(88)
*هەموو بەیانیان لەگەڵ گزنگی هەتاو، بەدەنگی كوكوختی و بولبولی سەردار سنەوبەرو سەرووەكانی ئەودیو پەنجەرەی ژووری خەوتنەكەم، هۆشیار دەبمەوەو لەخەو هەڵدەستم خۆم و قەڵەم و كاغەزەكانم سەرقاڵی خوێندنەوەی رۆمانێك نووسینی وتارێك، نووسینێك دەبم. دەڵێم ئەمە خوایەو بەڵكو سوودێك بەگەنجەكانی میللەتەكەم بگەیەنم.
كەچی هەندێ لەكۆمێنتی سایتەكان بەسەر سوڕمانەوە دەپرسن:-
-ئەرێ پێمان ناڵێن ئەم نووسەرە (…..) لەكەیەوە دەستی بەكاری سیاسی كردووەو فێری نووسین بووە، ئاوا وتار لەسەر وتار بڵاودەكاتەوە..؟!
من لەلای خۆمەوە گەردنیان ئازاد دەكەم. كەچی یەكێ لەئەكتەرەکانی یەكێ لەڕۆمانەكانی (ئەلیف شەفەق) دەڵێ:- (بێئاگایی نیعمەتە).
*هەر لەتەمەنی شانزە ساڵیمەوە تاكو ئەمڕۆ لەگەڵ یەكەمین ڕۆژو هەنگاوی شەرەفی دەست بەكاربوونم لەبوارەكانی (حزب، نووسین، شاخ، پێشمەرگایەتی) جۆرەها كۆسپ و ئاستەنگم هاتۆتە ڕێگا، دڕك و داڵی ڕێگا، زیندان و تێهەڵدان، هەورازو نشێو، ڕاكە ڕاكەو ئاوارەیی. قسەی ئەم و ئەوو جنێو، بەڵام هیچیان ساردیان نەكردومەتەوە. نە چۆلەكەكان لەجریوەی خۆیان كەوتن، نە بەندەش لەڕۆیشتنی گەشتەكەم وەستام. (شەمسی تەبریز)یش لەوەڵامی ئەو دەروێشەی كە ویستی هاوەڵی ڕێگای بێت بۆ گەشتی (قۆنیا) دەڵێت:- (هەر چەند هەوڵبدەیت لەڕەخنەی ئەم و ئەوو- نەزانان- ڕزگارت نابێت).
بەڵام ئەوەی مرۆڤ نیگەران و دڵشكاو دەكات، نا بەڵەدی، یان ڕق و كینەو دەمارگیرییە كە هزرەكان كرمێ دەكات و بەلاڕێیدا دەبات، كارەكان، هەوڵ و ماندوو بوونە پاكەكان دەشێوێنێ. بەپێچەوانەوە خۆشەویستی دڵەكان پاكدەكاتەوەو رۆحی مرۆڤەكان ئاسوودە دەكات.
هەر لەم بارەوە (شەمسی تەبریز)ی دەڵێت:- (دنیا مەنجەڵێكی گەورەیەو شتی گەورەی تێدا دەكوڵێنرێ. بەڵام تا ئێستا نازانین ئەو شتە چییە، هەموو ئەوەی دەیكەین، یان بەرمان دەكەوێت یان بیری لێدەكەینەوە یەكێك لەپێكهاتەكانی ئەو تێكەڵەیەیە، دەبێ لەخۆمان بپرسین چی دەكەینە ناو مەنجەڵەكەوە، ئایا بێزاری یان دوژمنكاری یان تووڕەیی، تۆمەتی ناهەق یان توندو تیژی تێدەكەین…؟ یان عەشق و خۆشەویستی..؟).
من لەلای خۆمەوە هەوڵدەدەم تەبایی و برایەتی لەنێو كۆمەڵگادا بەرجەستە بێت، چونكە ئێمەی كورد پێویستیمان بەیەكڕیزی و تەباییە، نابێ كەسیشمان لەگلەیی و رەخنە بترسین، چونكە هەموومان پێویستیمان بەڕێنمایی و هاوكارییە.
*(بۆچوون و ڕای جیاواز، ڕەخنەی بنیاتنەرو زانستی، هۆكارن بۆ ڕاست كردنەوەی هەڵەكان و پێشخستنی كۆمەڵگا، چونكە ئێمە هەموومان ئافەریدەی جیاوازو دیارین، دوو كەسی لەیەكتر چوو دەست ناكەون و دوو دڵیش بەهەمان ڕیتم لێنادەن، گەر خوا ویستبای هەموومان لەیەكتر بچین، ئەوا وەك یەكتر دروستی دەكردین. بۆیە ڕێزنەگرتنی جیاوازییەكان و سەپاندنی بۆچوونی خۆت بەسەر ئەوانی تردا، ڕێز نەگرتنی ئەو سیستەمە پیرۆزەیە).