پیاوێكی رەقەڵەی سیلدار، لەڕۆژانی جەنگی جیهانی یەکەم، لە پراگ، چیرۆکێک بەو ناوەوە دەنووسێت. هەتا مردنی بڵاوی ناکاتەوە، کە بڵاودەبێتەوە دەبێتە یەکێک لەکارە گرنگەکانی بەئەفسانەکردنی ئەو دیوارە، ئەو پیاوە ناوی فرانز کافکایەو لەچیرۆکەکەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەم دیوارە ناتوانێت خەڵکێک بپارێزێت و ببێتە وێنایەک بۆ یەکخستنی خەڵکیک، کافکا ئەو رۆژانە دژ بەئایدیای دەوڵەت نەتەوەیە، ساڵانێکی دواتر نابینایەک لەئەرجەنتین لەو چیرۆکە رادەمێنێت و زیاتر لێی ورد دەبێتەوە، ئەو نابینایە ناوی بۆرخسە، ئەو لەگەڵ بونیادی دیوارەکەدا نهێنییەکی تری ئیمپراتۆر کینمان پێدەڵێت، ئەم ئیمپراتۆرە کە بونیادنەری ئەم دیوارەیە لەهەمانکاتدا بەوە ناسراوە کە سوتێنەری کتێب و بکوژی لێکۆڵەران بووە، بورخیس دەیەوێت تێبگات چۆن کەسێک لەکاتێکدا بونیادنەرە، لەهەمانکاتدا روخێنەر. رەنگە ئامانجی کین ئەوەبێت هەموو شتێکی پێش خۆی بسڕێتەوە.
یەکخستنی چین، پاراستنی چین، داکۆکیکردن لەخاکی چین لەخەمە گەورەکانی مێژوی چینن: نە بەدروستکردنی دیوارەکە تەواو دەبێت و نە لەپاش دیوارەکە، ئەم دیوارە ئەمڕۆ چەندێک لەخشت و بەرد و قسڵ دروستکراوە، هێندە رەهەندە سیمبولی سیمۆلیۆژییەکەی گرنگە.
جولیا لۆڤیل کتێبێکی دەگمەنی دەربارەی نووسیوە، ئەم رۆژگارە بەهەڵەدا دەچین گەر لەدیواری چینەوە چین ببینین، بۆ کیسنجەر ئەم دیوارە ئاماژە بوو بۆ نەبوونی خواستی چینییەکان بۆ گەیشتن بەئەویتر، ئەویتر هەمیشە وەک بەربەری ناسراوە لەکەلتووری ئەواندا، بەئینگلیزەکانیان دەگوت بەربەرییە سوورەکان.
بەڵام ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەمڕۆ دەست نادات، ئەمرۆ رێگا، ڕەنگە چەمکێکی گونجاوبێت، بەڵام نابێت بەتەواوی دیوار بخەینە ئەو لاوە، ئایا سەردەمی چینی ناو دیوار بەندەکان بەسەرچوو؟ جولیا پێمان دەڵێت نەک سیستەمی ئاسایشی چینی بەڵکو زمانی چینیش وەک دیوارەکە بونیادنراوە.
بەڵام چۆن دیوارو رێگا پێکەوە ببەستین، رێگا ئەمڕۆ لەڕێگای ئاورێشمینەوە دەستپێدەکات، بەرهەمهێنانەوەی ئەفسانەیی ئەم رێگایە هێندە بۆ پێدانی باکگراوندێکی جوانە بۆ ئێستا، هێندە بۆ گەیاندنی دونیابینیەک نییە، بۆئەوەی لەڕێگای ئاورێشمین تێبگەین دەبێت لەعەشقی ئەسپ و بێزاری لەپۆنی لای هانەکان تێبگەین، دەبێت مێژووی سەمەرقەند بخوێنێنەوە.
رێگا ئەوەندە لەکۆنکریت و ئاسن و شێلمان دروست دەکرێت دوو هێندە لەئەفسانە، هیچ چەمکێکی تر هێندە چەمکی رێگا سکپڕ نییە بەخوداوەندێتی. وەرە سەر رێگای راست، برا گیان. تەنانەت رۆژنامەی شیوعییەکانیش ناوی رێگای راستە.
بۆ ئەوەی لەڕێگا تێبگەین دەبێت لەدیوار تێبگەین. گرنگتر لەڕێگا، یەکێبوونی رێگایە، تاقانەیی رێگایە. یەک رێگا یەک پشتێنە، بەڵام ئەوەی فریومان دەدات لەزمانی چینیدا رێگا لەناو ئاوەو پشتێنە لەوشکانی.