(86)
دوای بەسەربردنی بیست ساڵ ژیانێكی سەخت و ناخۆش لەزیندان ئازاد كرا، لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی ئازادو پاك و بێگەرد، بوو بەسەرۆكی وڵاتی ئەفریقیای باشوور، لەبۆنەیەكی جەماوەریدا دەگێڕێتەوە:
دوای ئەوەی بووم بەسەرۆك كۆمار، رۆژێك داوام لەهەندێ لەگاردی پارێزگاری كۆشكی كۆمار كرد، بەیەكەوە گەشتێكی ناو بازاڕ بكەین و وەكو هەر مرۆڤێكی ئاسایی لەیەكێ لەڕێستۆرانتەكان نانێ بخۆین، لەیەكێ لەچێشتخانەكان لامانداو لەسەر مێزێك دانیشتین، هەر یەكێ لەئێمەمانان بۆ خۆی داوای خواردنی كرد.
پاش ماوەیەك شاگردەكانی رێستۆرانتەكە خواردنەكانیان بۆ هێناین، سەیرم كرد پیاوێك لەمێزەكەی ئەوبەرمانەوە بەتەنیا دانیشتبوو. منیش بەیەكێ لەسەربازەكانم وت بچێ پێی بڵێ بێتە سەر مێزەكەی ئێمەو بەیەكەوە نان بخۆین، كابراش خواردنەكانی خۆی هەڵگرت و هاتە سەر مێزەكەی ئێمە، ئیتر هەموومان خەریكی نانخواردنی خۆمان بووین. دوای تەواوكردنی، هەموومان هەڵساین و رۆیشتین، لەڕێگای گەڕانەوەماندا یەكێ لەسەربازەكان لێم نزیك بووەوەو پێیوتم:
-گەورەم..! دەزانی ئەو پیاوە نەخۆش بوو..؟
-منیش لێم پرسی: چۆن دەزانی…؟
-ئاخر لەكاتی نان خواردنەكەیدا هەردوو دەستی دەلەرزین.
منیش پێم وت:- ئەو پیاوەو دەست لەرزینەكەی چیرۆكی خۆی هەیە.
-چۆن قوربان… جەنابت دەیناسی…؟
ئەو ساڵانەی لەزیندان بووم، زۆربەی رۆژەكان دەیانبردم بۆ ئەشكەنجەدان، چەند یاساوڵێكی زیندان بەردەبوونە گیانم… تێڵا، بۆكس، شەقو بەجنێوی سووكەوە تاكو شلوكوت دەبوون لێیان دەدام، منیش هەموو گیانم دەكەوتە سەر گۆمی خوێن، ئیتر بەچواردەست فڕێیان دەدامەوە ژوورە بچووكە تاریكەكەم.
تۆ واز لەئازاری دەروونی و جەستە بێنە، تۆ واز لەخوێنڕۆشتنی دەم و لوت و جەستەم بێنە… تۆ واز لەژێرپێیەكانم بێنە، كە لەژێر زەبری قامچی فەلەقەیان دەبوو بە (هیزەی رۆن)+، گەرووم… گەرووم هێندە وشك دەبوو زۆر بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا، خەریك بوو تینوێتی بمخنكێنێ، بۆیە بە نووزە داوای پەرداخێك ئاوم لەو پیاوە دەكرد كە ئەوسا پۆلیس و چاودێری ژووری زیندانەكەم بوو.
جا سەیرەكە لەوەدایە ئەو پیاوە هێندە دڵڕەق و بێ بەزەیی بوو سەرباری گاڵتەپێكردنم، سەرباری جنێودانی سووك، لەبری هێنانی پەرداخە ئاوەكە دەهات (میز)ی بە دەم و چاومدا دەكرد.
ئێستاش كە سەیر دەكات، بەندە لەزیندان دەرچووم و بووم بەسەرۆك كۆمارو كۆمەڵێك سەربازم لەگەڵدایە بۆ پارێزگاری، لەوە دەترسێ تۆڵەی لێبكەمەوە، ئەو دەست لەرزینەی بەهۆی نەخۆشییەوە نییە، بەڵكو لەترسانایە، بەڵام من چۆن شتی وا نامرۆڤانە دەكەم، ئەوە نە لەپیاوێكی وەكو من و نە لەئاكاری من دەوەشێتەوە.
ئاخر عەقڵیەتی تۆڵەكردنەوە دەوڵەتی پێ دروست ناكرێ، چونكە تۆڵە تۆڵەی لەدوایە، عەقڵیەتی لێبوردەیی؛ گەلان دروستدەكات.
*هیزە: ئەو پێستەی جاران كوردەواری (ڕۆن)یان تێدا هەڵدەگرت.
-سوپاس بۆ هاوڕێم قوباد مەلا رەسوڵ، كە ماوەی چەندین ساڵ بەیەكەوە پێشمەرگە بووین ئەم بابەتەی بۆ ناردم. منیش لەبەر گرنگی و بایەخی بابەتەكە، كردمە ئەڵقەیەكی گۆشەكەم.