مەلا بەختیار

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست

  2020-05-04 14:43      102 جار بینراوە        کۆمێنت

(بەشی شانزەهەم)
جەهلی موقەدەس و دابڕانی زانستی
مەترسیدارترین نەخۆشی كۆمەڵایەتی، نەخۆشی چەقبەستنی هزرە، لەئەندێشەكانی سەدەكانی ناوەڕاستدا، مەبەستمان لەئەندێشەكانی سەدەكانی ناوەڕاست، تەواوی ئەو ئەندێشانەیە، لەژیانی كۆمەڵایەتیدا (نەك لە ئازادی ئاینیدا) هەژموونگەری رەهایان لەسەر تاك‌و كۆی كۆمەڵ‌و ژیانی كۆمەڵایەتیش هەبێ‌.
سەدەكانی ناوەراست، سەدەی دەسەڵات‌و كولتورو نەریتی دەرەبەگایەتییە، بۆ ئەو وڵاتانەی سیستەمی كۆیلەیەتیان سەراپا گۆڕیووە بەسیستەمی دەرەبەگایەتی (وەكو وڵاتانی رۆژئاوا) لە وڵاتانی ئاسیا، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفریقیا، ئێستاش نەك سیستەمی دەرەبەگایەتی‌و پاشماوەكەی، بەڵكو پاشماوەی كۆیلەیەتیش ماوە، وەكو دارستانەكانی سودان، سۆماڵ، ئەریتیریا، بەرازیل‌و فلیپین.. تەنانەت لەناو هەندێك هۆزدا پاشماوەی كۆمەڵی سەرەتایی (مشاعیە البدائیە)یش ماوە.
لەخۆڕا نییە، لەبری دەربەستبون بۆ نیشتمان، پەیوەستبون بە هۆزو سەرۆك هۆز بەهێزە؛ لەخۆڕاش نییە، ژنكوژی هێشتا لە وڵاتانی دواكەوتودا، بەناوی پاراستنی شەرەفەوە، بەهێزە. هەروا فرەژنی پەشم نییە‌و پاراستنی داب‌ونەریتی رزیوی دێرینە سەربەرزییە. لە هەمووشی خراپتر، لەم وڵاتانەدا، پرسیار لەسەر پرسە هەستیارەكان قەدەغەیە. رەخنە لە ئاین لادانە. سەربەستی ژن، سەرشۆڕییە..تاد.
لە رۆژئاوادا، ئەم دیاردە دزێوانە، وەكو رێسای نەریت خراونەتە مۆزەخانەی شەرمەزاریەوە. شەرمە، نەك هۆزێك، بەڵكو تاقە كەسێكیش، ئەو نەریتە دێرینانە بسەپێنێ‌. بەڵكو پرۆسەی دیموكراسی‌و مەدەنیەت‌و سەربەستی تاكگەرایی، بەربەستێكی وشیاری كۆمەڵایەتی، لەبەردەم سەرهەڵدانەوەی ئەندێشەكانی سەدەكانی ناوەڕاستدا، دروستكردووە. گەرچی، دیموكراسی‌و نوێگەری، كۆمەڵێك دیاردەی نالەباریشی هێناوەتە ئاراوە. رۆژئاواییەكان، كەوتونەتە رەخنەلێگرتنیان‌و گۆڕانیان. بێگومان هەندێك داب‌ونەریت لە رۆژئاوادا ماوون، بەڵام نە لە دەسەڵات‌و نە لە ژیانی كۆمەڵایەتیشدا، رێسای ژیان نین‌و ناسەپێنرێن.
جگە لە سەرهەڵدانی رینیسانس‌و ئاینسازی، لە گەرمەی سەردەمی نوێگەریدا، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی (جهل المقدس- كوێرەوەری پیرۆز) لە هزری رای گشتیدا، بنەبڕ بكرێ‌، فەلسەفە لە رۆژئاوادا، بە رەخنەی جیاواز جیاواز، نەگیرسایەوە، بەڵكو، گەیاندیانە رادەی "دابڕان"ی مەعریفی- یان دابڕانی ئەبستمۆلۆژی. ئەم دابڕانە مەعریفییە؛ قۆناغی هەستیاری‌و هەستكردنی بە دیاردەو دەركەوتەكان، جێهێشت بۆ قۆناغی مەعریفەی زانستی. واتا: چیكە، فەلسەفە، نەیدەتوانی لەسەر زانیاری‌و مەعریفە گشتیەكان گیربخوات. چونكە ئەم گیرخواردنە، لە هزردا، زەمینەسازی (جهل المقدس-كوێرەوەری پیرۆز) بوو. بۆیە، فەلسەفە، لە قۆناغی دابڕانی مەعریفیدا، پشتئەستور بە زانست‌و زانیاری، دابڕا لە هەست‌و هەستیاری رای گشتی، كە تا ئەوكاتەش كاریگەری قوڵی لەسەر بیركردنەوەی رای گشتیدا مابوو. لەكاتێكدا، ئەركی فەلسەفەی زانستی، تەنها ئەوە نییە كاریگەری لەسەر رای گشتی هەبێ‌.. بەڵكو ئەركە زانستییە مێژووییەكەی، گۆڕینی رای گشتییە، لە رای گشتی داخراوەوە، كە كەمێكی موتوربە كرابێ‌ بە زانست، بۆ رای گشتی كراوە كە سەراپای بیركردنەوەی زانستیانە بێ‌. واتا: رای گشتی، كە بە رێژەیی بیری زانستیانە بكاتەوە؛ جیاوازە لەو رای گشتییە، بەتەواوەتی پەروەردەی زانستیانە دەكرێ‌. بیركردنەوەی زانستی رێژەیی، بۆشاییەكی گەورە لە ئەندێشەدا بۆ دواكەوتن دەهێڵێتەوە، بۆ پاراستنی ئەندێشەكانی سەدەكانی ناوەڕاست دەمێنێتەوە؛ كە ئەمانەش ئاستی روناكبیری لاواز دەكەن‌و كاریگەری جەهلی موقەدەس دەپارێزن.
كاتێك بوار بۆ جەهلی موقەدەس، لەناو كۆمەڵدا دەمێنێتەوە، ئیتر لە بواری حیزبایەتی، ئایدیۆلۆژی، عەقیدەگەرایی‌و ژیانی كۆمەڵایەتیدا، دەمێنێ‌، بەبێ‌ پەروەردەی روناكبیری، جەهل بپارێزرێ‌.. بەڵكو بەناوی جەهلی پیرۆزیەوە، چ دینی‌و چ دونیاییەوە، تاوانی گەورەش ئەنجام بدرێ‌.. وەكو لە مێژووی دەسەڵاتە دینیەكانداو لە مێژووی دەسەڵاتە دونیاییەكاندا، هەتا دەگاتە سەردەمی دیموكراسی‌و بەناو سۆسیالیستیش، لە ستالینەوە، بۆ پۆل پۆت، هەتا ئەمڕۆش، تاوانی جۆراوجۆر، ئەنجام دەدرێ‌!!

وتاری زیاتر


هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی‬ مەلا بەختیار
2020-09-12 21:05      47 جار بینراوە

عومەر شیرەمەڕیی كۆچت ناوەختە!‬ مەلا بەختیار
2020-09-08 14:56      73 جار بینراوە














وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-14 10:56      125 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      118 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-09 22:56      136 جار بینراوە







وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-28 16:52      132 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-26 01:12      105 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو