لیبیا بەندەرو كێڵگە نەوتیەكانی لەدژی توركیا دادەخات

  2020-01-19 11:57      284 جار بینراوە        کۆمێنت

بەهۆی چونی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە سەرپەرشتی حكومەتی توركیا بۆ وڵاتی لیبیا، هێزە سەربازیەكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردەوە بەندەرەكان و كێڵگە نەوتیەكان دادەخەن. 
ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای لیبیا (گروپێكی سەر بە خەلیفە حەفتەر)، شەوی رابردوو رایگەیاند: توركیا هێزی بە ئاڕاستەی بەندەری میسراتە جوڵە پێكردووە كە سەرجەمیان هەڵگەڕاوەكانی سوریان و فەرماندەكانیشیان توركن.
رونیشیكردەوە، لە دژی ئەو لەشكركێشییەی دەوڵەتی توركیا، گەلی لیبیا بڕیاریداوە بەندەرو كێڵگە نەوتییەكان دابخات، وەك بڕیارێك بۆ رێگرتن لە بە تاڵانبردنی خێرو بێری لیبیا.
باسی لەوەشكرد، ئەو بڕیارەی گەلی لیبیا چارەنوسسازەو پاڵپشت و پشتیوانیان دەبن لە پێناو سەرخستنی حەق بەسەر باتڵدا، ئێمە پابەند دەبین بە ئاگربەستەوە، بەڵام لایەنی بەرامبەر چەندینجار ئاگربەستەكەی پێشێلكردووە.
فائیز سەراج، سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی لیبیا سەرۆكایەتی گروپێك دەكات كە توركیاو قەتەر پشتیوانیان دەكات و چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان بۆ هاوكاریكردنی ئەو گروپەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە بردووەتە لیبیا كە هەر چەكدارێكی سوری، مانگانە (2000) دۆلاری پێدەدرێت لەلایەن توركیاو قەتەرەوە.
هاوكات خەلیفە حەفتەر وەك سەرۆكی گروپی سوپای نیشتیمانی لیبیا، رووبەڕووی گروپەكەی بەرامبەری وەستایەوەو پشتیوانی جەماوەری هەیە، بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانیەكان لە خاكی وڵاتەكەیان، ئەویش لەلایەن سەرۆكی میسرەوە پشتیوانی دەكرێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو