ئەنجومەنی وەزیران لەسەر قۆناغی دووەمی بایۆمێتری و گرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵی كۆبۆوە

  2020-07-08 20:57      97 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوەو دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری پەسەندكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/٨ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوەو لە دەستپێكی كۆبوونەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران راپۆرتێكی دەربارەی پڕۆگرامی بایۆمێتری خستەڕوو كە تیایدا بە زانیاریی و وردەكارییەوە باسی قۆناغەكانی سیستەمەكە و ئامانج و دەرەنجامەكانی سیستەمی بایۆمێتری كرد كە پڕۆژەیەكی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێك بێت بۆ تۆماری بایۆمێتری مووچەخۆران.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری پەسەندكرد بە ئاراستەی بەرجەستەكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی حكومەت و فراوانكردنی پڕۆگرامەكە تا بوارەكانی دیكەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێكی سەرەكی بۆ جێبەجێكردنی كردارەكی چاكسازی و بە ئەلیكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و هێنانەكایەی شێوازێكی نوێی چالاك بۆ حكومەت و حوكمڕانی درووست.
دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كەرتی كشتوكاڵی خستەڕوو لەوانە ڕێكخستنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان كە بە جۆرێك بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی كشتوكاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانكردن وبەكارهێنانی زەوی كشتوكاڵی بۆ مەبەستی ناكشتوكاڵی. لە تەوەرێكی دیكەشدا پلانی وەزارەتەكەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەكانی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی كشتوكاڵی لەگەڵ كەرتی تایبەت وەك سەرچاوەیەكی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە كۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی راسپاردەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەو بوارانەدا.

لە تەوەرێكی دیكەشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەكانی (كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، شارەوانی وگەشتوگوزار، داد)ی ڕاسپارد بۆ پەلەكردن لە ڕاییكردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی كە خاوەنی گرێبەستی كشتوكاڵین و مافی یاسایی قەرەبووكردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە پشتڕاستكراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا كارپێكراوەكان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو