زیانەكانی بەكارهێنانەوەی كارتۆنی مۆز ئاشكراكرا

  2021-05-02 12:17      151 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، زیانەكانی بەكارهێنانی كارتۆنی مۆز بۆ گواستنەوەی خواردەمەنییەكان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: پێویستە فڕنەكان، دوكانەكانی شیرینیی و خواردەمەنییەكان كارتۆن بۆ عەمباركردن و گواستنەوە بەكارنەهێنن بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە (2021.5.2) لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كەهاوكات ئەندازیاری خۆراكە رایگەیاند؛ لەڕوی تەندروستییەوە كارتۆنی مۆز بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی سەمون و شیرینییەكان و خواردەمەنییەكان گونجاو نییە، چونكە شێوازی دروستكردنی ئەو كارتۆنانە تەنها بۆ یەك جار بەكارهێنانی‌ گواستنەوەی مۆزە نەك چەندینجار بەكارهێنانەوەی‌.
وتیشی:"كاتێك خواردەمەنی دەكرێتەوە ناو كارتۆنەكەوە و بەهۆی دروستبونی گەرمی و شێ، كەڕو لەناو كارتۆنەكەدا گەشە دەكات ئەمەش كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
رونیكردەوە:"ئەو چەورییەی بە كارتۆنەكەوە دەمێنێتەوە پیسی و پاشەڕۆ لەخۆدەگرێت و دەبێته ‌هۆی گەشەكردنی بەكتریا، لەكاتی چەند بارەكردنەوەی بەكارهێنانیشیدا بەكتریا كە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو خواردەمەنیی و شیرینی و سەمونەی لەكارتۆنەكەدا دەگوازرێتەوه، بۆیە پێویستە بەهیچ جۆرێك كارتۆنی مۆز یان كارتۆن بەكار نەهێنن بەڵكو سەمون سارد بكریتەوە و دواتر لەڕێگەی بۆكسی پلاستیكی داخراوەوە بگوازرێتەوە و بەردەوامیش پاك بكرێتەوە.
لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند:هۆكارێكی دیكەی ناتەندروستی كارتۆنی مۆز بۆ گواستنەوە ئەوەیە، لە شوێنی نەگونجاو دادەنرێت هەندێجار مشك و پشیلە و حەشرات دەچنە ناویەوە، بۆیە پێویستە فڕنەكان، دوكانەكانی شیرینیی خواردەمەنییەكان كارتۆن بۆ عەمباركردن و گواستنەوە بەكارنەهێنن. 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەر شوێنێك پابەندنەبێت و سەرپێچیبكات، لەلایەن لیژنەكانەوە شوێنەكە و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو