سەرۆك كۆمار: ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی حكومەتی فیدراڵ و ھێزەكانی پێشمەرگە دروست بكرێت

  2020-05-18 16:32      221 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆك كۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٥/١٨ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای پارێزگای دیالە، كە پێكھاتبوو لە پارێزگاری دیالە (موسەنا عەلی تەمیمی) و ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق و كەسایەتی پارێزگای دیالە و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەكە و خانەقین و گوڵاڵە و مەترسییەكانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خزمەتگوزاری پارێزگاكە گفتوگۆكرا.
لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی دروستكردنی ھەمەھانگی نێوان ھەردوو حكومەتی فیداڵی و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەكە و رێككەوتن لەسەر پێكھێنانی ژووری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەكان لە نێوان ھێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش.
ھەر لە دیدارەكەدا سەرۆك بەرھەم دووپاتیكردەوە كە لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناخۆیی عێراق قسەی كردووە تاوەكو ھەوڵەكانیان چر بكەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاكردنەوەی ناوچەكە لە پاشماوەكانی داعش و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانەی كە بەم دواییانە داعش كاری تیرۆرستی تێدا ئەنجامداوە.
سەرۆك كۆمار ئەوەشی راگەیاند كە گرنگە زوو بە زوو ھەموو ھەوڵەكان یەكبخرێت بە ئاڕاستەی كۆتایی ھێنان بە كێشەكان و خزمەتكردنی گشت ھاووڵاتیانی عێراق بێ جیاوازی.
لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری پارێزگای دیالە، شاندی میوان بە تێرو تەسەلی باسیان لە كێشە و گرفتەكانی پارێزگاكە كرد و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و خزمەتكردنی خەڵكی ناوچەكە.
لەكۆتایی دیدارەكەدا باس لە پێویستی جێبەجێكردنی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و سەلامەتی ھاووڵاتییان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو