبەستمان لەیاسایەكە ستاندارتی نێو نەتەوەیی هەبێتو پیادە بكرێت. لەو حاڵەتەدا بەڕێوەبەرێكی پۆلیسی شار. دەتوانێ ئیدارەی گەورەترین كۆمەڵگا بدات. بۆ نموونە یاسا لەسەردەمی مەلیك (ئیدریس السنوسی) لە لیبیا بە باشترین شێوە پەیڕەو دەكرا. لە سەردەمی پاشایەتی عێراق كەس پێویستی بە ناسینی وەزیری ناوخۆ یان بەڕێوەبەری هەواڵگری نەبوو، چونكە ئەفسەرێكی پۆلیس دەسەڵاتی جێ بە جێ كردنی یاسای هەبوو.
بوونی ئەو هەموو نا ئارامیو نەهامەتیانەی ئەمڕۆ لەعێراقو لیبیاو یەمەنو سوریاو….هتد هەیە هەموو بۆ نەبوونی سەروەری یاسا بۆ سەربەخۆ نەبوونی دادگا دەگەڕێتەوە.
خاڵی دووەم: زانستە. ئێمەی (عەرەب) شەش سەد ساڵە لە دوای (ابن خلدون) كەسێكی ترمان لە ئاستی ئەو نەدیوە. ساڵ نیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا كتبێك لەسەر (ابن خلدون) دەرنەچێت. هەتا ئێستاش بەرهەمەكانی ئەو زانایە سەرچاوەیەكی گرنگی زانستی كۆمەڵایەتیو مێژووە. هەر كەسێك بەرهەمەكانی بخوێنێتەوە هەست بەوە دەكات. لەبەردەم زاناو دانایەكی نموونەیی ئەو تۆیە كە زۆر سەختە لە شێوەی دووبارە بێتەوە. بەڵام لەلایەكی تریشەوە ئەمە شكستی گەلی عەرەبە، لەو شەش سەد ساڵەی دوای مردنی (ابن خلدون) یەكێكی لە شێوەی ئەو دروست نەبۆتەوە. زۆران هاتنو ڕۆیشتن، زۆران باسی فەلسەفەو زانستو شتیان كرد. بەڵام هیچ كامێك لەوانە لە دووبارە كردنەوە بەولاوە شتێكی نوێیان نەوت.
((خوایە…! زیاتر لە سەد ساڵە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كوردستانیشەوە بۆتە مەڵبەندی كودەتاو شەڕو پێشێل كردنی یاساو گۆمی خوێن. بۆتە مەڵبەندی نەمانی متمانە لە نێوان گەلانو مرۆڤەكان. گێڕانەوەی ئارامیو بەیەكەوە ژیانیش لە دەست (بەندە)كانت دەرچووە. بەڵكو بە گەورەیی خۆت… لەبەر خاتری گیانی ملیۆنان هاوڵاتیو ژنو مناڵو پیر. یاساو زانست لەم ناوچەیە بەرقەرار بكەیت)).
+سمیر عطالله. لە گۆشەكەی خۆی لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) وای نووسیبوو.