لەدەرهاویشتە هەرە خراپەكانی شەڕی بەڕەنگاربونەوەی داعش، كەڵەكەبوونی ئەو هەموو هێزو گروپە چەكدارانەیە، كە بەشی زۆریان لەسەر بنەمای مەزهەبیو تائیفیو هەتا كەسیی، سێ ساڵ لەمەوبەر بۆ پاراستنیان لە مەترسی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقو شام پێكهێنراون.
ئەمجۆرە چەكدارانە، ئاستو شێوازی ململانیە مەزهەبیو تائیفیەكانی ناوخۆی عێراقیان بردۆتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە، لەبری بەهێزكردنی پێكەوهەڵكردنی ئاشتیانە، گەیشتوە بەو ڕادەیەی تاوانی جەنگو هەتا قڕكردنیش بەرامبەر بەیەك ئەنجامبدەن.
قوتبونەوەی ملیشا تائیفیو مەزهەبیەكان، لەئەنجامی بێهزیی سوپاو دامەزراوە ئەمنیەكانی عێراق بوو، كە لەشەو و رۆژێكدا هەرەسیان هێناو بەشێكی بەرچاوی خاكو خەڵكی عێراقیان ڕادەستی داعش كرد.
دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی سەرەكی شەڕی داعش، پێشلكارییەكانی حەشد لەروداوەكانی خورماتو، لێدوانی لێپرسراوانی سەربازیو دیپلۆماتی ئەمریكاو فەڕەنسا، مشتومڕ لەبارەی چارەنوسی ئەم هێزانە، بەدیاریكراوی حەشدی شەعبی گەرمتر بوە.
هەینی ڕابردو، سیستانی داوای تواندنەوەی حەشدی شەعبی كرد لەبۆتەی سوپای عێراقد. لەكاتێكدا ئەم ملیشیایە لەسەر فتوای خودی مەرجەعی باڵای شیعەكان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە (13 حوزەیرانی 2014) دامەزرا.
سەرۆك وەزیرانی عێراقیش هەمان پلانی هەیە، بەڵام درك بەهەستیاری پرسەكە دەكاتو دەیەوێ هێواش هێواش پشتیوانی دەرەكیو ناوخۆی بۆ پەیدا بكات. پشتیوانی سیستانی –یش گرنگە، چونكە ئەم هێزە تەواو مەزهەبیە و گوێرایەڵی مەرجەعیەت دەبن، بەڵام رۆڵی ئێران یەكلاكەرەوە دەبێت لەبارەی چارەنوسی حەشدەوە.
تواندنەوەی حەشد لە بۆتەی سوپادا، نابێتە هۆی بەهێزكردنی سوپای عێراقو پیشاندانی وەك سوپایەكی نیشتمانیی بیڵایەن لە ململانێیو ناكۆكیە ناوخۆییەكانی عێراقدا.
حەشدی شەعبی، كە ئێستا خاوەنی زیاتر لە (100) هەزار چەكدارەو دابەشكراون بەسەر (67) یەكە و كەتیبەی جیاجیادا، هەر یەكەیان خاوەن سەركردە و بڕیاری سیاسیو مەزهەبی جیاوازن، تێكەڵكردنیان لەگەڵ سوپادا، بەتەواوەتی پێكهاتەی سوپا دەگۆڕن.
چارەنوسی حەشدی شەعبیو هەڵبژاردنەكانی عێراق، گرێدراون بە یەكەوە. بڕیارەكەی عەبادی بۆ رێگەنەدان بە بەشداری كردنی ملیشیاكان لە هەڵبژاردندا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی عەبادی نیگەرانە لەوەی، بەشداری كردنی حەشدی شەعبی لەهەڵبژاردن لەزیانی ئەو و بەرژەوەندی ركابەرە تەقلیدییەكانێتی لە هاوپەیمانێتی نیشتمانیی شیعەكان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (26 نۆڤەمبەری 2016) یاسای حەشدی شەعبی تێپەراند، شێوەو پێكهاتەیەكی یاسایی، نیزامی دایە ئەم میلیشایە. بە پێی ئەو یاسایە، حەشدی شەعبی بەشێكە لە سیستمو دامەزراوەی بەرگری عێراق، عەبادی-یش وەك سەرۆك وەزیرانو فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەرپرسی یەكەمیانە، بەڵام زۆرجار بێئەوەی عەبادی ئاگاداربێو ڕەزامەندبێت، حەشد ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوەو جوڵەی بەهێزەكانی كردوە.
ئەگەر عەبادی سەركەوتو نەبێ، لەرێگریكردن لە هاتنی حەشد بۆ ناو پرۆسەی سیاسیو بەشداری كردن لەهەڵبژاردن، ئەوا ساڵی داهاتو، پرۆسەی سیاسیو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێوەیەكی تر دەبێو هاوكێشەكانیش تەواو دەگۆڕدرێنو خەونی سیاسیو لەخۆبایی بونی عەبادیش شكست دێنێت.
ئەم قسەو باسانەی ئێمە لەكاتێكدایە، لەبری ئاسایی كردنەوەی دۆخی خورماتو و لێكۆلینەوە لە تاوانكارییەكان، چەند ڕۆژی ڕابردو، خودی عامری سەرپەرشتی كۆكردنەوەی هێزی زیاتری حەشد دەكات لەدەوروبەری خورماتو، مەبەستی ئاشكرایان پتەوكردنی پشتێنەی ئەمنی خورماتو و سنوردانانە بۆ هێڕشو چالاكی هێزە خۆبەخشەكان.
ئێستا لەم ناوچە جوگرافیە دیاریكراوەدا، هێزو گروپی چەكداری جۆراوجۆر ئامادەییان هەیە لە (پێشمەرگە، خۆبەخشەكان، سوپا، حەشد، ئەحرار سوننە، داعش)، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكاری تۆڵەكردنەوە، ناكۆكی مەزهەبیو نەتەوەییو داگیركردنی خاك، بەرژەوەندی ئابوری هەیە. ئەگەری رودانی شەڕی گەورە لەئارادایە.
كورد كە لە ئێستا تەواو گۆشەگیرە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا، دۆخی نێوخۆیی هەرێمیش تادێت دژوار تر دەبێت، چۆن دەتوانێ رۆڵی لەم هاوكێشە نوێیانەدا هەبێ؟