‌ PUKNOW ورده‌كاری‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ مامۆستایه‌كی‌ ئاینی‌ له‌ پێنجوێن بە کۆرۆنا بڵاوده‌كاته‌وه‌

  2020-06-25 17:53      175 جار بینراوە        کۆمێنت
مامۆستا مەلا عەبدولەتیف پێنجوێنی

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی‌ حوزه‌یران،‌ مامۆستا مەلا عەبدولەتیف پێنجوێنی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی قازی محەمەد‌ لە قەزای پێنجوێن به‌هۆی‌ تووشبوونی‌ به‌ کۆرۆنا گیانی‌ له‌ده‌ستدا.
له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌نووش رێبین حه‌سه‌ن كه‌ ئاگاداریی‌ رووداو و پێشهاته‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ پێنجوێنه‌، له‌ لێدوانێكدا به‌ PUKNOW ی‌ راگه‌یاند، نزیكه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ ده‌بێت مامۆستا عەبدولەتیف پاش تووشبوونی‌ به‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا، له‌ پێنجوێنه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كرا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ تووشبووانی‌ كۆرۆنا.
وتیشی‌ به‌داخه‌وه‌، سه‌ر له‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ مامۆستا به‌هۆی‌ تێكچوونی‌ باری‌ ته‌ندرووسییه‌وه‌، گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌و پێیه‌ی‌ مامۆستا له‌ قه‌زای‌ پێنجوێن تێكه‌ڵاویی‌و به‌ركه‌وته‌ی‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌بووه‌، بۆیه‌ تووشی‌ په‌تای‌ كۆرۆنابووه‌. 
هاوكات یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ كۆپییه‌كی‌ ده‌ست PUKNOW كه‌وتووه‌، پرسه‌نامه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ مامۆستا عەبدوللەتیف كردوه‌و تێیدا وێڕای‌ سه‌ره‌خۆشی‌، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ مامۆستا، مەلایەکی خۆشەویستی خەڵک، وتاربێژێکی بە ئەزموون و کۆڵنەدەر بوو.  

دەقی پرسەنامەکە:

خانەوادەی بەرێز مامۆستا مەلا عبداللطيف پێنجوێنی قازی محمد
وێڕای رازیبوون بە قەدەری خوای گەورە، هەواڵی کۆچی دوایی (مامۆستا مەلا عبداللطيف پێنجوێنی)مان پێگەیشت.
مامۆستا زاناو کەسایەتیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی دەڤەری پێنجوێن بوو، لە بنەماڵەیەکی خانەدان و ناوداری پێنجوێن بوو، زانایەکی لە خواترس و صاڵح، ماندوونەناسێکی کەم وێنە، بانگخوازێکی سەرکەوتوو، مەلایەکی خۆشەویستی خەڵک، ووتاربێژێکی بە ئەزموون، کۆڵنەدەر، تێکۆشەر، غەمی بەردەوامی خزمەتی ئایین و خەڵک و خاکی خۆی بوو، بەردەوام لە بیری ڕێنمونی گەنجان و لاوان بوو بێ ماندووبوون و پسان. سەدان منداڵ و گەنج و لاو لەو دەڤەرەدا بەهرەمەندبوون لە ئامۆژگارییە جوانەکانی، لە ئەڵقەکانی قورئانی پیرۆز، لە دەرس و موحازەڕەکانی، بەداخەوە ئەمرۆ بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە زانایانی دەڤەری پێنجوێن و خانەوادەو کەس و کاری مامۆستای رەحمەتی دەکەین، لەخوای گەورە داواکارین سەبرو ئارامی بە خزم و دۆستانی ببەخشێت و جێگەی کۆچکردوو بەهەشتی بەرین بێت.

انا لله وانا الیه راجعون
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
25ی6ی۲٠۲٠

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو