كۆرۆنا، كۆڤید ١٩، تەنها پەتایەك نییە زەرەری تەندروستی هەبێ و تووشی ملیۆنەها بێ و سەدان هەزار كەسیش بكوژێ، بەڵكو كارەساتیكی جیهانی تەندروستی، كۆمەلایەتی، ئابوورییە و دونیای رووبەڕووی ئەزموونێكی قورس كردووەتەوە.
لەڕووی تەندروستییەوە بەر لەهەر لایەك وڵاتە ئابوورییە گەورەكانی جیهانی تووشی شۆك و حەپەسان و دەستەوەستانی كردو هەندێ لەو وڵاتانەی لەچاو توانای ئابووری و تەكنەلۆجی و بواری تەندروستییان تووشی كارەساتی گەورەی تەندروستی كردووە، بەنموونە ئەمریكا، بریتانیا، فرنسا، ئیتالیا، ئیسپانیاو بەشیك لەو وڵاتانە ناچاربوون داوای هاوكاری بكەن لەوڵاتانی تر، بەتایبەت ئیتالیا كەداوای هاوكاری لەیەكێتی ئەوروپا كردو بەدەنگیشییەوە نەچوون و لەبری ئەو روسیا هاوكاری گەورەی كرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا چین چەندین تیمی تەندروستی ناردووە بۆ ژمارەیەك وڵات و تەنانەت فرۆكەیەكی پڕ لەپێداویستی تەندروستی نارد بۆ ئەمریكا، هەروەها روسیاش فرۆكەیەكی پڕ پێداویستی نارد بۆ هەمان وڵات.
هەر ئەمریكاش رۆژی ٤/٣ یەك ملیۆن و سەد هەزار دەمامكی لەچین كڕی و بەپێی ئاژانسەكانیش ئەمریكا لەدەریادا یەك پاپۆر دەمامكی كڕیوە، لەهەمانكاتدا زۆربەی ئەو وڵاتانە بەنیازن بەسیستمی تەندروستیاندا بچنەوە وەك خۆیان رایانگەیاندووە، چونكە نەیانتوانیوە وەك پێویست بەر بەبڵاوبوونەوەی پەتاكە بگرن. لەبارەی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیشەوە، كارەساتێكی گەورەی مرۆڤایەتی دەگوزەری كاتێك دەیان هەزار كەس گیانیان لەدەستداوەو لەنێویشیاندا هەزاران بەساڵاچووی تیادایە كە لەخەڵوەتگاكاندا جێهێڵدراون بۆ مردن. لەڕووی ئابووریشەوە ، ولاتانی دونیا چەندین ترلیۆن دۆلاریان لەهەموو بوارەكاندا زەرەر كردووە، پیشەسازی، بانك، گەشتوگوزار، فڕۆكەوانی، بۆرسە، نەوت...هتد. هەر بەو هۆیەشەوە لەئەمریكا لەماوەی چوار هەفتەی رابردوودا هەشت ملیۆن كەس بێ كار بوون، لە برتانیا سێ ملیۆن، سوید لەم هە فتەیەدا بێكارەكانی دەگەنە پێنج سەد هەزار كەس، ئەمانە وەك نموونەو بێگومان ملیۆنەهای تر لەوڵاتانی دیكە بێكار بوون.