د.سەردار عەزیز

رۆژانەکانی کۆرۆنا

  2020-03-12 15:26      100 جار بینراوە        کۆمێنت

هەولێر هەتابێت گەرم دادێت. ژیانم هێندە نەگۆڕاوە: خوێندنەوە، بیرکردنەوە، نوسین. جار جارێکیش ناوبڕێکی تێدەکەوێت، خواردنی شتێک، تەماشای تەلەفزیون بۆ هەواڵی کۆرۆنا و زۆر شتی تر. شار هەتا بێت هێمن تر دەبێت. بێدەنگی لە ژێر گەرمادا جۆرێک لە تەنیایی و ترسم لەلا دروست دەکات. ئاسمان شینە و دڵم بە خۆرەوە گیرساوە. هەتا پیرتر دەبم زیاتر خۆرپەرست دەبم.
بیر لە مارخۆرێکی شاری ڤۆهان دەکەمەوە. لە شۆربای شەمشەمە کوێرە.  چەند ئاسانە بۆ ئێمە بیر لە ئەوانیتر بکەینەوە وەک پیس.  چەند بێئاگایانە ڕەگەزپەرستین.  لە ساڵی ١٨٥٤ ڕۆژنامەی نیویورک دەیلی تریبیون  وەها وەسفی چینیەکان دەکات کە هێندە ناشارستانی  و پیسن وەسف ناکرێت. لە کوچە و کۆڵانەکانی شار و فەیسبوک هەمان دەربڕینی ڕەگەزپەرستانە دەربارەی چینیەکان و دابو نەریتەکانیان دەبیستم و دەبینم.
چەند خۆشە ناعەقڵانی بیت. بەڵام چیدی ڕۆژگاری وەها ئاسان نیە. کۆرۆنا بیرم دەبات بۆ جیهانگەری، ئەویتر، مناڵەکانم، گۆی زەوی، نەریتەکان. چەندێک ئێمە نیشتەجێی ئەفسانە و نەریت و کەلتور و بەهاکانین.  لە پەکین چێشتخانەیەکی تایبەت هەیە بۆ کێرخواردن. ڕەنگە بێزت بێتەوە. بەڵام ئەگەر لە تەنیشتیەوە چێشتخانەیەک هەبێت بۆ گونی بەران و گوێرەکە، بە دەمێکی پڕ لە لیکەوە بۆ دەڕۆیت. چی لە سەروپێ خواردن پیسترە؟
کۆرۆنا فێرمان دەکات ڕەنگە کوشندەبین بۆ یەک، بۆیە وەها باشە بەر یەکتر نەکەوین. چەند هۆبزیانەیە ئەم واقیعە. ئێمە یەکتر دەکوژین، مەترسین بۆ یەکتر، بۆیە دەبێت سیستەمێک هەبێت ژیانمان بۆ ڕێک بخات. سیستەمێک کە بەشێک لە ئازادییەکانمانی بۆ بکەینە قوربانی  هەتا بە سەلامەتی بژین. هەرگیز هێندە بە زەقی هۆبز واقیعی نەبوە. ئاسایش یان ئازادی، بێگومان کە مەترسی ئاسایشی هەیە، هەموو دەڵێن ئاسایش.
ئێمە هەر لە ئەوانیتر تر ناترسین. لە پەنجە و دەستەکانی خۆشمان دەترسین.  دەترسین دەستەکانمان توشمانکات. کۆرۆنا لە سەدەی بیستویەکدا فێری دەستشۆردنمان دەکات.  
کۆرۆنا چەندێک لەیەکتر دەمانترسێنێت هێندەش لەیەکتر نزیکمان دەخاتەوە. ئەمە ئەو سەردەمەیە کە هەمومان وەک یەک توشی نەخۆشی دەبین، وەک یەکین، لە هەرکوێ بین پێکەوەین. لە کاتێکدا دەمانەوێت سنورەکانمان تۆکمە بکەین دەزانین کە ئەستەمە لە یەکتر داببڕێین.
بیر لە ئیتالیای دڵگیر دەکەمەوە.  ئێستا وڵاتێکی بێ جوڵەیە. هاوەڵەی ئیتالییە باشورییەکانم دەڵێن، باشبوو لە باکور سەری هەڵدا، ئەگینا باکورییەکان نەریتە ڕەگزپەرستیەکەیان  هێندەی تر دەمەزەرد دەکردەوە. 
هیچ شتێک بە ئاسانی ناڕوات، ئاسانسۆرەکە، باڵەخانەکە، سوپەرمارکێتەکە هەموو بۆنی نەخۆشخانە ئەدەن. تەنانەت ئەم ئێوارە کە چومە دوکانی کتێبفرۆشیش بۆنی دیتۆڵی لێدەهات. 
هەموو دەڵێن، بەردەوام دەستەکانت بشو. بەردەوام لە ماڵەوەبە. بە دەستی خۆم نیە، بلیس پاسکاڵم بیردەکەوێتەوە.  ئەو ڕێک لە ساڵی ١٦٠٠ دەنوسێت هەموو کێشەی مرۆڤایەتی لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە ناتوانن لە ژورەکانی خۆیاندا بە تەنها بمێننەوە.
ماڵەکانمان جێگای تێڕامانن، ئەگەر توانای تێڕامانمان هەبێت. من ماڵێكی نیمچە چۆڵی هاکەزایی کۆچەریم هەیە، بەڵام بە هاوکاری باشلار، توانای زیندەخەونم بەکاردەبەم  و بۆم دەبێتە دونیایەکی فراوان. گەر دەتوانیت کتێبێ ئیستاتیکای شوێن بخوێنەوە. 
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین لە هەموو کەسێک زیاتر لە خۆمان دەترسین، لە بیرکردنەوەمان، لە تەنها بونمان. ئێمە لە ترسی خۆمان پەنا دەبەینە بەر ئەوانیتر. 
کۆرۆنا دەمانگۆڕێت، نەخێر.

وتاری زیاتر

تورکیاو کورد: چی دەگوزەرێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-28 11:27      30 جار بینراوە

هێرشی تورک و دوو سەرنج‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-27 15:04      28 جار بینراوە

چین و ئەمریکاو کورد‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-22 14:47      48 جار بینراوە

عوسمانییەت: بە ئاشتی، بە شەڕ‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-21 11:45      28 جار بینراوە

گەوجاندنی پۆستمۆدرێن‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-17 19:23      41 جار بینراوە

هێرشەکانی تورکیا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-15 16:53      51 جار بینراوە

دانوستانی عیراق و ئەمریکا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-14 00:03      58 جار بینراوە

ئەمریکاو عیراق، دانوستان‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-07 19:19      51 جار بینراوە

ساتە کیسنجەرییەکان!‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-01 20:24      54 جار بینراوە

٢٨ ساڵە/ ٢٨٠ ساڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-25 16:18      72 جار بینراوە



لەستایشی لامەرکەزیدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-16 18:45      62 جار بینراوە

کۆرۆنا چۆن دەمانگۆڕێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-04 15:51      67 جار بینراوە

بای بای حوکمداری ئاسان‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-02 15:52      97 جار بینراوە

دێوی حوکمڕانی‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-28 21:12      83 جار بینراوە

حەنین بۆ بەغدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-27 19:13      94 جار بینراوە

بۆچی روسەکان لەسوریان؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-25 23:31      71 جار بینراوە


ئەفیونی کشتوکاڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-24 17:55      69 جار بینراوە


شەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-18 21:13      97 جار بینراوە

ئۆراسیا و شوناسی كوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-15 13:29      91 جار بینراوە

ئایا چین شەڕ دەکات؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-13 14:51      82 جار بینراوە


کورد لەسەدەی بیست و یەکدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-11 15:26      92 جار بینراوە

رۆشنبیرو وەهم‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-06 22:05      97 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو