شوان كەریم كابان

سەفعەت ئەلقەرن

  2020-01-31 11:52      146 جار بینراوە        کۆمێنت

بەڵێ، ناوی بابەتەكە سەفعەت ئەلقەرنە، نەك سەفقەت ئەلقەرن، سەفعە یان (صفعە) یانی زلە، شەپازڵە، ئەمەی ترامپ ئێوارەی رۆژی سێشەممە (28/1/2020) رایگەیاند، زلەیەكی بەهێز بوو دای لەپەناگوێی ئوممەی عەرەبی ‌و ئوممەتی ئیسلام، بۆ؟ من خوێندكاری سەرەتایی بووم لەشەستەكانی سەدەی رابردوودا لەخواروی عیراق، چونكە باوكم بەهۆی پەیوەندیی بەشۆڕشەوە، نەفیی كرابوو، ساڵانە دوو سێ جار دەیانبردین بۆ خۆپیشاندان دژی ئیسرائیل ‌و ئەمریكاو ئیستعمار، بەبیانووی ئەوەی ئیسرائیل خاكی عەرەبی داگیركردووە‌و دەبێ فڕێ بدرێتە دەریاوە‌و مەبەستیشیان دەریای سپی بوو، بەدڵنیاییەوە ئەم حاڵەتە لەساڵی 1948 ەوە، كە ساڵی جێبەجێكردنی بەڵێنی بلفۆر‌و دروستكردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە، بەردەوام عەرەب ‌و زۆربەی دەوڵەتە ئیسلامییەكانیش كێشەی عەرەب- ئیسرائیل كە كێشەی فەلەستینە، كردبوویانە خەمی یەكەمیان ‌و كەس نەیدەتوانی خۆی لێ بدزێتەوە، تاكو سەرەتا كامپ دیڤید ‌و پاشان ساڵی 1993 كاتێك رێكەوتنی ئوسلۆی یەك لە واشنتۆن ئیمزا كرا، ئیتر تا رادەیەك ساردی كەوتە ئەو گەرم ‌و گوڕییەی بۆ كێشەی فەلەستین هەبوو. دیارە گرنگیشە هەموو كێشەكان بە ئاشتی ‌و دیالۆگ ‌و دوور لە شەڕ ‌و ئاژاوە ‌و كاولكاری چارەسەر بكرێن.
راستە سەفقەی قەرن، یان سەودای سەدە، سەرەتای ساڵی 2019 كەوتە ناوناوانەوە ‌و دوناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دركاندی، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە مێژە كار ‌و ئامادەكاری بۆ دەكرێ.
گرنگترین ئامادەكاریش، هەڵوەشاندنەوە، یان پارچەپارچە كردن، یان بەهێزكردنی ئەو وڵاتانەی دەشێ، یان دەكرێ ببنە بەربەستی بەهێز لە بەرامبەر ئەم رێكەوتنە، روونتریش ئەو وڵاتانەی مێژوویەكی دێرینیان هەیە لە روبەڕوبونەوەی ئیسرائیلدا، یان بەرەی بەرەنگاربوونەوە، وەك میسر، سوریا، لیبیا، عیراق.
ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە، پلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی هەبوو، چاودێران دەڵێن، كاتێك ئەمریكا نەیتوانی بە ئارامی ‌و لەسەرخۆ ئەو پلانە جێبەجێ بكات، بڕیاری دا بە ئاژاوە ‌و پشێوی ئەو ئامانجە بهێنێتەدی، لەڕێی لایەن ‌و گروپ ‌و دەوڵەتی تر ‌و خۆشی كە پێویستی كرد، دەستی تێوەربدات. ئەو پلانە لە تونسەوە دەستی پێكرد، ئەمجا میسر، ئەمجا لیبیا، دواتر سوریا ‌و عیراق ‌و ئینجا ئێران ‌و لوبنان.
تونس ئێستاش ناسەقامگیرە، میسر هەروەها، لیبیا هەر شارەی بەدەست گروپ ‌و تاقمێكەوەیە، سوریا گەرچی بەشێكی زۆری خاكەكەی لەدەست گروپە توندڕەوە هەمەجۆر ‌و هەمە چەشنەكان پاك كراوەتەوە، بەڵام بە تەواوەتی نەكەوتۆتەوە سەرخۆی ‌و كاتێكی زۆری دەوێ، عیراق چوار ساڵ بەدەست داعشەوە ناڵاندی ‌و ئێستاش بەدەست نائارامی ‌و خۆپیشاندانی پچڕپچڕ ‌و رێكنەکەوتنی لایەنە سیاسییەكان.
ئێران نزیكەی ساڵێكە ئەمریكا گەمارۆ ئابوورییەكانی خستۆتەوە سەر كە ماوەی پێنج ساڵ بوو لابرابوون ‌و كەوتۆتەوە ژێر فشارێكی بەهێزەوە. تەریب لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا، ئەمریكا ‌و ئیسرائیل هەوڵی زۆریان دا تاكو بەشێكی بەرچاو ‌و گرنگی دەوڵەتانی كەنداو، یان بێلایەن بكەن، یان بخەنە پاڵ خۆیان، لە راستیشدا ئەوەیان بۆ چووە سەر ‌و سعودیە ‌و ئیمارات ‌و بەحرەین ‌و قەتەر ‌و سەڵتەنەی عومان-یان لە خۆیان زۆر نزیك كردەوە ‌و هەموو ئەو وڵاتانە لە ساڵی 2019 دا چەندین دیدار ‌و كۆبوونەوەیان بە ئاشكرا ‌و نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل كرد ‌و رازییان كردن، تەنانەت ئەو پەنجا ملیار دۆلارەی لە سەودای سەدەدا ئاماژەی پێ دەدرێت. بەشێوەی جیاواز بۆ فەلەستینییەكان خەرج بكرێت، بە دەوڵەتانی كەنداوی سەرف بكەن.
هەروەها ئەمریكا لە مێژە دەیەوێ دەستی ئێران لە ناوچەكەدا كورت بكاتەوە و رووداوی گیان لەدەستدانی قاسم سلیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس كە بە بۆردومانی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە بەغدا گیانی لەدەستدا، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ راگەیاندنی سەودای قەرن دەژمێردرێت، بەتایبەت كە دوناڵد ترەمپ- سەرۆكی ئەمریكا لە راگەیاندنی رێكەوتنەكەدا بە روونی ئاماژەی بەم مەسەلەیە ‌و كشانەوەش لە رێكەوتنی ئەتۆمی دا.
هەرچۆنێك بێت، ئەمەی ئەمریكا بە سەفعە (زلە) دەژمێردرێت بۆ عەرەب نەك سەفقە، هەروەها بۆ فەلەستینییەكانیش، چونكە ئەوەی فەلەستینییەكان زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر پێی رازی نەبوون، ئێستا (40%)ی ئەوەیان لەخاك دەدرێتێ ‌و دەوڵەتێكی پارچەپارچە ‌و داماڵڕاویان دەبێ.

وتاری زیاتر


كازمی لەنێو ئاگردا ‬ شوان كەریم كابان
2020-07-27 23:34      34 جار بینراوە

یەكێتی و ئەركە نوێكان‬ شوان كەریم كابان
2020-07-25 23:22      43 جار بینراوە


هەرێم و بەغدا ‬ شوان كەریم كابان
2020-07-17 16:25      39 جار بینراوە




كوردستان هەر كوردستانە‬ شوان كەریم كابان
2020-06-29 14:29      46 جار بینراوە

گفتوگۆی نابەرابەر‬ شوان كەریم كابان
2020-06-19 11:46      81 جار بینراوە


نەبایان دیوەو نەباران‬ شوان كەریم كابان
2020-06-16 20:03      75 جار بینراوە

كۆرۆناو جۆرج فلۆید‬ شوان كەریم كابان
2020-06-09 23:05      55 جار بینراوە

ئازادی لەئەمەریكا ‬ شوان كەریم كابان
2020-06-02 16:38      96 جار بینراوە

لەكۆرۆناوە بۆ داعش‬ شوان كەریم كابان
2020-05-16 22:44      95 جار بینراوە

ئاسۆیەك كە روون نییە!‬ شوان كەریم كابان
2020-04-27 23:02      85 جار بینراوە



حکومەت دەبێ چی بکات؟‬ شوان كەریم كابان
2020-04-24 14:21      80 جار بینراوە


دەستان خۆش و ماندوونەبن‬ شوان كەریم كابان
2020-04-06 23:06      113 جار بینراوە


دڵگران و غەمبارین‬ شوان كەریم كابان
2020-04-05 15:11      110 جار بینراوە



نەورۆزو كۆرۆنا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-21 22:58      111 جار بینراوە

پێشنیاز لەزەمەنی کۆرۆنادا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-19 23:00      111 جار بینراوە


فۆبیا نییە، رقە!‬ شوان كەریم كابان
2020-03-08 16:00      145 جار بینراوە

یادێكی رۆژە مەزنەكان‬ شوان كەریم كابان
2020-03-07 13:52      131 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو