كۆرۆناو رێنماییە گرنگ و تەندروستییەكانی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەكانی تەندروستی هەفتەیەك زیاترە هەموومانی لەماڵەوە جێگیركردووە، جگە لەو بەڕێزو ماندوونەناسانەی دامودەزگا تەندروستییەكان و كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بەهەموو بەشەكانییەوەو ئاسایش و بەرگری شارستانی و پارێزگاكان و قائیمقام هەموو ئەوانەی ماندوونەناسانە لەهەڵمەتی دژی كۆرۆنادا خەریكن.
لەپاش راپەڕینەوە لەوانەیە ئەمە یەكەم نەورۆز بێ بەشی هەرە زۆری خەڵك لەماڵەوە بن و نەچنە دەشت و سەیران و یاپراخی گەڵامێوو سڵق و بریانی لێ نەنێن و چایەكی خەڵوز نەخۆنەوە.
ئاساییە، ئەم پەتایە كەدەریش دەكەوێ دەستكردنی زلهێزەكانە، مەبەست لێی دروستكردنی قەیرانێكی تەندروستی و ئابوورییەو مەبەستیش لێی قازانجی خۆیان و باڵادەستییانە، ئەوەی دەوێ هەموو بەرەنگاری بینەوە، لەماڵەوە بین، لەنێو خاوو خێزاندا، جارێكی تر ئەو پەیوەندییەی ئینتەرنێت و مۆبایل و فەیسبووك كاڵی كردبووەوە دەمەزەردی بكەینەوەو بەخۆشماندا بچینەوە بزانین چەندە لەئازیزانمان دووربووین.
رژێمی رووخاوی بەعس بەهەموو شێوەیەك ساڵانە رێگریی دەكرد لەوەی گەلەكەمان ئاهەنگی نەورۆز بەو شێوەیەی بۆی دەكرێت بگێڕێ، بەڵام بۆی نەدەكراو بەكەمی و بەكزیش بوایە ئاگرەكە دەكرایەوە، ئێستاش كۆرۆنا ناتوانێت بەرمان پێبگرێت، دەكرێ هەموومان لەماڵەوە بەدیار یەكترەوە گەر بەمۆمیش بێ ئاگری نەورۆز بكەینەوەو یاپراخەكەشی بۆ بكەین و جلی كوردیش لەبەربكەین و سروودی نەورۆزیش بڵێینەوە، جەماعەتی سیفونە تاڵەكەش قومێكی بۆ نۆش بكەن.
نەورۆزی ماڵەتەوەتان پیرۆزبێ، هەمووساڵێك بەخۆشی و تەندروستییەكی باش