لەدیدارێكی تایبەت بۆ (PUKNOW) سەبارەت بەلەشكركێشییەكانی توركیا
د.ئاكۆ شوانی: ئەردۆگان زۆربەی هاوپەیمانەكانی لەدەستداوەو ئەو گەمەیەی دەیكات زۆر ناخایەنێت

  2020-07-05 18:01      140 جار بینراوە        کۆمێنت

سەبارەت بەلەشكركێشی و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەستێوەردانەكان و ئامانجی توركیا لەم كارانەی و بێدەنگیی نێودەوڵەتی لەئاست سنووربەزاندن و پێشێلكارییەكانی توركیا، (PUKNOW) دیدارێكی تایبەتی لەگەڵ د.ئاكۆ شوانی مامۆستای زانكۆ ئەنجامدا، كەئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی...
بەشی دووەم...
- بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەستدرێژی كردنە سەر سەروەری خاك و هەر وڵاتێكی دیكە رێگەپێنەدراوەو نایاساییەو تاوانە، بۆچی لەبەرامبەر ئەم كارانەی توركیا ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتووەكان و بەگشتی جیهان بێدەنگن؟
* ساڵی 2001 ئەردۆگان بەپشتی ئەوروپا هاتە دەسەڵات ئەوان لەسەر ئەو ئەساسە هێنایان كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەتوركیادا بكات، مەسەلەی كوردو یۆنان و ئەرمەنی و مەسەلەی دیموكراسییەت چارەسەربكات، ئەوان لەسەر رۆشنایی بەڵێنەكانی ئەردۆگان هێنایان دەسەڵات، بەڵام ئەم وڵاتە لەساڵی 1923وە پەروەدەیەكی شۆڤێنی كراوەو ناتوانێت وازی لێبهێنێت، سەرەتا كۆمەڵێك كاری كرد بۆ نموونە ئەردۆگان داوای لێبوردنی لەناوچە عەرەبنشینەكان و ناوچەی زازا كرد كەكاتی خۆی كوردانی دەرسیم لەساڵی 937 بەكیمیایی لێیان دراوە، بەڵام دیسان گەڕایەوە بۆ پەروەردە شۆڤێنییەكەی و دواتر لەسەر ئەو كارانەی بۆی دەركەوت كەئەوروپا وەریناگرێت و بەئاسانیی گەمەكە دەدۆڕێنێت بە مەهەپەو جەهەپەو حزبەكانی دیكە بەرەبەرە هەستا دۆرانیزمی تێكەڵ بەو فكرە ئیسلامییەی خۆی كرد، چونكە ئەردۆگان خوێندكاری نەجمەدین ئەربەكانەو خۆی یەكێك بووە لەوانەی لەعەبدوڵڵا گولەنەوە نزیكبووەو ئەوكات ئەردۆگان بەپشتگیری گولەن بووە والی ئیستانبوڵ، گولەن كردییە ئەوەی كەئێستا هەی، بەڵام دواتر پشتی لەهەمووان كرد، بەتایبەت دوای كودەتاكەی مانگی تەمموزی 2016، كە تائێستاش ئەوروپاییەكان ئەمەیان بەسیناریۆ دەزانن، ئەردۆگان كاتێك ئەو شتەی لەتوركیاكرد لەمانگی 7ی 2016 بۆ ئەوە بو پاكتاوی هەموو ئەوانە بكات كە لەنێو سوپاو دامودەزگای توركیادا لەگەڵ ئاكپارتی نین پاكتاو بكات، ئێستا هەوڵدەدات هەموو ئەمانە لەسەر خۆی لابەرێت.

لەئێستادا ئەردۆگان ترسی هەیەو پارتەكەی لەبەریەك هەڵوەشاوە

 بۆ نموونە دەستكاریكردنی دەستووری توركیا بۆ گۆڕینی لەوڵاتێكی پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، ئەمە وایكردووە تەواو واقعی سیاسی ئەو وڵاتەی گۆڕیوە، ئێستاش ئەردۆگان ترسی هەیە نەك تەنها لەكوردەكان و هەدەپە، بەتایبەت ئێستا عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغلۆ پارتیان دروستكردووەو ئاكپارتی دوو پارچەی لێبووەتەوە، ئەمانە هەمووی ترسی لای ئەردۆگان دروستكردووەو دەترسێت لەهەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی تەواو نەهێنێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و سەرۆكایەتی توركیا، چونكە ئەردۆگان ئامادەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، لەئێستادا ئەردۆگان سەرقاڵی دروستكردنی هێزێكە بەناوی (پاسەوانی گەڕەك) هاوشێوەی ئەوەی لەسوریا هەبوو، ئەمە بۆخۆی میلشیایەكە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و زیاتر هەوڵدەدات خەڵكانی بێ ئیشی سەر بەئاكپارتی چەكدار بكات و مانگانەی پێبدات و سبەی شەڕی كۆڵان بەكۆڵانیان پێبكات.

سەرۆك كۆماری میسر هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی لەتوركیا دەكات

 ئەردۆگان كۆمەڵێك كێشەی وروژاندووە لەوانە مەسەلەی پەكەكە، مەسەلەی رۆژئاوای كوردستان و مەسەلەی گەڕان بەدوای نەوت لەكەناراوەكانی قوبرسدا، بەهەمانشێوە مەسەلەی قوبرسی توركی و قەتەر كەئەمە كێشەی گەورەی دروستكردووەو بنكەیەكی گەورەی لەقەتەر داناوە، هەرچەندە ئەمریكییەكان گەورەترین بنكەیان لەقەتەر هەیە، بەڵام بێدەنگن، لەهەمانكاتدا مەسەلەی دەستێوەردان لەلیبیا، ئەمەش كاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی لێكەوتەوە بەتایبەت لەچەند رۆژی رابردوودا عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر بەئاشكرا وتی نزیكبوونەوەی هێزەكانی فائز سەراج كەلایەنگری توركیایە لەشاری سەرد خەتی سوورە بۆ میسر، چونكە میسر هەزار كیلۆمەتر زیاتر سنووری لەگەڵ لیبیا هەیە، بەئاشكرا وتی دەستێوەردانی سەربازی دەكەین ئەگەربێت و سەرج بەرەو ئەو ناچانە زیاتر بێتە پێشەوە، هۆكارێكی تر بۆ ئەم كارانەی ئەردۆگان ئەوەیە مەسەلەی ئەو داڕمانە ئابوورییەی توركیا تووشی بووەو لەهەمانكاتدا بەهۆی كۆرۆناوە تووشی هاتووە، چونكە توركیا 12یەمین وڵاتە لەڕێژەی تووشبووان بەكۆرۆنا، ئەمە لەكاتێكدا توركیا دوای یەك مانگ لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە ئاشكرایكرد، كەبێگومان زۆر پێشتر ڤایرۆسەكە تێیدا بڵاوبووەوە، ئەویش دوای ئەوەی ناچاربوو ئاشكرایكرد، چونكە ئیسرائیل یەكەم حاڵەتی تووشبوونی ئاشكراكرد ئەویش گەشتیارێك بوو لەتوركیا گەڕابووەوە.

توركیا كێشەی زۆری هەیەو دەیەوێت بەم پەلامارانە خەڵكەكەی سەرقاڵ بكات

 واقعی ئەم وڵاتە بەشێوەیەك تێكچووە كە پێویستی بەوەیە قەیرانێك دروستبكات بۆئەوەی خەڵكەكە سەرقاڵ بكات لەنەبوونی دیموكراسییەت و هەبوونی دیكتاتۆری و دزینی نەوت و نەبوونی مووچە، ئەمانە هەمووی هۆكاری ئەوەن ئەردۆگان خەڵكەكەی بەكێشەی دیكەوە سەرقاڵ بكات، هاتنە ناوەوەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بۆئەوەیە دەیەوێت خۆی دەرباز بكات لەكۆمەڵێك قەیران، كێشەیەكی دیكە ئەوەیە دوای ئەوەی توركیا لەسودان بنكەی دانابوو، بەڵام لابردنی عومەر بەشیرو هاتنی ئەم سەرۆكەی ئێستا كەكەسێكی تەكنۆكرات كەسێك دیارە یەكەم ئیشی ئەوەبوو كە وا بەهەموو جۆرە رێكەوتنەكانی لەگەڵ توركیا هەڵوەشاندەوە.

توركیا لەناتۆش كێشەی گەورەی بۆ دروستبووە

 توركیا لەم كاتەدا كەتووشی ئەم هەموو قەیرانە بووە هەستا سیستەمی بەرگری ئێس 400ی لەڕوسیا كڕی، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بەئەمریكییەكان بڵێت ئەگەر پشت بكەنە توركیاو دیفاكتۆیەك بۆ كوردەكان لەڕۆژئاوا دروستبكەن من دەچمە باوەشی روسیاوە، بۆخۆی ئەوەش كێشەیەكی دیكەی بۆ توركیا دروستكردووە، چونكە توركیا ئەندامی ناتۆیەو یەكێك لەبڕگەكانی هاوپەیمانی ناتۆ ئەوەیە كەهیچ ئەندامێكی ناتۆ بۆی نییە لەهیچ هاوپەیمانێتییەكی دیكەدا بێت و چەك لەهیچ هێزێك بكڕێت، لەكاتێكدا دوای كڕینی ئەو چەكانەش لەڕوسیا، بەڵام دەبینین چ سووكایەتییەك بەئەردۆگان دەكرێت كەدەچێت بۆ سەردانی پوتن، بەداخەوە ئێمە بووینە گەمەیەك لەنێوان زلهێزەكانداو توركیا دەیەوێت سوود لەم واقعە وەربگرێت، بەتایبەت ئەمڕۆ ئەمریكا لەسایەی سیاسەتە ناڕوونەكانی ترەمپەوە تووشی واقعێك بووە كە مەزەندەكردن و خەمڵاندنی ئەوەی ترەمپ بەتەمای چییە زۆر قورسە، چونكە كەسێكە تێی ناگەیت ئایا دەزگا باڵاكانی ئەمریكا بۆ گەمەیەكی خۆیان هێناوە یان نا.

ئەردۆگان زۆربەی هاوپەیمانەكانی لەدەستداوە

 كێشەیەكی دیكە ئەوەیە كە لەئێستادا رێژەی بێكاری خەریكە دەگاتە (15%) لەمكاتەداو دوای كودەتاكەی 2016 ئەردۆگان زیاتر لە250 هەزار كەسی سەربازی و مەدەنی لەوەزارەتەكانی حكومەت دوورخستووەتەوەو ناردوونییەتەوە ماڵەوەو كەوتووەتە پاكتاوكردنی ئەو دامودەزگایانەی كەگومانی ئەوەی هەیە لایەنگری ئاكپارتی نین و گوێڕایەڵی نین، ئەردۆگان زۆربەی هاوپەیمانەكانی لەدەستداوە ئەوە ئێستا لەگەڵی ماوەتەوە مەهەپەیە كە لە(11% بۆ 12%)ی زیاتر لەكورسییەكان بەدەستناهێنێت. قەیرانەكانی ناو توركیا زۆر قووڵن قەیرانی ئابووری، كۆرۆنا، ئەو هەموو ئاژاوەیەی لەتوركیا دروستبووە، كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبی لەدژی توركیا بۆ مەسەلەی لیبیا.

ئەو گەمەیەی ئێستا ئەردۆگان دەیكات زۆرب ناخایەنێت

 ئەردۆگان دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی دروستبكاتەوە، بەشێوەیەك خۆی دەكات بەداكۆكیكار لەمەسەلەی فەلەستین، لەكاتێكدا توركیا لەهەشتاكانەوە گەورەترین هاوكاری موسادی ئیسرائیلی كردووە لەڕێگەی میتی توركییەوەو توركیا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووەو نزیكبووە لێیەوە، بەڵام لەئێستادا هاوكاری بۆ غەززە دەنێرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بڵێت من هاوكاری ئیسلامم و وەك جێگرەوەی سعودیە بۆ دەربخات، كەپێشتریش هاوكاری سعودیە بووەو لەمەسەلەی كوشتنی خاشقچی پارەیەكی زۆری لەسعودیە وەرگرت بۆ كپكردنی ئەو تاوانە.
بەڕای من ئەو گەمەیەی ئەردۆگان دەیكات لەتوركیادا زۆر ناخایەنێت و لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەپێی زۆربەی لێكدانەوەكان (37%)ی دەنگەكان ناهێنێت، توركیا یان تووشی ئاژاوەو كێشی ناوخۆیی دەبێت یان تووشی چارەنووسێكی زۆر خراپ دەبێت.
ئەو رۆڵەی ئێستا پەكەكە دەیگێڕێت لەباكوورو رۆژئاوای كوردستان لەچاوی هەموو كوردێكی شەرەفمەنددا وەك هێزێكی داكۆكیكار لەكوردبوون و مانەوەی كورد ئەژماردەكرێت، خیانەتكردن لەپەكەكە پێموایە بەهەموو تێڕوانین و بۆچوونێك وەكو پارتێكی باكوور لەبەرەژوەندی هیچ پارتێكی كوردیدا نییە، كە بەخۆشحاڵییەوە یەكێتی و دەڤەری سلێمانی بەشێك نین لەنەیارانی پەكەكە.

دیدارو ئامادەكردنی: رەنجدەر بەهادین


 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو