وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لەوەزیری بەرگری ئیتاڵیا كرد

  2020-01-21 21:08      269 جار بینراوە        کۆمێنت
وەزیری پێشمەرگەو وەزیری بەرگری ئیتاڵیا

لۆرێنزۆ گوێڕینی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری، ئێوارەی ئەمڕۆ ٢١-١-٢٠٢٠ گەیشتنە هەرێم و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  پێشوازیان لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەت و باڵیۆزی ئیتالیا لەبەغداو كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لەهەولێر و سەرۆكی ئەركانی هەردوولا و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی پلە باڵا ئامادەیبوون، گفتوگۆ كرا دەربارەی رەوشی ئێستای عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش. 
لەدەستپێكدا، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، ئاماژەی بەپەیوەندی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان كرد و وتی: خۆشحاڵین بە پەیوەندی و هەماهەنگی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، هەروەك ستایشی  قوربانیدانی پێشمەرگە دەكەین لە شەڕی دژی تیرۆردا.
وتیشی: بە ووردی چاودێری دۆخی ئێستای عێراق دەكەین، لە رەوشی ناسەقامگیری عێراق نیگەرانین و نامانەوێ لەوكاتانەدا تیرۆریستان هیچ دەرفەتێك بقۆزنەوە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند:  بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر هێشتا كاری زۆرمان ماوە بەیەكەوە ئەنجامی بدەین، بۆیە بە ئێوەی رادەگەیەنم بەشداری و پابەندبوونمان لەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێم دووپاتدەكەینەوەو بەردەوام دەبین.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند : هاتنی ئێوە لەم كاتەدا، دەرخەری ئەو راستیە، كە ئێوە وەك دۆست و هاوكاری بەردەواممان دەمێننەوە لە رووبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی  ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەكەدا.
وتیشی: هاوكاری و هەماهەنگی راوێژكاران و ئەفسەرانی ئیتالیا لە هەرێم، جێگەی  بایەخ و پێزانینی ئێمەیە، هیواشی خواست پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.
بڕیارە لەم سەردانەیدا، وەزیری بەرگری ئیتالیا لەنزیكەوە راوێژكاران و سەربازانیان لەهەرێم بەسەربكاتەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو