‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

یادی یادان‌ و رۆژی یەكێتی پیرۆز بێت

  2020-06-02 00:32      89 جار بینراوە        کۆمێنت

یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتەنها یادكردنەوەی دروستبوون‌ و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشێك نییە، تەنها سەوزبوونەوەی گوڵزاری كوردایەتی‌ و راسانەوەی نەتەوەیەكی دوای هەرەس نییە، بەتەنها بریتی نییە لەهەستانەوەی پاش شكست، بەڵكو یادەوەری شۆڕشێكیشە بەبیرو خەیاڵی بەرینی مام جەلال هەروەك ئاواكردنەوەی ماڵێكی داڕماوو لەیەك ترازاوی نەتەوەیەكی دوای ئاشبەتاڵ‌ و خۆبەدەستەوەدانە. 
یادی یەكێتی بیرەوەری شەهیدانی سەربڵندی هەكاری و جوامێرەكانی زیندانە، یادگاری ئەو تێكۆشەرانەیە كە سەنگەر بەسەنگەر بەدوای شەهیدبووندا ببوونە گەڕیدە، یادی ئەو قارەمانانەیە كە ئامادەبوون بمرن‌ و نهێنییەكانی ناو دڵیان لەژێر ئەشكەنجەی جەلادەكاندا نەدركێنن، ئەمڕۆ یادی ئەو ژنانەیە لەژێر لەچك و عەبا‌و لەفەقیانەكانیاندا خەم‌ و ئازاری نەتەوەیەك و دەیان نامەیان شار بەشارو ماڵ بەماڵ دەگواستەوە، ئەوە بۆنەی شكۆمەندی ئەو بیرتیژانەیە كە بەخۆیان‌ و قەڵەمەكانیانەوە لەناو ئەشكەوت‌ و كونو كەلەبەری چیاكان دروشمی "نەسرەوتن تا سەركەوتن"یان دەنووسییەوە .. دامەزراندنی یەكێتی‌ و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بڕیارێكی سەرپێیی و جووڵەیەكی بێ پلانی دەستەبژێرێكی تووڕە‌و یاخی نەبوو، بەڵكو ستراتیژێكی كوردانەو نەخشەڕێگایەكی رۆشن بوو لەپێناو پێكهێنانی یەكێتییەك كە نیشتمانسازی‌ و خەونی نەتەوەیەك لەسەر جوگرافیای كوردستان بەپشتبەستن بەڕۆڵە نەبەزیوەكانی كوردایەتی بەدی بێنێت ئا لەو رۆژەوە ئەو كاروانە بەڕێكەوت، كاروانێك هەرگیز نەسرەوت‌ و دواجاریش سەركەوت.. 
ئەمڕۆ لەو یادو بۆنە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی لەڕۆحی هەمیشە زیندووی (مام جەلال)ی شكۆی نەتەوەو نیشتمان دەكەم ... پیرۆزبایی لە(هێرۆخان) دەكەم، ئەو ژنەی نەك تەنها وەك پێشمەرگەو هاوژینی مامی گەورە، بەڵكو وەك سایەو سێبەری بێ كەسان هەموو تەمەنی لەپێناو یەكێتییەكان بەسەربرد .. پیرۆزبایی لەخانەوادەی ئەو شەهیدە سەربڵندانە دەكەم كە بەخوێنی ئاڵی خۆیان نەیانهێشت یەكێتی بكەوێ‌ و نیشتمان بگلێ‌ و كوردستان بەداگیركراویی بمێنێتەوە .. پیرۆزبایی لەو قارەمان‌ و تێكۆشەرانە دەكەم  كە لەژێر ئەشكەنجەی زیندان‌ و لەسەنگەرەكانی كوردایەتی بەشێك لەجەستەیان لەدەستداوەو هێشتاش بەدەنگی بەرز سروودی "مەشخەڵان" دەڵێنەوە .. لەو كادرو لایەنگرو هەڤاڵانە یادی یەكێتی پیرۆز دەكەم، كە بەبێ نەسرەوتن هەمیشە لەخەم هەستانەوەی یەكێتی‌ و نوێبوونەوە لەهەموو دەورانێكدا بەرگەی ئازارو برسێتی‌ و بێ كەسییان گرتووە، پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵكی كوردستان دەكەم كە بەردەوام گەڕانەوەی هاوسەنگی‌ و پاراستنی دیموكراسیی‌ و خۆشگوزەرانی راستەقینە بەیەكێتیەوە دەبەستنەوە .. یادی دامەزراندنی ئەمساڵی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەكاتێكدایە كە ماوەیەكی كەم بەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمدا تێپەڕ دەبێت، ئەم قۆناغە نوێیە سەرەڕای دژواریی دۆخی ئابووری‌ و هەڕەشە تەندروستییەكانی كۆرۆناو لێكەوتەكانی ئەو پەتا جیهانییە لەسەر هەست‌ و نەستی خەڵكی كوردستان بەتەواوی رەنگیداوەتەوە، بەڵام نەك هەر بۆ یەكێتییەكان، بەڵكو بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكان‌ و خەڵكی كوردستانیش ئەو قۆناغە نوێیەی یەكێتی بۆتە سەرچاوەی ئومێدو هیوا لەپێناو راستكردنەوەی چەوتییەكانی رابردوو، گێڕانەوەی هاوسەنگی‌ و باڵادەستی هێز لەناو گۆڕەپانی سیاسی، بەخشینەوەی شكۆ بەدامەزراوەكان‌ و رێگریكردن لەتاكڕەوی‌ و هەژموونگەرایی تاكە هێزێك، دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ لامەركەزییەت‌ و چەشنێك لە خۆبەڕێوەبەری، چارەسەركردنی دۆخی ناهەمواری ئابووری‌ و ساڕێژكردنی زامەكانی برسێتی‌ و نەداری .. بۆیە دەبێت لەم یادەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تریش لەسەر هەنگاونان لەپێناو ئەو بەها گەورانە بەڵێن دووپاتبكاتەوە، بەڵێنێك كە شایەن بەمێژووی درەوشاوەی یەكێتی‌ و ئاوات‌ و ئومێدەكانی خەڵكی كوردستان بێت.
جارێكی دیكەش (1/6) رۆژی دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان پیرۆز بێت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد 
دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك

وتاری زیاتر


بۆچی تۆقیوون ؟‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2020-05-13 22:04      161 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو