زانكۆی ئۆكسفۆرد قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنای لەسەر مرۆڤ بەسەرکەوتوویی تەواوکرد
2020-07-20 20:40     1533 جار بینراوە      کۆمێنت
زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنای لەسەر مرۆڤ بەسەرکەوتوویی تەواوکرد.
د.یاداشت ساڵح پزیشكی نیشتەجێی دێرین لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن و ڤاکسینەکە توانیویەتی لەگەڵ وەرگرتنی یەکەم بڕ، بەڕێژەی ٪۹۰ بەرگری لەجەستەی مرۆڤەکەدا دروستبکات و سەدی دەیەکەی تریش لەپاش وەرگرتنی دووەم بڕ، بەرگریی تەواویان بۆ دروست بووە، دەشڵێت: پێکوتەکە توانیویەتی لەماوەی ۱٤ ڕۆژدا بەرگری Humoral و لەماوەی ۲۸ٚ ڕۆژیشدا بەرگری Cellular لەنەخۆشەکەدا دروستبکات، کە دروستبوونی هەردوو جۆر بەرگرییەکە واتای هەبوونی کاریگەریی باشی ڤاکسینەکە دەگەیەنێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، دەرهاویشتە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکە لەکەسی تاقیکراوەدا بەگشتی قبوڵکراوبوون و بریتی بوون لە "تا، سەر ئێشە، ئازاری ماسولکەو بێ هێزی"، کە ئەمانیش بەچارەسەری پاراسیتۆڵ توانراوە کۆنترۆڵ بکرێن، دەشڵێت: قۆناغی داهاتوو بریتییە لەتاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەسەر ژمارەیەکی زۆرتر لە مرۆڤ، ۱۰ هەزار خۆبەخش لەوڵاتی بەریتانیا، ۳۰ هەزار لەئەمریکا، ۲ هەزار لەئەفریقای باشوورو ٥ هەزار لەبەرازیل، ئەگەر ئەم قۆناغەش بەسەرکەوتوویی ببڕێت، کە بەئەگەری زۆرەوە سەرکەوتوو دەبێت، ئەوا تەنها قۆناغی "ڕەزامەندی" وەرگرتنی دەمێنێن تا بەفەرمی لەجیهاندا بەکاربێت.
د. یاداشت روونیشیكردووەتەوە، هەنووکە ۱٤۰ ڤاکسین لەقۆناغی پێش تاقیکردنەوەو ۲۳ دانەش لەقۆناغی تاقیکردنەوەدان، بەڵام ڕەزامەندیدان بە بەکارهێنانی هەریەک لەمانه بەفەرمی رەنگە بکەوێتە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی نوێ، گرنگە ئەوەش بڵێین، ڤاکسین (یاخود پێکوتە) چارەسەر نییە، بەڵکو چارەیەکە بەکاردێت پێش تووشبوونی کەسێک بەنەخۆشی تا لەڕێی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری مرۆڤەکەوە ڕێگریی بکات لە تووشبوونی وەرگرەکە بەنەخۆشی.
بابەتی زیاتر