مەلا بەختیار

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست

  2020-05-09 22:56      137 جار بینراوە        کۆمێنت

(بەشی حەڤدەهەم)
بەریەككەوتنی مەعریفەی زانستی‌و مەعریفەی گشتی
لەبەشی پێشوودا، وتمان: دابڕانی مەعریفەی زانستی، دادەبڕێ‌ لە مەعریفەی گشتی. مەعریفەی گشتی، كەمتر لەسەر بنەمای بنج‌وبنەوانی دیاردەو دەركەوتەكان، كار دەكات. بەڵكو بەپێچەوانەوە، گشتاندنی مەعریفە، یان زانین، بنج‌و بنەوانە زانستیەكان دەشێوێنێ‌. بۆیە، كاتێك، دابڕانی زانستی، لە دووڕیانێكی مێژووییدا، دەبێتە ئەركی مێژوویی مەعریفەی زانست‌و رەخنەی لێبڕاوی فەلسەفەو بیركردنەوە، لە ئەندێشە باوەكانی سەدەكانی ناوەڕاست‌و پاشماوەكانی لە سەدەكانی تریشدا، هەردو ئاڕاستە زانستییە مەعریفییەكەو زانستە گشتییە باوەكە، لێكهەڵدەبەزن‌و ماوەو مەودایەكی درێژی دەوێ‌، هەتا مەعریفەی زانستی، لەناو پرۆسەیەكی درێژی گۆڕانكاریدا، دەچەسپێ‌. بەڵكو مەعریفەی زانستی، دژایەتی توندو هەمەلایەنەش دەكرێ‌. لەمبارەوە هاشم ساڵح بە دیقەت دەڵێ‌:
"مەعریفەی زانستی لەگەڵ هەستی گشتی دەتەقنەوەو ماوەیەكی درێژی دەوێ‌ هەتا لەناو خەڵكدا دەچەسپێ‌. بەڵكو لەسەرەتاوە خەڵك دژایەتی دەكەن‌و لێبڕاوانەش رەتیدەكەنەوە. سەرباری ئەوەش، لێكدانەوەی زانستی بۆ دیاردەكان بەزۆری نائومێدی دەبەخشن، چوكە ئەفسون‌و جوانكاریەكان لە رووی شتەكان دادەماڵێ‌". (هاشم ساڵح. مخاضات الحداثة التنویریة. ل11).
لە هەمان لاپەڕەدا ئاماژە بە وتەیەكی نایابی (باشلار)ی فەیلەسوفی مەعریفەی زانستی دەدات‌و دەنوسێ‌:
"باشلار، ئەركی زانای مەعریفە (ئەبستمۆلۆژیا) لە جیاكاری مەعریفەی زانستی دروست‌و مەعریفەی گشتی پڕ لە هەڵەی باوە. بەڵام ئەم هەڵانە وەكو هەڵە خۆیان نمایش ناكەن، بەڵكو خۆی بەسەر كۆمەڵدا وەكو راستی حاشاهەڵنەگر دەسەپێنێ‌".
هەڵە باوەكان، لەهەموو بوارێكی ژیان‌و ژیانی كۆمەڵایەتیدا، تەنها هەڵە زەقەكان نین، بەڵكو ئەو هەڵانەن، لە فۆرمی زانست‌و پەروەردەی زانستیدا، دەرخواردی هزرەكان دراوون. ئەمە لەكاتێكدا، بنەمای ئەو هزرانە، نازانستین‌و بە نرخی زانست خراونەتە بازاڕی ئەو ئەقڵە دواكەوتوانەی، كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی زانستدا، تینوی زانستن، بۆیە هەڵەی نازانستیش، بەئاسانی ئاخنراونەتە هزرەكانەوە.
كێشەی گەورەی هزری مرۆڤ، كە لەژێر كاریگەری ئەندێشە داخراوەكاندا پەروەردە كراوون، لەوەدایە، بە سادەیی تێگەیشتنی زانستی بۆ گەردون‌و دیاردە كۆمەڵایەتی‌و دەركەوتە فەلسەفیەكان وەرگرتووە، ئیتر ئەم سادە وەرگرتنانە، لە ئەندێشەدا دەبنە باوەڕی نەگۆڕ. بەڵكو بە سادەیی وەرگرتنی زانست، بەتایبەتی زانستی كۆمەڵایەتی‌و فەلسەفی، بەرە بەرە دەبێتە مایەی هەڵگەڕانەوەی ترسناك لە زانستی راستەقینە. چونكە، زانست كە بە رواڵەت وەردەگیرێ‌، لە دوائەنجامدا، بەرگەی پەرەسەندنی مەعریفەی زانستی فراوان لەسەر دیاردەو روداوەكان، لەسەر لێكدانەوە زانستیەكان، ناگرێ‌. كە بەرگەش ناگرێ‌، لە زانست هەڵدەگەڕێتەوە.. بەڵكو دەشبێتە دوژمنی مەعریفەی زانستی. بۆیە، لەبەرامبەر هەر رەخنەیەكی راستەقینەی فەلسەفەشدا، ئەو هزرە گۆشكراوانە بە زانستی رواڵەتی، دۆشداماوی خۆیان لە تێنەگەیشتن لە بەڵگە زانستیەكان، بە رقی كوێرەوەری هەڵدەڕێژن. رقێك، كوت‌ومت، هەڵقوڵاوی جەهلی موقەدەسە. چ جەهلی دونیایی‌و چ جەهلی دینی!

وتاری زیاتر


هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی‬ مەلا بەختیار
2020-09-12 21:05      47 جار بینراوە

عومەر شیرەمەڕیی كۆچت ناوەختە!‬ مەلا بەختیار
2020-09-08 14:56      73 جار بینراوە














وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-14 10:56      125 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      118 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-04 14:43      102 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-28 16:52      132 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-26 01:12      105 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو