بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ درووشمگه‌لێكی‌ نه‌ژادپه‌رستانه‌ بوو
‌ هێزێكی‌ عیراقی‌ هه‌ڵده‌كوتێته‌سه‌ر باره‌گایه‌كی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌كه‌ركوك

  2020-07-08 17:06      198 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمه‌نێك له‌سه‌ر پردی‌ خه‌باتی‌ كه‌ركوك( وێنه‌كه‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌ PUKNOW)

شه‌وی‌ رابردوو، سێشه‌ممه‌ 7ی‌ ته‌موز، هێزێكی‌ عیراقی‌ هه‌ڵیكوتایه‌سه‌ر باره‌گایه‌كی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌‌و داوای لێكردوون‌  ئه‌و درووشمه‌ تایفگه‌رایی‌‌و نه‌ژادپه‌رستیانه‌ی‌ سه‌ر دیواری‌ باره‌گانیان بسڕنه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ببنه‌مایه‌ی‌ درووستبوونی‌ كێشه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی‌ شاره‌كه‌دا.
له‌و باره‌یه‌وه‌ دوو سه‌رچاوه‌ی‌ جیاواز له‌ناو شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری‌ ره‌وشی‌ شاره‌كه‌ داوایان كرد ناوه‌كانیان بڵاونه‌كرێنه‌وه‌، له‌ دوو لێدواندا، به‌ PUKNOW یان راگه‌یاند، شه‌وی‌ رابردوو هێزێكی‌ عیراق، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر باره‌گای‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌ نزیك ژووری‌ بازرگانی‌ كه‌ركوك، به‌مه‌به‌ستی‌ سڕینه‌وه‌ى دروشمگه‌لێكی‌ نه‌ژاد په‌رستانه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌سه‌ر باره‌گاكانی‌ نوسیوونی‌، له‌ یه‌كێك له‌و درووشمانه‌دا نووسراوه‌" كه‌ركوك توركمانیه‌‌‌، بۆ هه‌میشه‌ش به‌ توركمانی‌ ده‌مێنێته‌وه‌".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی‌ داتاكانی‌ تایبه‌ت به‌ فۆڕمی‌ خۆراك زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی‌ كه‌ركوك كوردن، له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردووی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقیشدا زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌په‌رله‌مانتارانی‌ كورد دراوه‌، هاوكات له‌ شاره‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ عه‌ره‌ب‌و كلدۆ ئاشووریش ده‌ژین.
ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ روونیانكرده‌وه‌،‌ دوای‌ گه‌یشتنی‌ هێزه‌كه‌ی‌ عیراق بۆ باره‌گای‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌و درووستبوونی‌ جۆرێك له‌ گرژیی‌، ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌‌و په‌رله‌منتاری‌ عیراق و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تری‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ عیراق قسه‌یان كردووه‌و داوایان كردووه‌ ره‌وشه‌كه‌ ئارام بكرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌ دوای‌ ماوه‌یه‌ك هێزه‌كه‌ شوێنه‌كه‌یان جێهێشتووه‌و به‌ به‌رپرسانی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌بێت خۆیان ئه‌و نووسینانه‌ی‌ سه‌ر باره‌گانیان بسڕنه‌وه‌.
دوو سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌یان به‌بیرهێنایه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ درووشمه‌ نه‌ژادپه‌رستییانه‌ی‌ كه‌‌ له‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ باره‌گاكانی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌ كه‌ركوك نووسراون، نوێ نین‌و ساڵانێكه‌ نووسراون، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا نه‌سڕاونه‌ته‌وه‌و لانه‌براون‌ كه‌ كورد زۆربه‌ی‌ جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاره‌كه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌.
باسیان له‌وه‌شكرد تا ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ش ئه‌و درووشمانه‌ نه‌سڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق بیانسڕێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ كارێكی‌ باش كه‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كازمی‌ هه‌ژمارده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و درووشمانه‌ له‌دژی‌ بنه‌مای‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ كه‌ركوكن‌.

ئاماده‌كردنی‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌‌

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو