لەساڵی ٢٠١٤ەوە تا کۆتایی ٢٠١٨ حکومەتی ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قورس بووەوە بەھوی رێکنەکەوتنی ھەرێم و بەغدا لەمەسەلەی نەوتداو بڕینی بودجەی ھەرێم و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش کە دەرەنجامەکەی ھاتنەکایەی پاشەکەوتی مووچە بوو بەشێوەیەک کە ١٥% تا لە ٧٥% مووچەی فەرمانبەران بڕدرا، ئەمە جگە لەدواکەوتنی چەند مانگێکی مووچە بەئێستاشەوە.
ئێستا بەداخەوە قەیرانێکی لەو بابەتەو قورستریش لەگەڵ ھەرێمدا سەرەتاتکێ دەکات و خۆشی پیشان داوە، نرخی نەوت بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دابەزی، راستە ھەندێک ئابووریناس پێشبینی دابەزینی نرخی نەوتیان دەکرد، بەڵام نەک بەم شێوەیە، پێ ناچێت وەفدی دانوستانکاری ھەرێم لەگەڵ بەغدا گەیشتبێتە دەرەنجامێکی ئەوتۆ کە ئاھێکی تێدابێ، بەتایبەتی لەبارەی بودجەو نەوتەوە، بەشێوەیەک ئێستا قسە لەوە دەکرێت کە بەغدا مووچەی ھەرێم نەنێرێت و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیران بەڕەسمی بەنووسراوێک وەزارەتی دارایی عیراقی لەوبارەیەوە ئاگادارکردووەتەوە.
ئێستا بەھۆی ئەم پێشھاتەوە، باس ھەر باسی مووچەو کەمکردنەوەی یان ھەر نەمانێتی.
دەبێت حکومەت لەم بارۆدۆخەدا چی بکات؟
یەکەم: بەھەموو شێوەیەک ھەوڵبدات لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت بەمەرجی پاراستنی مافە دەستورییەکانی ھەرێم، تاکو ھەر ھیچ نەبێت مووچەی فەرمانبەران دابین ببێت.
دووەم: فرسەتێکی باشە بۆ حکومەت ھەنگاوێک لەشەفافییەتدا بنێت لەمەسەلەی داھاتدا، لەکاتێکدا کە قسەی ھەمەجۆر لەم بوارەدا ھەیە، حکومەت بەخەڵک بڵێت سەرچاوەکانی داھاتی چییە، لەنەوت چەندی دەستدەکەوێت، بەم نرخەی ئێستاش، داھاتی دەروازە سنورییەکانی چەندە لەم بارودوخەدا، داھاتی باجەکانی، لەبەغداوە چی بۆ ھاتووە، بەمەش ھەنگاوێکی گرنگ دەنێت و سەرەتایەکی باشیش دەبێت لەم بوارەدا، بەپێچەوانەوە گلەیی و گازەندە زیاتر دەبێت و دەرفەتێکی باشیش دەبێت بۆ ناڕەزایی و زیاتر تومەتبارکردنی حکومەت.