حكومەتی هەرێم، نزیكەی 500 ملیۆن دیناری قەرزی جۆراوجۆری بازرگانەكانی وەرگرتووەتەوە

  2020-07-14 14:17      82 جار بینراوە        کۆمێنت

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاوەكو ئێستا نزیكەی 500 ملیۆن دینار لە‌و بازرگان‌ و كەسانە وەرگیراوەتەوە كە پێشتر قەرزیان لە حكومەت كردووە ‌و دەشڵێت، ئەو موڵكانەی وەك گرنتی لە بری قەرزەكان دانراون، ئەگەر نەفرۆشرێن دەبنە موڵكی حكومەت. 
د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، لە درێژەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تاوەكو ئێستا نزیكەی 500 ملیۆن دینار لە‌و بازرگان‌ و كەسانە وەرگیراوەتەوە كە پێشتر قەرزیان لە حكومەت كردووە، وتیشی: وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە پرۆسەیەكی یاساییە‌و هەنگاوبەهەنگاو دەكرێت. 
باسی لەوەش كرد، بانكەكانی وەزارەتی دارایی تاپۆكانیان ئاگادار كردۆتەوە ئەو موڵكانەی وەك گەرەنتی لە بری قەرزەكان دانراون، ئەگەر خاوەنەكانیان هەر ئامادەنەبوون قەرزەكان بگەڕێننەوە، ئەوا مۆڵكەكانیان دەخرێنە موزایەدەوە، ئەگەر لەوێشدا نەفرۆشرێن، ئەوا دەبنە موڵكی وەزارەتی دارایی.
یاسای چاكسازی كە لە 19 ماددە پێكهاتووە و لە 16-1-2020، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكرا و لە 1-7-2020ـەوە یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەنێوان ساڵانی 2007  بۆ 2011 هەندێ‌ك لە خاوەن كۆمپانیا و بازرگانان لە رێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بەشێك لەوانە ئامادەنین ئەو قەرزانە بدەنەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو