تەڵال ئەبو غەزالە، رەگەزنامەی ئوردونی و فەلەستینیشی هەیە، ساڵی 1938 لەدایكبووە، ئێستا تەمەنی 82 ساڵە، دامەزرێنەرو خاوەن و سەرۆكی گروپی نێودەوڵەتی تەڵال ئەبو غەزالەیە لەساڵی 1972، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵەی عەرەبیە بۆ راوێژی نێوەندگیری لەخاوەندارێتی فیكری و رێكخراوی عەرەبی بۆ زامنكردنی جۆری فێركردن و خوێندن و سەرۆكی هەریەك لەتۆڕی جیهانی بۆ تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵ و هاوپەیمانی عەرەبی بۆ پیشەسازی خزمەتگوزاری و سەتەری توێژینەوەو كاری ستراتیژی و رێكخراوی عەرەبی بۆ تۆڕەكانی لێكۆڵینەوەو فێركردن و ئەنجومەنی مەعریفەی ئەفرۆئاسیەوی و پەیمانگەی جیهانی عەرەبی بۆ ئینتەرنێت و كۆمەڵەی شارەزایانی بەخشینی مۆڵەت لەوڵاتانی عەرەبی، هەروەها سەرۆكی شەش رێكخراوو دامەزراوەی ترەو ئەندامی چەندین رێكخراوی ترە، ئەمە جگەلەوەی ملیاردێریشەو لەچەندین رێكخراوی تایبەتی سەر بە(UN) كاری كردووەو كاردەكات و كەسێكی شارەزاو بەتوانایە لەهەموو ئەو بوارانەی لەسەرەوە باسكران، جگەلەوەی شارەزایەكی لێهاتووە لەبواری ئابووری و داراییدا.
ئەم بەڕێزە لەكۆتایی ساڵی 2019دا لەبەرنامەیەكی تایبەتی یەكێك لەكەناڵەكانی وڵاتی ئوردون وتی: ساڵی 2020 قەیرانێكی گەورەی ئابووری بەرۆكی دنیا دەگرێ كەهاوشێوەی نییەو رووبەڕووبوونەوەی گەورە لەنێوان ئەمریكاو چین روودەدات، هەر ئەم بەڕێزە لەیەكێك لەبەرنامەكانی جیهان بەرەوكوێ-ی كەناڵەی تەلەفزیۆنی روسیای ئەمڕۆ (RT) وتی: جەنگی جیهانی سێیەم لەنێوان ئەمریكاو چیندا رودەدات، هەر ئەم بەڕێزە لەنوێترین ئەڵقەی ئەم بەرنامەیەداو سەبارەت بەم قەیرانەی ئێستا بەرۆكی دنیای گرتووەو بەتایبەت كەمبوونەوەی نرخی نەوت وتی: لەوانەیە نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە 20 دۆلار.
بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم ئەم مەترسییە بەجدیی وەربگرێ و لەئێستاوە ئاماەكاری بكات بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانەی بەڕێوەیە وەك ئەبو غەزالی دەڵێت.