(89)
گەلانی پێشكەوتووی دنیا شەرم لەباسكردنی مێژووی باش و خراپی خۆیان ناكەن و هەوڵی شاردنەوەش نادەن، بگرە وەكو چۆن ڕوویداوە بەو شێوەیە تۆماریان دەكەن و دەیگێڕنەوە، ئەوان نایانەوێ نەوەكانی خۆیان بخەڵەتێنن و بەلاڕێیاندا ببەن، ئەوەی روویداوە ناگەڕێتەوە، ژیری و گرنگ ئەوەیە سوود لەسەركەوتنەكان و دەرس لەشكستەكان وەربگرێت.
*بەشی زۆری ئەڵمانەكان وەكو هەموو گەلانی تر نەفرەت لەسەردەمی (هیتلەر) و حزبی (نازی) دەكەن. پێشیان شەرم نییە ئەو ساڵانە بەخراپترین قۆناغی مێژووی ئەڵمانیا ناوزەد بكەن، لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردووشدا راوێژكاری ئەڵمانیا (ئەنجێلا مێركڵ) لەوتارێكی گرنگدا رایگەیاند كە بڕیاربوو بەشداری ئاهەنگی سەركەوتنی ئەمریكاییەكان بكات لەدووەمین جەنگی جیهانیدا، بەڵام (كۆرۆنا) رێگر بوو.
*(هارولد ماكمیلان) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەساڵی (1958) لەوتارێكی مێژوویی ئاگریندا بەناوی (بای گۆڕان) دانی بەسەربەخۆیی وڵاتە ژێر دەستەكانی بەریتانیادا نا.
*سۆڤیەتیەكان دانیان بەهەڵەكانی سەردەمی قۆناغی حوكمڕانێتی (ستالین) دانا. تەنانەت تەرمەكەیان لەتەلاری (كرملین) بردە دەرەوە.
*فەڕەنسیەكان باس لە سەدان و بگرە هەزاران ژن و پیاوی وڵاتەكەیان دەكەن كە لەدووەمین جەنگی جیهانیدا هاوكاری سوپای ئەڵمانیایان كرد.
مێژووی فەڕەنسا باس لە (200) هەزار مناڵی زۆڵی باوك ئەڵمانی و دایك فەڕەنسی دەكەن لەو جەنگەدا. پاش سەركەوتنی هاوپەیمانانیش باس لەچەندین هەزار مناڵی زۆڵی باوك ئەمریكی و دایك فەڕەنسایی دەكەن، هەروەها باس لە سەدان كەسانی فەڕەنسی دەكەن كە هاوكاری و جاسوسیان بۆ سوپای ئەڵمانی كردووە، تەنانەت ئەڵمانەكان خانەنشینیان بۆ ژمارەیەك لەو جاسوس و پیاوە فەرەنسیانە فەراهەم كردووە.
*بەداخەوە ئێمەی كورد هەمیشە باس لەقارەمانێتی و ئازایەتی خۆمان دەكەین. نكوولی لەوە ناكرێت كە سەدان پێشمەرگەی گیان بەخش و قارەمان، كەسان و كادیری تێكۆشەر ئازایانە گیانی خۆیان بەكوردستان بەخشی، بەڵام لەهەمانكاتیشدا كاتێ شۆڕشی كوردستان (6-7) هەزار پێشمەرگەی خۆبەخشی هەبوو، بەدەیان هەزار كوردی چەكداری حكومەت و بەعسی و جاسوسیش هەبوون.
*حزبەكانی كوردستانیش هەمیشە باس لەسەركەوتن دەكەن و بە شان و باڵ وقارەمانێتی خۆیان و سەركردەكانیاندا هەڵدەدەن. هەرگیز باس لەشكست و كەموكوڕییەكانی خۆمان ناكەین، نەوەكانی ئێستاو داهاتوومان بەوە خەڵەتاندووە كە هەر لایەنە گەش و بریقدارەكانیان نیشان بدەین.
حزب و سەركردەكان هیچ كەم و كوڕییەكیان نییەو وەكو (ئاوی شەوی) پاك و بێگەردن، ئێمە شەرم لەوە دەكەین دان بە شكست و كەموكوڕییەكانی خۆماندا بنێین. تەنانەت دەستێكەڵاو كردنمان لەدژی یەكتر لەگەڵ داگیركەران بەزیرەكی و سەركەوتن لەقەڵەم دەدەین، ئێمە هەرگیز نەگلاوین و شكستمان نەخواردووەو هەڵەمان نییە، بەمجۆرە چاوی نەوەكانمان دادەپۆشین و بەلاڕێدا دەیان بەین، باشە ئەگەر ئێمە هێندە قارەمان و ئازاو خاوەنی ئەو هەموو سەركردەو حزبە لێهاتووەین، ئەگەر خاوەنی ڕێبازو بەرنامەیەكی سیاسی راست و دروستین، ئەی بۆچی وەكو گەلانی ناوچەكە وەكو عەرەب و تورك و فارس نەبووین بەخاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان…؟!!
*ساڵانێك گەلی عەرەب لەمێژوودا قارەمان بوون، لەدوورگەی عەرەبی وشك و برنگ، بەسواری ئەسپ گەیشتنە (ئەندەلوسی) لەڕۆژئاواو (ئەندۆنسیا) لەڕۆژهەڵات. سەدان ساڵ حوكمڕانیان كرد.
*ساڵانێك گەلی فارس قارەمان بوون سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان گەیشتبووە (یۆنان).
*توركەكان گەیشتنە نیوەی ئەوروپاو سەدان ساڵ حوكمڕانی دەوڵەتانی عەرەبیان كرد، ئەی لەشكری كوردستان گەیشتە كوێ…؟ لەسنووری قەڵەمڕەوی ئەم حزب بۆ ئەو حزب بەلاوە چیتر…؟!!
*مێژووی ئێمەی كورد وەكو خۆی بێ گۆڕانكاری، وەكو مێژووی سەردەمی ئەمارەتەكانی كورد بەشێوەیەكی ئاسایی دووبارە دەبێتەوە، تەنیا لەبەرامبەر یەكتر ئازاو قارەمانین لەشكر دەكەینە سەر یەكتر، جا ئێمە كە خاوەنی ئەو عەقڵیەتەی ناتەبایی و حاڵ و وەزعە خراپە بین، لەبری ڕوحی تەبایی و لێبوردەیی گیانی تۆڵەسەندنەوەمان لەبەرامبەر یەكتر زاڵ بێت، لەژێر دەستەیی بەولاوە چاوەڕوانی هیچی تر نەبین.
+بەشێك لەو زانیاریانەی سەرەوە لەڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) وەرگیراون.
++ئەمانەی سەرەوە بەشێكی گرنگن لە (عاملی زاتی) بۆ مانەوەمان بەژێر دەستەیی.