سەرۆك كۆمار جەختی لەڕاگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا كردەوە

  2020-07-08 20:39      117 جار بینراوە        کۆمێنت
لایەنێك لەكۆبوونەوەكە

لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك لە باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبیدا، سەرۆك كۆمار جەختدەكاتەوە لەگرنگی پشتیوانی لە عێراق بۆ راگرتنی پێشلكارییە سەربازییەكانی توركیا.
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/٨ لەكۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری بونیادنەر لە تەواوی بوارەكان، بەجۆرێك زامنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش بكات.
ھەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری پرۆژەیەكی نیشتیمانییە كە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق دەپارێزێت، ھەروەھا ئاماژەشیكرد بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق كۆڵەكەییەكی گرنگە بۆ ئارامی ناوچەكە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار دووپاتی لەوە كردەوە كە عێراق دەوڵەتێكی خاوەن كاریگەرییە لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیھان، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەرنەدەنە كاروباری ناوخۆیی لە پێناو بونیادنانی پەیوەندییەكی بەھێز 
لەسەر لێكگەشتنی هاوبەش.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی پشتیوانیكردنی كاروانی چارەسەری ئاشتییانە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكەدا، بەجۆرێك ببێتەمایەی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گشت وڵاتانی ناوچەكە، سەرۆك بەرھەم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ناكرێت عێراق ببێتە بەشێك لە سیاسەتی جەمسەرگیری.
ھاوكات ئەوەشی گوت عێراق پەرۆشی سەنگی پێگەكەیەتی لە ناوچەكەدا لە سۆنگەی مێژووی و دێرینی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، كاری جددیش دەكات بۆ ئەوەی ژینگەیەكی ئارام بێتە كایەوە كە بەرژوەندی و ئامانجی هاوبەش بەیەكەوە گرێ بدات، كە لەو رێگەیەوە پێشكەوتن و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە بێتەكایەوە.
سەرۆك بەرهەم جەختیكردەوە لە پێویستی راگرتنی پێشلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، كە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی ناوچەكە، ھەروەھا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی دۆست و كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی كرد لە پشتیوانی عێراق بەرامبەر  پێشلكارییە بەردەوامەكانی توركیا و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە عێراق دا.
سەرۆك كۆمار تیشكی خستەسەر ئەوەی كە پێویستە كار و هەماهەنگی هاوبەش ئەنجام بدرێت لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە سنوورییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بە رێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆی جددی و هەماهەنگی هاوبەش.
لە لای خۆیانەوە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی عێراق دووپاتكردەوە لە بارەی پارێزگاریكردن لە سەروەری و خاكەكەی بەرامبەر بە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی، دووپاتیشیان كردەوە لەسووربوونی وڵاتەكانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و هەماهەنگیەكانیان و لە بارەی چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش ووتوێژ كرا.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو