بەر لەدوو ھەفتە زیاتر بابەتێکم نووسی و چەند پێشنیارێکم خستە بەردەم حکومەتی ھەرێم بۆ جۆرێک دەستپێشخەری لەھاوکاری ئەو کاسبکارانەی زەرەرمەند بوون لەڕێکارە تەندروستییەکان بەھۆی بلاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوه، واجارێکی تر وردتر پێشنیارەکان ئەخەمەڕوو:
ئەو کاسبانەی کاری سادەو پچووکیان ھەیە، لەدەستگێڕو خاوەن عەرەبانەو کاسبی سەرشۆستەکان و وەستاو کرێکاری بیناسازی وشۆفێزی پاس وتاکسی وخاوەن پیکاب و لۆری و ئامرازەکانی تری گواستنەوەی کەلوپەل و ئامێرەکانی تری بیناسازی، حکومەت پاش ئامارێکی ورد لەڕێی ئەنجومەنی پاریزگاکانەوە، لانی کەم سێ لەسەر چواری داھاتی یەک مانگیان پێبدات.
بەدلنییاییەوە حکومەت باری دارایی زۆر خراپە، دەکرێ بەشێک لەو پارەی قەرەبووە لەمووچەو خانەنشینی پلە بالاکان دابینبکات وەک بەشدارییەکی ئەوانیش لەتێپەراندنی ئەم قەیرانە، ئەوکاسبکارو بازرگان و خاوەنکارانەی تر، حکومەت دەتوانێ بەچەند شێوەیەک قەرەبوویان بکاتەوە، ئەوانەی کرێچی دامودەزگاکانی حکومەتن، حکومەت لەکرێی یەک دوومانگیان ببوورێ، ھەندێکی تریان لەکرێی چەند مانگێکی ئاوو کارەبا، ھەندێکی تریشیان لەبەشێکی باجی سالانەیان. بەمەش حکومەت ھەمبەشێک لەئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێدەکات ھەم کەمێک لەو بارە گرانە کەمدەکاتهوه کە کەوتۆتە سەر شانی بەشێکی بەرفراوانی خەلک.