لەماوەی نزیكەی ساڵێكدا، لەدوو بابەتدا باسم لەداعش كردووە، لەوەی یەكەمدا كە نزیكەی ساڵیك لەمەوبەر بوو بەپشتبەستن بەچەند بەڵگەیەك گوتبووم داعش دەگەڕێتەوە.
لەبابەتی دووەمیشدا كە مانگێك لەمەوبەر نووسیومە ئاماژەم بۆ ئەوە كردووە جێی گومانە چالاكییەكانی داعش زۆربەیان لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشە لەسەرەكانن و گوتبووشم، پێدەچێ هەندێ لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاوكارییان بكەن و هەروەها وتبووم بەشێكی زۆری ئەو چالاكییانە لەسنوورەكانی ئیدارەی یەكێتین.
ئەم پێشەكییە دوورو درێژەم بۆ ئەوەیە بڵێم داعش هەروا نەگەڕاوەتەوەو خۆشی نەهاتۆتەوە، بەڵكو هێنراوتەوەو ئەركی تازەی پێ سپێردراوە بەتایبەت كە عیراق بەهۆی كۆرۆناو لێكەوتەكانییەوە لەبارودۆخیكی خراپدایە.
داعش دوو هەفتە پێش ئێستا لەچەند لایەكەوە هێرشی كرد، لەهەندێ لەو شوێنانە ئاسمانی ناوچەكە لەفڕۆكەی سوپای عیراق قەدەغەیە، زۆربەی هێرشەكان بۆسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی بوون، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمریكا گەڕی لەحەشدی شەعبی ئاڵاندووەو بەڕەسمی هەندێ هێزی حەشدی خستۆتە لیستی رەشەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە (14/5/2020) ئەمریكا رایگەیاند دە هەزار چەكداری داعش لەسوریا لای هەسەدە لەزیندان و مەترسی ئەوەیان لێ دەكرێ رابكەن، ئەمەش ئاماژەیەكی دیارە بۆ ئەوەی ئەشێ بەپیلانێك بەر بدرێن و بهێنرێنە نێو عیراقەوە بۆ دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر هێزە چەكدارەكانی عیراق و حكومەتە تازە دامەزراوەكەی كازمی، بەمەش دەبێ عیراق لەیەك كاتدا رووبەڕووی داعش و كۆرۆناو بارودۆخی سەختی ئابووری بێتەوە.