ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان شەش بڕیاری نوێ دەردەكات

  2020-07-11 15:07      136 جار بینراوە        کۆمێنت

ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ئیدارەی گەرمیان چەند بڕیارێكی نوێی بۆ بەڕەنگاری كۆرۆنا دەركرد.
ئەمڕۆ شەممە11-7-2020، ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی ئەندامانی لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی دەركرد:
1-دەوامی فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە سبەینێ (12-7-2020) وە بە لەبەرچاوگرتنی خۆپارێزی و شێوازی تەناوبی دەوام بەڕێژەی 30% ی فەرمانبەران دەستپێدەكات و هەفتانە لە رۆژی یەكشەمە تا چوارشەممە دەوام دەكرێت، هەر هاوڵاتیەكیش كە سەردانی فەرمانگەكان دەكات رێكاری خۆپارێزی نەگرێتەبەر مامەڵەكەی رایی ناكرێت.
2-كردنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و ماركێت و كافتریا و چێشتخانە و چایخانە و هۆڵەكانی لەشجوانی و مەلەوانگە و سەرجەم شوێنی كارەكان، بە گرتنەبەری رێكاری توندی خۆپارێزی، هەر شوێنێكیش خۆپارێزی نەكات دادەخرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەكانی چاودێری تەندروستی و قایمقامیەتەكان چاودێری ورد دەكەن.
3-مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان و پرسە و هۆڵ و جێگای بۆنەی كۆمەڵایەتی بە داخراوەیی دەمێننەوە.
4-هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاكانی عیراق و مەرزی پەروێزخان، بە داخراوەیی دەمێنێتەوە.
5-دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قایمقامەكان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سنوری یەكەی ئیدارییان بڕیاری زیاتر دەربكەن.
6-ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنورەكە دەكات بارودۆخی مەترسیداری گەرمیان لەبەرچاوبگرن و خۆپارێزی بكەن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان و هاوڵاتیان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو