ناونیشانێكی سەیرە، دڵنیام خوێنەری بەڕێز سەری سوڕ دەمێنێ كە دەیبینێ، هەڵە نییە ناونیشانێكی راستە، بۆ؟ ئێستا بەداخەوە ئایین بەشێكی بووە بەسیاسەت، بەشێكی خەڵكیش لەترسی ئەو خورافاتەی بەناوی ئایینەوە بڵاودەكرێتەوە نوێژ دەكات و بەڕۆژو دەبن، بەشێكیشیان لەبەر چاولێكەری، بەشێكی باشیشیان بێ ریایی و ترس و چاولێكەری ئیماندارو ئایین پەرستن و نوێژو رۆژووەكەیان بۆ یەزدانی پاكە، ئەوانەی جاران و ئەو سەردەمەی ئایین بۆ خوابوو و بۆ سیاسەت نەبوو، بۆ یەزدان بەڕۆژو دەبوون وەك بەشێكی باشی خەڵكی ئەم سەردەمە.
من منداڵ بووم هێشتا نەچووبوومە مەكتەب، باشم بیرە، باوكم و دایكم ئایشێی حاجی محەمەدی خونچەلە، هەردووكیان رەمەزانان بەڕۆژو دەبوون، باوكم تا نسكۆی ١٩٧٥ ساڵانە بەڕۆژو دەبوو، بەڵام دایكم هەتا كۆچی دواییشی كرد لەنوێژو رۆژوو بەردەوام بوو.
باوكم بەشەوق و زەوقێكی زۆرەوە بەڕۆژوو دەبوو كەشی تایبەتی بۆ خۆشی و ئێمەش دروستدەكرد، ئێمە سەرەتای شەستەكان بەهۆی نەفی كردنی باوكم بەهۆی سیاسەتەوە لەجنوب-خواروی عیراق- بووین، دوو سێ رۆژ پێش رەمەزان، باوكم قەلێكی ئەكڕی، قەل لەجنوب هەرزانە، چونكە كەمتر ئەیخۆن، هەمو رۆژێ كە لەدەوام ئەهاتەوە، دوو سێ گوێزو دەنكە خورمای ئەكرد بەقورگا تاكو تا كۆتایی رەمەزان قەڵەو بێ هەموو ئێوارەیەكیش نیو سەعات بەر لەبەربانگ، خۆی بەدەستی خۆی دوو خواردنی ئامادەدەكرد، نسكێنەو خورماوڕۆن، چونكە زۆرحەزی لەهەردووكیان بوو، بۆ شەویش گەر خەفەر نەبوایە، یان گوڵەبەڕۆژە یان گەنمەشامی بۆ دەبرژانین و پێكەوە بەدیار رادیۆی كرماشان دەمانخوارد، بۆ پارشێویش زۆرجار دایكم چێشتی تازەی لێ دەنا ئێمەش بەخۆشی ئەوانەوە بۆ پارشێو هەڵدەستاین و لەگەڵیان پارشێومان دەكرد.