وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

  2020-09-30 13:33      231 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مەرجە گشتییەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: ئۆتۆمبێل دەبێت بەلایەنی كەم دوو ئێرباگ لای شۆفێر و تەنیشت شۆفێر و سیستمی ABS ی هەبێت.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە ماددەی سێیەمی نووسراوەكەدا ئاماژە بە چەند خاڵێك كراوە كە پێكهاتوون لە:
یەكەم: ئۆتۆمبێل دەبێت بەلایەنی كەم دوو ئێرباك لای شۆفێر و تەنیشت شۆفێر و سیستمی ABS ی هەبێت.
دووەم: بڕوانامەی COC لەگەڵدا بێت، دەكرێت لە دەروازە سنوورییەكان لەلایەن كۆمپانیاكانی كوالیتی بڕوانامەی COC ی پێبدرێت.
سێیەم: ئۆتۆمبێلی جۆری پاس لە 14 سەرنشین بەرەو سەرەوە مەرج نییە ئێرباگی هەبێت.
چوارەم: ئۆتۆمبێلی كلاسیك دەبێت بەلایەنی كەمەوە 40 ساڵ بەسەر دروستكردنی تێپەڕبووبێت و دوای تۆماركردنی هیچ كڕین و فرۆشتنی پێوە ناكرێت.
پێنجەم: هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابووری دەبێت و كار بە هیچ نووسراوێك ناكرێت كە بە واژۆی وەزیری ناوخۆ نەبێت.
شەشەم: هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی قەلغان درع تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە.
حەوتەم: ئۆتۆمبێلی كارەبا رسوماتی چوار پستۆن تۆماردەكرێت.
هەشتەم: ئۆتۆمبێلی كشتوكاڵی و بیناسازی مەرج نییە ئێرباگی هەبێت.
نۆیەم: ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بۆ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەهێندرێنە ناوەوەی هەرێمی كوردستان تەنیا بە ژمارەی میری تۆماردەكرێن و ناكرێت خاوەنداریێتی بگوازێتەوە جگە لە لەوانەی كە بەپێی یاسای ژمارە 32ی ساڵی 1986 دەفرۆشرێت، یان هەر یاسایەكی دیكە جێگای ئەو یاسایە بگرێتەوە.
دەیەم: ئۆتۆمبێل دەبێت لە 100 كیلۆمەتر زیاتر نەڕۆیشتبێت كاتێك دەگاتە دەروازە سنوورییەكان.
یازدەیەم: ئۆتۆمبێلی ستێرن لایی راست یان محور داخڵ ناكرێت و تۆمارناكرێت.
سەبارەت بە مەرجەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بەكارهاتوودا لە ماددەی شەشەمی نووسراوەكەدا هاتووە، كە دەبێت ئەم كەموكوڕیانەی خوارەوەی نەبێت.
یەكەم: ژێرئاوكەوتوو و سووتاو بڕاوە نەبێت.
دووەم: سایدی بڕاوە یان لە حیمكراو یان خوار نەبێت.
سێیەم: تۆكمەی دەرگا یان بانی بڕاوە یان لە حیم نەبێت، یان لێدراو نەبێت بەشێوەیەك كە كاری كردبێت لە شاسی و خواری كردبێت یان ئێرباگی تەقاندبێت.
چوارەم: هەردوو ئێرباگی شۆفێر و تەنیش شۆفێر لە سیستمی كۆمپانیای دروستكەر كار بكات و تووشی تەقین نەبووبێت و چاككرابێتەوە.
پێنجەم: ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە 1-1-2020 داخڵ كراون و ئێرباگیان تەقیوە، بەڵام چاككراوەتەوە داخڵ دەكرێن و تۆماردەكرێن تاوەكو 31-12-2020 و دوای ئەم بەروارە بڕگەی 4ی سەرەوە جێبەجێدەكرێت. 
لە ماددەی یازدەیەم لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر كۆمپانیاكانی پشكنینی كوالیتی پابەندنەبن بە رێنماییەكان سزای پێبژاردن دەدرێت بەمشیوەیەی خوارەوە:
1. جاری یەكەم پێنج ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك
2. جاری دووەم دە ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك. 
3. جاری سێیەم 30 ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك. 
4. جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە 20 ملیۆن دینار دەخرێتە سەر دوای سزای پێشووتری كە دراوە بە هەر ئۆتۆمبێلێك.
ئەم رێنماییانە لە رۆژی دەرچوونییەوە 28-09-2020 جێبەجێ دەكرێن و كار بە هیچ رێنماییەكی دیكە ناكرێت. ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە لە دوای 1-1-2020 هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون لە رێگەی دەروازە سنوورییەكان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو