ئاری عومەر

چیم دیت لەبازگەكانی هەولێر

  2020-02-05 08:23      115 جار بینراوە        کۆمێنت

نازانم بۆ ناونیشانی ئەو كتێبەم بیركەوتەوە كە لەژێر ناوی "چیم دیت" چیرۆكی سەرگوزشتەی زەمەنێكی پڕ ئاشووبی عێراق دەگێڕێتەوە، من رێك وەك ئەو، دوێنێ ئەوەی لە بازگەكانی هەولێر بینیم، دوبارەبوونەوەی هەمان چیرۆكەو دەبێت هەمان ناونیشانیش بەكاربهێنمەوە كە "چیم دیت"ە، بەڵام ئەوجارە لەناو جوگرافیای هەرێم‌و لەناو دڵی پایتەخت‌و لەو بازگەو زاڵگانەی بۆ راوە تیرۆرست‌و خەڵكی تۆمەتبار دروستكراوە، نەك بۆ تەسفیەكردن‌و بە ئامانجگرتنی كادرانی حزبی ركابەر.
دروشمی رۆژگارێكی رۆژنامەی ئاسۆ، بریتیی بوو لە یەكخستنی نەتەوە لەسەر كاغەز، بەڵام ئەوە تەنها دروشم بوو، چونكە بە كردەوە دابەشبوون‌و پەرتبوون ریزی بزووتنەوەی كوردایەتی‌و هێزە سیاسییەكان نیشانیدا نەك نەك توانای یەكخستنی كورد وەك نەتەوە لەسەر كاغەز نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای بچووكتریش كوردبون‌و باشووری بوونیش یەكخستنی ئاسان نییە، ئاخر خۆ ئەو نەفەس‌و دنیابینییەی كە ئەمڕۆ لەهەموو كاتێكی زیاتر بەسەر ئەو نەفەسە كوردایەتییەدا زاڵبوون، هیچیان بۆ هاونیشتمانی‌و هاوخەباتی‌و هاوچارەنوسیش نەهێشتۆتەوە.
من دوێنێ لە هەولێر بووم، ئەو شارەی بۆمن پایتەختە، شوناس‌و ناسنامەی ئەو فۆڕمە لەكوردبوونەیە كە دەمانەوێت لە چنگی عێراق دەربازی بكەین، ئەو جوگرافیایە كە دەمانەویست بە پشتیوانی ریفراندۆم بیخەینە ناو ئەتڵەسی جیهانەوە، ئەو شوێنەیە كە لەدڵ‌و یادەوەریماندا شكۆی نەتەوەو حوكمڕانی كوردمان تێدا پاراستووە، بەڵام زاڵگەكانی ئەو شارە، بازگەكانی ئەوێندەر، لەجێگەی ئەوەی بەگوڵ پێشوازی لە هاونیشتمانییەكانیان بكەن، بە زمانی شیرین وەك ئاكاری بەرزی هەولێرییانە بكەونە خزمەت میوانیەكانیانەوە، لەبری ئەوەی دەروازەی دڵ‌و روویان بەرووی هامۆشۆكەرانی ئەوێدا بكەنەوە، بەپێچەوانەی هەموو ئەو چاوەڕوانییەكانەوە، تەنها لەبەرامبەر ئەوەی پێناسی حزبیم نیشانی بازگەكەدا، دنیایەك سوكایەتی‌و بێحورمەتی، نەك هەر بە ئۆتۆمبێلەكەم كرا، بەڵكو بە خۆشم، ئاخر لەكوێی دنیادا هەبووە، نەتەوەیەكی بندەست كە خەون بەسەربەخۆیی‌و یەكخستنی نەتەوەیەكەوە ببینێت، ئەوەندە هێزەكانی كورت بیربكەنەوە، لەسەر پێناس‌و ناسنامەو شوناس‌و ئینتیما سوكایەتی بە هاونیشتمانییەكانی خۆیان بكەن.
ئەوە خەمێكە ناچارمان دەكات ئیدی بە ناسنامەی یەكێتییەوە، گەشتكردن بۆ هەولێر وەك گەشتكردن بۆ ئەستەمبوڵ‌و ئەنقەرە‌و تاران‌و دیمەشق تەماشا بكەین‌و پێش ئەوەی بچین، تكا بكەین روبەڕووی سوكایەتی نەبینەوە.

 

وتاری زیاتر

‎تیۆری ماڵتۆس‌و میدیای كۆڕۆنا ‬ ئاری عومەر
2020-03-04 09:02      96 جار بینراوە

كێ دەوێرێت كۆنگرە دوابخات؟‬ ئاری عومەر
2019-11-15 19:18      154 جار بینراوە

تەقدیسكردنی دڕندە ‬ ئاری عومەر
2019-11-05 19:14      172 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو