(6)
لەبابەتەکانی پێشوو، شیمانکردەوە کە لەبەشی دوەمی شۆڕشی سێیەمی پیشەسازیدا (شۆڕشی تەکنۆلۆجی) دەژین کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٩ وە دەستی پێکردووەو بەردەوامدەبێت تا گەیشتن بەگۆڕانکاری ریشەیی لەژیانی مرۆڤ لەپەنجا ساڵی داهاتوو. لەم قۆناغەدا، واتا لەئێستاوە تا پەنجا ساڵیتر، گرنگترین داهێنانە تەکنۆلۆجیەکان خۆیان لەچەند بوارێکی سەرەکیدا دەبیننەوە. یەکێک لەو بوارە گرنگانە، بواری بایۆتەکنۆلۆجیە (Bio-Technology).
بواری بایۆتەکنۆلۆجی بریتییە لەبەکارهێنانی تەکنیکی تەکنۆلۆجی پێشکەوتوو لەسەرچاوەیەکی زیندەوەر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی یان بۆ باشکردنی ئیشی ئۆرگانە بایۆلۆجیەکان. بەواتایەکیتر، سوود وەرگرتن لەپێکهاتەو میکانیزمی ئیشکردنی ئۆرگانەکانی جەستەی زیندەوەر بۆ بەرهەمهێنان و گۆڕانکاری یان چاکسازیکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو ئۆرگانانە. ئەم زانستە لەئێستادا بەهۆی داهێنانە تەکنۆلۆجیەکانی بواری ئەنفۆرماتیک، رۆژ بەڕۆژ لەپەرەسەندندایە. لێرەدا باسی سوودمەندیەکانی دەکەین لەچەند بوارێکی گرنگی ژیانی مرۆڤ.
لەساڵانی ئایندەدا، پێشببینی دەکرێت، بایۆتەکنۆلۆجیا لەبواری ئاو دەستکەوتی زۆر باش بەدەستبهێنێت. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوە لەپێکهاتەی زیندەوەرە ئاوییەکان و چۆنێتی پێشخستن و گەشەپێدانیان لەزەریاو دەریاو رووبارەکاندا. هۆکاری پیسیبوونی ئاو کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەزیندەوەرەکان بەهەموو جۆرەکانیانەوە. هەروەها بەرهەمهێنانی چەندین جۆری کەرەستەی سروشتی کە دەبنە هۆی لەناوبردنی جۆرەکانی پیسبوونی دەریایی.
لەساڵانی ئایندەدا، پێشببینی دەکرێت، بایۆتەکنۆلۆجیا لەبواری پزیشکی و تەندروستی مرۆڤ دەستکەوتی بەرچاو بەدەستبهێنێت. بۆ نموونە، چارەسەری نەخۆشیەکان بەدەستکاریکردنی ڕاستەوخۆی جینەکان (DNA). هەروەها بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی (Genetic Engineering) بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە لە ئێستادا چارەسەریان زۆر زەحمەتە یان ئەستەمە. ئێستا ئەو جۆرە تەکنیکانە لە هەموو شوێنێک دەستناکەوێت، لەماوەی داهاتوو تەواو هەرزان دەبێت و لەهەموو وڵاتێک دەستدەکەوێت.
لەساڵانی ئایندەدا، پێشببینی دەکرێت، بایۆتەکنۆلۆجیا لەبواری پیشەسازیدا دەستکەوتی یەکجار گەورە بەدەستبهێنێت. بۆ نموونە، بایۆتەکنۆلۆجیا لەبواری پیشەسازیدا لەپەرەسەندایە لەوڵاتە پێشکەوتووەکان، بەتایبەتی لەوڵاتی ئەمەریکا. تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی زیندەوەر (جۆرێک لە بەکتریا) بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆتۆمۆبیل، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، تەنها ماوە کات و بڕیاری بڕیاری خستنە بازاڕی ماوە. بەرهەمهێنانی ماددە لکێنەرەکان لەسەرچاوەی رووەکی بۆ ئەوەی ببیتە جیگرەوەی ماددە لکێنەرەکانیتر کە ژەهراوین و سەرچاوەی پیس بوونی ژینگەن. بەرهەمهێنانی پاککەرەوەکان لەسەرچاوەی رووەکی بێ کیمیایی، ئەم پاککەرەوانە کواڵتیەکی بەرزیان دەبێت بەراورد بە پاککەرەوە کیمیاییەکان.
لەساڵانی ئایندەدا، پێشببینی دەکرێت، بایۆتەکنۆلۆجیا لەبواری کشتوکاڵ دەستکەوتی باشتر بەدەستبهێنێت. بۆ نموونە، باشکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەنگاوی باشتر دەنێت. بەرهەمهێنانی جۆرێک لەبەروبووم کە بەهاو کوالیتی خۆراکی بەرزتری دەبێت لەڕووی دابینکردنی پرۆتین، ڤیتامین، شەکر، رۆن هتد. بەرهەمهێنانی رووەک کە توانای بەرگری باشی دەبێت دژی سەرماو گەرماو نەخۆشی.
بەکورتی، بایۆتەکنۆلۆجیا بەدوو ئاراستە ژیانی مرۆڤ باشتر دەکات. یەکەم، ئاراستەی ناوخۆی جەستەی مرۆڤ بەباشترکردنی کوالیتی جینەکان لەڕێگەی مێتۆدی کۆپی – پاستی جینەکان. واتا کۆپیکردنی جینی کوالیتی باش و دانانی لەشوێنی جینی نەخۆش یان پەککەوتوو. دووەم، ئاراستەی دەرەوەی جەستەی مرۆڤ بەباشکردنی کوالیتی خواردن و ئەو بەرهەمانەی مرۆڤ بەکاری دەهێنیت لەژیانی رۆژانەی. ماوەتەوە ئەو بڵێم کەوا بواری بایۆتەکنۆلۆجیا پرسیارە فەلسەفییەکان دووبارە دەخاتەوە بەر باس و گفتوگۆ. دەستکاریکردنی جینەکان دەمانخاتە بەردەم پرسیاری ئایە مرۆڤ حەقی هەیە دەستکاری کاری خودا بکات یان نا ؟
سەرچاوەکان:
*https://onlinelibrary.wiley.com/journal/18607314
*http://www.slate.fr/story/108443/ce-que-biotechnologies-font-ethique
*نوێنەری یەكێتی لە فەرەنسا