مەلا بەختیار

وڵاتانی عه‌ره‌بی سه‌ده‌یه‌ك شكست

  2020-05-17 23:51      131 جار بینراوە        کۆمێنت

 (به‌شی نۆزده‌هه‌م)
جه‌هلی موقه‌ده‌س‌و ئازادی رۆژئاوا
رۆژئاوا، ته‌نها به‌ رینیسانس‌و ریفۆرمی ئایینی‌و رۆشنگه‌ری وه‌رنه‌چه‌رخاوه‌، بۆ ئازادی‌و نوێگه‌ری. به‌ڵكو، لەڕۆژئاوادا كه‌نیسه‌ی كاسولیك دوای ئه‌وه‌ی ملیۆنه‌ها مرۆڤیان كرده‌ قوربانی رقی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، سه‌ره‌نجام، دانیان بەهه‌ڵه‌كانیان ناوه‌و لەسه‌رده‌مه‌كه‌ تێگه‌یشتون‌و مه‌زهه‌به‌كه‌یان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانی دیموكراسیدا، گونجاندووه‌، به‌ڵام له‌وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌روا ئیسلامگه‌رادا، له‌دوای تێك‌وپێدانی (بیت الحكمە‌)ی زه‌مانی ئه‌مینی هارونه‌ ره‌شیدو مردنی ئیبن روشد‌و ئیبن خه‌لدون‌و ره‌خنه‌گره‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، په‌نجه‌ره‌كانی ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن قفڵ دران‌و ئه‌قڵ له‌وساوه‌، به‌زۆری بۆته‌ ئه‌رشیفی ده‌قه‌ نه‌قڵییه‌كان..
كه‌له‌پووری وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامگه‌را (به‌كوردستانیشه‌وه‌) كه‌له‌پورێكه‌ ژه‌نگی گرتووه‌. هه‌ربۆیه‌، به‌ئاسانی له‌سه‌رده‌می جیهانگیری‌و سۆسیال-میدیاشدا، ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، كاریگه‌ری بێڕاده‌یان له‌سه‌ر هزر هه‌یه‌و په‌رژینی جه‌هلی موقه‌ده‌س (كوێره‌وه‌ری پیرۆز)ن.
هه‌رگیز ناتوانین، له‌گه‌ڵ ته‌واوی گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و ئاینده‌ی گۆڕانكاریه‌كان، هه‌ڵبكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌و لۆژیكه‌وه‌، به‌ ئه‌قڵێكی كراوه‌ی دوور له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ بنچینه‌ روحیه‌ لێبورده‌كه‌ی ئاینه‌كان، ره‌خنه‌ی زانستیانه‌ له‌ كه‌له‌پوری نه‌قڵی، یان كه‌له‌پوری كۆپیگه‌رایی رابوردوو، نه‌گرین‌و خڵته‌و پڵته‌كانی ئه‌و كه‌له‌پوره‌، پاكژ نه‌كه‌ینه‌وه‌. له‌مباره‌وه‌ (هاشم ساڵح) به‌جوانی ده‌نوسێ‌:
"ده‌كرێ‌ هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌ كه‌ وا به‌سه‌رماندا زاڵبون، هه‌روه‌كو ده‌ستپێكی مێژووییان نه‌بێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی كۆنن، یان میراتی باووباپیرانن‌و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌، وا دێت به‌خه‌یاڵماندا كه‌ خاڵی ده‌ستپێكی نییه‌، واتا: رۆژێك له‌ رۆژان له‌دایك نه‌بوبێ‌، یاخود رۆژێك له‌ رۆژان پێكنه‌هێنرابێ‌. وا خه‌یاڵ ده‌كه‌ین ئه‌و كه‌له‌پوره‌ سه‌روی واقیع‌و مێژووه‌، وا دێته‌ خه‌یاڵمان كه‌له‌پورێكی پیرۆزی مه‌عسومه‌. بۆیه‌ فشارمان به‌ هه‌موو قورسی‌و جه‌به‌روتیه‌وه‌ ده‌خاته‌ سه‌رو ناهێڵێ‌ هه‌ناسه‌ بده‌ین".(هاشم سالح مخاچات الحداپە‌ التنویریە. القگیعە‌ الابستمولوجیە فی الفكر والحیاە‌. ص202)
هه‌ژمونگه‌ری كه‌له‌پوری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، به‌رده‌وام ئه‌قڵ به‌ قفڵدراوی ده‌هێڵنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت كاردانه‌وه‌ی كوێرانه‌ش دژی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری، توند ده‌كه‌ن.
له‌ رۆژئاوادا، دوای سه‌رهه‌ڵدانی رینیسانس، ده‌رگاكانی ره‌خنه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست نه‌كرانه‌وه‌، به‌ڵكو دوای ریفۆرمی ئایینی، یان ئاینسازی، له‌نێوان كاسولیك‌و پروتستانت، ئینجا، زانرا، له‌ناو په‌رستگاكانی كاسولیكدا، چ نه‌هامه‌تیه‌كی به‌شه‌ری‌و چ شه‌رمه‌زارییه‌كی مه‌زهه‌بی، به‌ناوی ئاینه‌وه‌ سه‌پێنراوه‌ته‌ سه‌ر مرۆڤ. ته‌نانه‌ت له‌دوای ئاینسازیشه‌وه‌، سه‌ده‌یه‌ك له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست‌و دوو سه‌ده‌ش له‌ سه‌ده‌ی هاوچه‌رخی ویست، له‌ دانیشتنی كۆمه‌ڵه‌ی فاتیكاندا له‌ (1962-1965)دا، بڕیارگه‌لی لاهوتی ئازایانه‌ بده‌ن، تیایدا دانیان نا به‌وه‌ی ئاینه‌كانی تریش ره‌وان، ئازادی ئاینیان سه‌لماندو سه‌لماندیشیان كه‌ ئایین، نابێ‌ بسه‌پێنرێ‌. هه‌ر ئه‌وكاته‌، سه‌له‌فیه‌كان به‌ هه‌موو توانایه‌كیان دژی ئه‌و بڕیارانه‌ بون‌و جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و راسپاردانه‌ لادانه‌ له‌ ئایینی مه‌سیحی. به‌ڵام روداوه‌كان جێی هێشتن. (بڕوانه‌ ل210ی هه‌مان سه‌رچاوه‌)
راچڵه‌كین.. به‌ره‌و وه‌رچه‌رخانی مێژوویی، سه‌ره‌تاكه‌ی سه‌خته‌. په‌رچه‌كرداری توندی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ڵام كاروانی گۆڕانكاری، ته‌نها له‌ ئابوری‌و سیاسه‌تدا سه‌رناكه‌وێ‌، له‌ دوائاكامدا، له‌ناو كۆمه‌ڵ‌و هزرو ئه‌ندێشه‌شدا ده‌بێ‌ به‌سه‌ر ئه‌قڵه‌ داخراوه‌كانی جه‌هلی موقه‌ده‌سدا سه‌ربخرێ‌. چۆن رۆژئاوا ئازا بون‌و ئازاد بون، رۆژهه‌ڵاتیش ئازایه‌تی ده‌وێ‌‌و هه‌ر ده‌بێ‌ ئازاد بكرێن.
وڵاتانی عه‌ره‌بی، رابوردویان، به‌هۆی ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست‌و سه‌ده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستیه‌وه‌، رابوردویان له‌ده‌ست داوه‌. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانگیری‌و سۆسیال-میدیادا، هه‌ل هه‌ڵكه‌وتووه‌، قه‌ره‌بوی رابوردوی له‌ده‌ستدراو به‌ ستراتیژێكی سیاسی-رۆشنگه‌ری نوێ‌، بكرێته‌وه‌. هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی تره‌، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، سیاسه‌ت‌و حیزبایه‌تی‌و ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش، له‌ ئه‌ركه‌ رۆشنگه‌ریه‌كان داببڕدرێن!

وتاری زیاتر


هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی‬ مەلا بەختیار
2020-09-12 21:05      47 جار بینراوە

عومەر شیرەمەڕیی كۆچت ناوەختە!‬ مەلا بەختیار
2020-09-08 14:56      73 جار بینراوە













وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-14 10:56      125 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      118 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-09 22:56      137 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-04 14:43      102 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-28 16:52      132 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-26 01:12      105 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو