خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی لەژێر ناوی "زیندوكردنەوەی شۆڕش" لە عیراق بەڕێوەدەچێت

  2020-01-10 13:19      252 جار بینراوە        کۆمێنت

لە بەیاننامەیەكدا نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران رایانگەیاند، لەژێر ناوی "زیندوكردنەوەی شۆڕش" خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی ئەنجامدەدەن.
دوای ئەوەی بەهۆی گرژیەكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئەمریكاو ئێران، لەسەر ساحەی سیاسی عیراق خۆپیشاندانی هاووڵاتیان سیستی تێكەوت، ئەمڕۆ بڕیارە خۆپیشاندەرانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، لەژێر ناوی "زیندوكردنەوەی شۆڕش" خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی بەڕێوە ببەن، بۆ ئەو مەبەستەش چالاكان و رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان، لە بەغدا ئامادەكاریان كردووەو شەقامەكانیان بە دروشم و لافیتەی جۆراوجۆر رازاندۆتەوەو داوا دەكەن هاووڵاتیان بەشداری لە خۆپیشاندانی هێمنانە بكەن.
خۆپیشاندەرانی عیراق داوا دەكەن، كەسێكی سەربەخۆو دەستپاك و راستگۆ بكرێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە جۆرێك كەسێك بێت لەپێناو خزمەتكردنی خواستەكانی عیراقییەكان كار بكات دور لە دەستی حزب.
هەروەها داوا دەكەن، ئەو كەسەی سەرۆك كۆمار رایدەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، كەسێك بێت پێشتر بەرپرسیارێتی حكومی نەبوبێت و ئەندامی حزبە سیاسییەكان نەبێت، بەڵكو كەسێكی سەربەخۆ بێت و چاكسازی ریشەیی لە وڵات ئەنجام بدات.
بەگوێرەی میدیا عیراقییەكان، لە ئێستادا پەیتا پەیتا خۆپیشاندەران لە بەغداو شارەكانی دیكەی باشورو ناوەڕاستی عیراق، بەرەو مەیدانەكانی خۆپیشاندان دەڕۆن و دەیانەوێت جارێكی دیكە خۆپیشاندانی بە ناوی "زیندوكردنەوەی شۆڕش" دەستپێبكەنەوە.
بەپێ راپۆرتی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، لە سەرەتای خۆپیشانەكانەوە تا ئێستا نزیكەی 500 خۆپیشاندەر كوژراون و زیاتر لە 22 هەزار خۆپیشاندەری دیكەش برینداربوون.
ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی100 رۆژ بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق تێپەڕ دەبێت و خۆپیشاندەران بە چەندین دروشم دژی حكومەتی عیراق وەستانەوەو بەو هۆیەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەستی لەكاركێشایەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو