پاش گرتنی كوێت و پێشتریش ئیعدام كردنی رۆژنامەنووسی بەریتانی فەرزات بازۆفت لە 17/3/1990، سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گشتی و سەرۆك مام جەلال بەتایبەت و بە سووربوونەوە، دڵنیابوو لەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا، گورزی سەربازی لە عیراق دەدات و لە كوێت وەدەری دەنێ، بۆیە ی.ن.ك كەوتە خۆئامادەكردن و بڕیاری دا هەموو ئۆرگانەكان و هێزی پێشمەرگە بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بە مەبەستی بەرپاكردنی راپەڕین لە كوردستان، لەم رووەوە ئاگاداری بەرەی كوردستانیشی كردەوە تاكو بەشدارییەكە هەمەلایەن بێ و جەماوەریش بەمتمانەوە بڕوانێتە ئەم هەڵوێستە و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی لە پێشهاتێكی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی دروست بێت.
ی.ن.ك بۆچی جێبەجێكردنی پلانی راپەڕین، بڕیاریدا هەموو توانا هەمەجۆرەكانی بخاتەگەڕ و لەو نێوەشدا هەم راگەیاندن و لە نێو راگەیاندنیشدا، ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخستنەكانی یەكێتی و لایەنگرانی و مەفرەزە پارتیزانەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای رزگاری كوردستان كە لە بنەڕەتدا یەكێتی بۆ جێبەجێكردنی پلانێكی لەم جۆرە ئامادەی كردبوو و هەروەها بەشێكی بەرچاوی ئەو پێشمەرگانەی بە هەر هۆیەك پێشووتر گەڕابوونەوە شارەكان، ساز و ئامادە بكات و لە پلانەكە ئاگاداریان بكات.
سەركردایەتیی ی.ن.ك بڕیاریدا هەموو تواناكانی راگەیاندن، ستافی رادیۆی گەلی كوردستان، دەستەی نووسەران و نووسەرانی هەردوو رۆژنامەی رێبازی نوێ و ئەلشەرارە و كادیران و كارمەندانی چاپخانە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێت و ئەم هەنگاوانە نرا:
– ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان دەستیكرد بە تاقیكردنەوەی پەخشی راستەوخۆ، تاكو لە كاتی راپەڕیندا پەخشی راستەوخۆ و بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەموو سات و رووداوەكانی راپەڕین لە شار و شارۆچكەكان بگاتە جەماوەری گەلەكەمان.
– شەوانە چەندین بروسكە بە (جفرە) بڵاودەكرانەوە بۆ رێكخستنەكان، سوپای رزگاریی كوردستان، مەفرەزە پارتیزانەكان، هێزی پێشمەرگە، كە زۆربەیان رێنمایی بوون و كاتی دەستبەكاربوون و ئەو كارانەی پێویست بوون بكرێن.
– رۆژانە تا نزیكەی یەك مانگ، دەیان بانگەواز كە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی نووسرابوون، چەندین جار دەخوێنرانەوە، بانگەوازە كوردییەكان، هەندێكیان بۆ چەكدارە كوردەكانی سەر بە رژێم بوون، تیایاندا داوایان لێ دەكرا لە كاتی راپەڕیندا بێنە پاڵ پێشمەرگە و جەماوەر و لولەی چەكەكانیان نەكەنە خەڵك و پێشمەرگە و لەم ئەركە گرنگە نیشتمانییەدا هاوكار بن. هەندێكی تر لە بانگەوازەكان بۆ جەماوەری كوردستان بوون، تیایاندا داواكرابوو، ئەم فرسەتە لە دەست نەدرێ و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخستنەكان بن بۆ سەرخستنی پلانی راپەڕین و لە هەمان كاتدا دامودەزگا ئاساییە حكومییەكان بپارێزن، چونكە ئەوانە موڵكی خەڵكن بەر لەوەی موڵكی رژێم بن.
بانگەوازە عەرەبییەكان، ئاراستەی ئەو هێزانەی رژێمی عیراق كرابوون كە لە كوردستان جێگیر كرابوون و داوایان لێ كرابوو، راپەڕین دژی ئەوان نییە، دژی رژێمی بەعسە، بۆیە پێویستە چەكەكانیان دابنێن و شەڕی برا كوردەكانیان نەكەن.
– لە هەموو ئەوانە گرنگتر، ئیزگە دەیان جار دەقی ئەو لێبوردنە گشتییەی بڵاوكردەوە كە سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی دەریكردبوو و تیایدا بڕیاری لێبوردنی بۆ سەرجەم چەكدارە كوردەكانی سەر بە رژێم دەركردبوو، تاكو ئەو فرسەتەیان بۆ بڕەخسێ و لەو هەڵوێستەی پێشوویان پاشگەز ببنەوە و بێنە پاڵ خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە.
– لە پاڵ ئەوانەدا، رۆژانە بە چڕی و خەستی وتاری جۆراوجۆر لەسەر پێویستی رزگاربوونی عیراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی لە رژێمی بەعس بڵاودەكرانەوە.
– رۆژانە هەموو ئەو هەواڵانە بڵاودەكرانەوە كە پەیوەندییان بە بارودۆخی سەرجەم عیراق و كوردستان هەبوو كە بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی بەعسەوە هاتبوونە ئاراوە.
– بەر لە دەستپێكردنی راپەڕین بە نزیكەی دوو هەفتە، تیمی ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان كە لە بەشی هەرە زۆری كادیرانی راگەیاندنی یەكێتی پێكهاتبوون، كرانە دوو ستاف بۆ هەردوو پەخشی كوردی و عەرەبی، ستافی رادیۆی شەپۆلی 41 مەتری كە لە گوندی زەڵێ-ی نزیك شێنێ جێگیر بوو، ستافی شەپۆلی 75 مەتری كە سەرەتا لە شاری سەقز جێگیر بوو.
– لەگەڵ دەستپێكردنی راپەڕین، هەردوو ئیزگە رۆژانە نزیكەی 19 سەعات پەخشیان دەكرد و لە شەوی 19\20/3/1991 شەوی رزگاركردنی شاری كەركوك، پەخشی رادیۆ 24 سەعاتی تەواو بەردەوام بوو.
– رۆژانە پێ بەپێی راپەڕین و پەرەسەندنی رووداوەكان، هەردوو ئیزگە بە نۆرە، هەموو هەواڵەكانیان بە هەردوو زمان بڵاودەكردەوە، لە نێویشیدا وتاری پێویست پێشكەش دەكرا.
– هەواڵەكان لە رێی ئەو چەند ئامێری بێتەلەوە دەگەیشتە هەردوو ستافەكە كە لە سلێمانی و رانیە و لای چەند مەفرەزەیەكی پارتیزان و رەتڵەكانی هێزی پێشمەرگە بوون.
– 6/3/1991 ستافی ئیزگەی 41 مەترییەكە بە ئامێرەكانی پەخشو پێداویستییەكانەوە چوونە شاری رانیەی رزگاركراو و لەوێ جێگیر بوون.
– 9/3/1991 ستافی ئیزگەی 75 مەترییەكە بە هەمان شێوە لە شاری سەقزەوە بەڕێكەوت بەرەو شاری سلێمانی ئازادكراو و رۆژی 11/3/1991 گەیشتە سلێمانی و لە گردی عەلی ناجی جێگیر بوو، رۆژی دواتر ستافی 41 مەترییەكەش گەیشتە هەمان شوێن و هەردووكیان پێكەوە لە شاری سلێمانی تاكو 1/4/1991 درێژەیان بە كار و ئەركەكانیان دا.
ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان بەپێی رێنماییەكانی سەركردایەتیی ی.ن.ك و پابەند بەو ئەركەی پێی سپێردرابوو لە چوارچێوەی پلانی راپەڕین، بەباشترین شێوە وەزیفەی خۆی جێبەجێكرد و بە شایەتی دۆست و دوژمن و خەڵكی بە شەرەفی كوردستان و لایەنەكانی بەرەی كوردستانی، رۆڵێكی گەورە و گرنگی بینی لە سەركەوتنی راپەڕینی گەلی كوردستان.