ئازادی وشەیەكە زۆر پەیوەستە بەئەمریكاوە، هەرواش بووەو لەسەرەتای دروستبوونییەوە ئازادی مرۆڤ لەو وڵاتە گرنگی زۆری پێدراوەو قوربانی زۆری بۆ دراوەو بووەتە بنەمایەكی بەهێزیش بۆ ئازادی رادەڕبڕین، یەكێك بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئازادی تێدا بووە، بەجۆرێك ئەمەریكا پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكانی بەتەرازووی رادەی بەرفراوانی پانتایی ئازادی تاكەكان دەپێوێ.
ئەی لەم ساتە وەختەشدا هەر وا ماوە؟ بیگومان نەخێر! چونكە ئێستا لەژێر سایەی سەرۆكایەتی ترەمپدا ئەو مەسەلەیە كەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، ترەمپ هەر لەگەڵ هاتنی نێوانی لەگەڵ رۆژنامەوانان كە گەورەترین رووی ئازادی ئەمریكان، تێكچووو و میدیا نەیارەكانی بەدرۆزن ناوبردو هەندێكیانیشی لەكۆشكی سپی دەركرد، چەند رۆژێكیش لەمەوبەر بریاریدا لەڕێی دەركردنی یاساوە مەودای ئازادی تویتەرو فەیسبووك بەر تەسك بكاتەوە بەهۆی ئەوەی بەدڵی ترەمپ نین.
لەلایەكی ترەوە ئەمریكایەك كە رەخنەی زۆری لەو وڵاتانە هەیە كە توند رووبەڕووی خۆپیشاندان و نارەزایەتی هاوڵاتییەكانیان دەبنەوە، بەبڕیاری ترەمپ هێزە ئەمنییەكان زۆر بەتوندی رووبەڕووی خەڵكی ناڕازی شارەكانی ئەمریكا دەبنەوە، بەڕادەیەك ترەمپ هەڕەشەی تێبەردانی سەگی هاری لێكردن. هەر لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ (6/1) ترەمپ سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمریكای كردە بەرپرسی دۆسێی خۆ پیشاندان و نارەزایەتییەكان، ئەمەش بۆخۆی لێكدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ، یەكەم لێكدانەوەش ئەوەیە وێڕای ئەوەی ئاز ادی بەدەستورو ئەمجا بەیاساش فەراهەم كراوە، هەر وەختێك حكومەتی ئەمریكا بزانێ بەرژەوەندییەكانی دەكەونە مەترسییەوە، ئەوا سنوورێك هەیە، لەمەشدا ئیجتهادی شەخسی سەرۆكەكان رۆڵ دەبینێ.