روونكردنەوەیەك لە ئیدارەی گەرمیانەوە بۆ رای گشتی

  2020-07-12 13:48      90 جار بینراوە        کۆمێنت

ماوەی چەند رۆژێكەو لەگەڵ زیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) لە سنوورەكە، هەڵمەتێكی رێكخراو و بەمەبەست لەسەر ئیدارەی گەرمیان دەستی پێكردووە كە گوایە ئیدارەی گەرمیان لەئاست بارودۆخەكە كەمتەرخەمەو نەیتوانیوە ئیدارەی دۆخەكە بدات، بۆیە بە پێویستمانزانی ئەم روونكردنەوەیە بۆ رایگشتی بخەینەڕوو.
1.لایەنی بەرپرسی فەرمی بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی كۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانەو ئیدارەی گەرمیان و بەڕێز سەرپەرشتیارەكەی ئەوپەڕی پشتیوانی بەڕێوەبەرەكەی كردووە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتەكانی سنوورەكەی راسپاردووە هاوكاری تەواو و هەماهەنگ بن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان.
2.لە رۆژی (23-6-2020) بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە كەموكورتیەكانی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە كۆرۆناو كار نەكردن بە ئامێرەكانی، بە ژمارە (1418) نوسراومان ئاراستەی فەرمانگەی داواكاری گشتی لە گەرمیان كردووە، داوامان كردووە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بدرێتە دادگای تایبەتمەند.
3.جگە لەو بڕە پارانەی كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان تەرخانكراوە، حكومەتی هەرێم كۆی ئەو بودجەیەی تەرخانیكردووە بۆ بەرنگاربوونەوەی كۆرۆنا بۆ ئیدارەی گەرمیان، بڕەكەی 350 ملیۆن دینار بووە. لە روانگەی بەرپرسیارێتیەوە تەواوی ئەو بڕە پارەیە خراوەتە خزمەتی پێداویستی تەندروستی و بڕی 30 ملیۆن دینار لەو پارەیە بۆ نەخۆشخانەی قەڵا تایبەت كراوە، خەرجكردنی 250 ملیۆن دینار لە گەنجینەی گەرمیان پاكتاو كراوە و راپۆرتیش دراوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ژمارە (1422) لە رۆژی (25-6-2020). هەروەها لەو 100 ملیۆن دینارەی دیكەشی زۆرینەی زۆری خەرج كراوە بۆ رووبەڕوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەر رۆژنامەوانێك بیەوێ بۆ ئەو مەبەستە بەدواداچوون بكات وردەكاری دەخەینە بەردەست.
4. ئیدارەی گەرمیان ئاگادارە لە تەواوی كەموكورتییەكانی بواری تەدروستی لە گەرمیان، بەڵام لێرەوە رونیدەكەینەوە لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە سێ ساڵی رابردوودا، پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان دەسەڵاتیان پێنەدراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە كەموكورتی فەرمانگەكانی وەزارەتەكانی ترو نەبەستراو بە وەزارەتی ناوخۆ.
راگەیاندن و پەیوەندیەكانی ئیدارەی گەرمیان
12-7-2020

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو