لەوانەیە هەركەسێك جگە لەیەكێتییە دڵسۆزو بەئەمەكەكان ئەم ناونیشانە ببینێت بڵێ ئەم كابرایە خڵەفاوە، یەكێتی چی، نەخێر نەخڵەفاوم، یەكێتی چەند تووشی گرفت و نشووستی بێ، سەربەرزانەترو بەهێزتری لێ دەردەچێ و جارێكی دیكە شان دەداتەوە بەر ئەركە قورسەكان و دەیسەلمێنێتەوە كەحزبی خەڵك و تێكۆشەرانی رێگای كوردایەتییە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یەكێتی هەم وەك بەشدارێكی حكومەت لەڕێی نوێنەرەكانییەوەو لەسەرو هەمووشیانەوە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەم وەك سەرۆكایەتی حزب و هاوسەرۆكایەتی حزب و هاوسەرۆكەكان و ئەو دامودەزگایانەی هەیەتی هەموو هەوڵێكی خۆی خستەكار.
یەكەم: بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەو جێبەجێكردنی هەموو رێنمایی و راسپاردەكان و هەموو لایەكیشی بۆ ئەو مەبەستە راسپارد.
دووەم: وەك حزب هاوكاری حكومەت و دامودەزگاكانی بكات و دەستگیرۆیی بكات لەدابینكردنی پێداویستییە پزیشكی و تەندروستییەكان، لەهەمانكاتدا هەڵمەتێكی بەرفراوانی دەستپێكرد بۆ هاوكاری خەڵكانی كەمدەرامەت و ئەوانەی پێویستیان بەدەستگیرۆییە، لەو چوارچێوەیەدا هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی بڕیاریان دا پێداویستی تەواوی نەخۆشخانەی تایبەت بەكۆرۆنا لەهەڵەبجە دابینبكەن، هەروەها زۆربەی مەڵبەندەكانی یەكێتی، بارەگای مەڵبەندەكانیان خستە خزمەت بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی لەسنوورەكانی خۆیان، تاكو لەكاتی پێویستدا بەكاریبهێنن.
لەهەڵوێستێكی دیكەی مرۆڤانەو یەكێتیانەدا رێكخراوی مرۆیی مام جگە لەكارەكانی چەند هەفتەی رابردوو، پرۆژەیەكی خێرخوازی بەرفراوانی راگەیاند بۆ هاوكاری هەموو ئەو خێزانانەی پێویستیان بەهاوكاری و دەستگیرۆیی هەیە لەم بارودۆخە ئابوورییە سەختەدا.
لەلایەكی دیكەوە خەستەخانەی شۆڕش كەدەزگایەكی گرنگی تەندروستییەو سەر بەدەزگای تەندروستی پێشمەرگەیە خەستەخانەیەكی 60 قەرەوێڵەیی لەماوەیەكی كورتدا ئامادەكرد بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، هەروەها رۆژانە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە پەیوەندی بەپێشمەرگە دێرین و تێكۆشەرە دێرینەكان و خەڵكانی تریشەوە دەكات بەمەبەستی بەئاگابوون لەتەندروستی و دابینكردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان گەر پێویست بوو، هەروەها دڵنیابوون لەباری ئابوورییان و گەر هەر پێویستییەكیان هەبوو بۆیان دابینبكەن.
لەڕاستیدا ئەمەیە بەشێك لەڕێبازو رێگا پڕ شكۆكەی مام و شەهیدانی سەروەری یەكێتییكەمان.